
بەهۆی پاشەکشەی بەردەوامی کەرتی کشتوکاڵ، بێدەنگیی حکومەت بەرامبەر بە ساغ نەکردنەوەی بەرهەمە ناوخۆییەکان (بەتایبەت سستی لە وەرگرتنی گەنم)، و سەپاندنی بارگرانیی وەک گرانیی کارەبا و باج بەسەر جووتیاراندا؛ لێژنەی تایبەتمەندی جوتیارانی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان ئەم بانگەوازە ئاڕاستەی ڕای گشتی و ڕێکخراوەکان دەکات، بۆ دروستکردنی هێزێکی یەکگرتوو لە پێناو مسۆگەرکردنی مافەکانی جووتیاراندا.
بانگەوازێک لە لایەن لێژنەی تایبەتمەندیی جوتیارانی هەولێری حزبی شیوعیی کوردستانەوە
بۆ ڕای گشتی
بۆ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
کەرتی کشتوکاڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا لە پاشەکشەیەکی بەردەوامدایە و جووتیاران تووشی نائومێدییەکی گەورە کراون. ئێمە لە لێژنەی تایبەتمەندیی جوتیارانی هەولێر، پشتگیریی تەواوی داخوازییە ڕەواکانی جووتیاران دەکەین.
مایەی داخی قووڵە کە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان خۆیان لە بەرپرسیارێتی لاداوە و بێدەنگییان هەڵبژاردووە، تا ئێستاش هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی (ئیجابی) بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان نابینین؛ بەتایبەتیش ئەو خاوبوونەوە و سستییەی لە پرۆسەی وەرگرتنی بەرهەمی گەنمدا هەیە، کە مەترسیی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاسایشی خۆراک دروست دەکات.
ئەم دۆخە خراپەی جووتیاران لە کاتێکدایە کە بارگرانیی تریان بەسەردا سەپێنراوە، وەک: گرانبوونی نرخی ئەمپێری کارەبا و زیادبوونی باج.
لە لایەکی تریشەوە، جوتیارانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە نێوان دوو بەردی ئاشدا دەهاڕدرێن و زیانی زۆریان پێدەگات.
ئێمە لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و لە ئاست بێباکی و خەمساردیی دەسەڵات بەرامبەر بەم کەرتە نیشتمانییە گرنگە، دەنگمان هەڵدەبڕین و بانگەوازی سەرجەم خوشک و برا جووتیارەکانمان دەکەین و پێیان دەڵێین: «وەرن پێکەوە ببینە هێزێکی بەرهەمهێن و یەکگرتوو، چونکە تەنیا بەو هێزە دەتوانین مافەکانمان مسۆگەر بکەین.»
لە کۆتایی ئەم بانگەوازەدا ڕایدەگەیەنین:
یەکە یەکەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و کوردستان دەخەینە بەردەم ئەم بەرپرسیارێتییە مێژووییە.
پێویستە بەپێی یاسا لێپرسینەوە لەگەڵ کەمتەرخەمەکاندا بکرێت و ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.
ئێمە لەسەر فشاری مەدەنیی بەردەوام دەبین تا بەدیهاتنی تەواوی داخوازییەکان.
تایبەتمەندیی جووتیارانی هەولێر
حزبی شیوعیی کوردستان
حوزەیرانی ٢٠٢٦
