
ڕاپۆرتی: هاوڕێ کرێکار
لەیادی ۳٨ ساڵەی تاوانی ئەنفالدا، بەشێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان نیگەرانیی خۆیان لە ئاشکرانەکردنی چارەنووسی گەورە تاوانبار "عەجاج" دەردەبڕن و گومانیان لە بێدەنگبوونی کەیسەکەی هەیە. لە بەرامبەردا، بەرپرسی ڕێکخراوێک ڕایدەگەیەنێت کە ڕێگە نادەن کەیسەکە بەلاڕێدا ببرێت، دادوەرێکیش ئاشکرای دەکات کە هێشتا لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامن.
دوای تێپەڕبوونی ۳۷ ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا و لەسەر سکاڵای چەند هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی گەرمیان، گەورە تاوانباری ئەنفال و بەرپرسی بەندیخانەی "نوگرە سەلمان"، (عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی)، لە مانگی ۷ی ساڵی ڕابردوو دەستگیرکرا. بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر کەیسەکەی ئاشکرا نەکراوە، ئەمەش نیگەرانیی لای کەسوکاری ئەنفالکراوەکان دروست کردووە.
بێدەنگبوون لە پرسی عەجاج گومانی لادروست کردووین
شێرزاد خورشید، یەکێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان کە خوشکێکی سکاڵای لەدژی عەجاج تۆمار کردووە، بە (ڕێگای کوردستان)ی ڕاگەیاند: "زۆر جێگای داخە کە زۆربەی ئەو کەیسانەی تایبەتن بە پرسی ئەنفال، بە جۆرێک پەراوێز دەخرێن کە دەبێتە جێی گومان لای ئێمە."
وتیشی: "یەکێک لەو کەیسانەی ئێستا جێگەی بایەخە، کەیسی عەجاجە؛ گەورە تۆمەتباری نێو قەڵای نوگرە سەلمان کە بە شێوەیەکی دڕندانە ئازاری ژن و منداڵانی ناو گرتووخانەکەی دابوو. هەرچەندە چەند مانگێک لەمەوبەر لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستگیرکرا، بەڵام بێدەنگی لە ئاست کەیسەکەیدا گومانی لادروست کردووین. بۆچی دادگایی ناکرێت؟ ئەی چۆن ڕێگە دەدرێت بابەتەکە بەو جۆرە ون بکرێت؟ ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کەس لە خەمی سزادانی تۆمەتبارانی ئەنفالدا نییە."
ترسمان هەیە کەیسەکە ون بکرێت
بەختیار ڕەووف، یەکێکی دیکە لەو کەسانەی خانەوادەکەی بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوون، وتی: "هەر کوردێکی دڵسۆز عەجاج دەناسێت و دەزانێت کێ بووە. ئەو کەسێکی خوێنڕێژ بوو و بە 'دێوزمەی گەلی کورد' لە قەڵای نوگرە سەلمان دەناسرا. ئەو بە توندی ئازاری کەسوکاری ئێمە و هەموو ئەو کوردە بەشەرەفانەی داوە کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیر کرابوون."
ئاماژەی بەوەش دا کە چیرۆکی زۆر لەسەر دڕندەیی ئەو تاوانبارە هەیە، کە چۆن بە کێبڵ، ئاسن، دار و بەرد خەڵکی ئەشکەنجە داوە و هەڵواسیوە. "چەندین کەس لەژێر دەستی ئەو لەناو قەڵای مەرگی نوگرە سەلمان گیانیان سپاردووە. هەرچەندە دەستگیرکردنی جێگەی دڵخۆشی بوو، بەڵام زیاتر لە ساڵێکە گیراوە و هیچ زانیارییەکی نوێمان نییە."
بەختیار ئاشکراشی کرد کە نە دانپێدانانی ڤیدیۆیی و نە هەواڵی دادگاییەکەی بڵاونەکراونەتەوە: "نازانین لە زیندان ماوە یان نا؟ بەرچاوڕوونییمان نییە. ئێمە دەمانەوێت پێش ئەوەی سزای بدەن، هەموو ئەو زانیارییانەی لێ وەربگیرێت کە لایەتی، چونکە ئەو بەرپرسی گەورەترین زیندانی مەرگ بووە."
ڕێگە نادەین کەیسەکە بەلاڕێدا ببرێت
ئەحمەد مەجید، بەرپرسی ڕێکخراوی چاودێریی کوردۆساید (چاک)، ئاماژەی بەوە کرد "تاوانبار عەجاج تەنیا یەک سکاڵای لەسەر نییە، بەڵکو لە چەندین شاری جیاوازی وەک هەولێر، سلێمانی، کەرکووک و ناوچەی گەرمیان سکاڵای یاسایی لە دژ تۆمار کراوە. لە ئێستادا کەیسەکە لە ڕێڕەوی یاسایی خۆیدایە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن."
دڵنیاییشی دایە کەسوکاری ئەنفالکراوان کە لە ڕێگەی تیمێکی پارێزەرانەوە بە وردی چاودێریی بەڕێوەچوونی کەیسەکە دەکەن و ڕێگە نادەن بە هیچ جۆرێک بەلاڕێدا ببرێت.
سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی: کەسوکارەکان پەلەیانە
ئەکرەم ساڵەح، سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لە پرسی ئەنفال، وتی: "وەک کۆمەڵەکەمان بەردەوام بەدواداچوونمان کردووە و لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان لە پەیوەندیداین. نیگەرانیی کەسوکاری ئەنفالکراوەکانیش ڕەوایە، چونکە ئەوان زەرەرمەندی یەکەمی دەستی ئەو تاوانبارەن و پەلەیانە ڕۆژێک زووتر بە سزای یاسایی خۆی بگات."
لەبەرانبەریشدا ئاسۆ قادر، دادوەری لێکۆڵینەوە لە کەیسی ئەنفال، سەبارەت بە چارەنووسی عەجاج وتی: "ئەمە تاوانبارێکی گەورەیە و چەندین سکاڵای لەسەرە، بۆیە لێکۆڵینەوەکان کاتیان دەوێت و بەزوویی تەواو نابن. لە ئێستادا کەیسەکەی لە دادگای کەرخ لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە، هەر کاتێک تەواو بوو، ڕەوانەی دادگای باڵای تاوانەکان دەکرێت بۆ دەرکردنی سزای کۆتایی."
جەختیشی کردەوە کە ئەوان لە نزیکەوە چاودێری کەیسەکە دەکەن و هەر کاتێک گەیشتە قۆناغی کۆتایی، بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنن.
کۆتایی و سەرنج
پێشینەی هەردوو حزبی دەسەڵاتداری باشووری کوردستان لە داڵدەدانی جاش، مستەشار و کاربەدەستانی ڕژێمی بەعس و ڕێگەدان بە هەڵهاتنیان، کەسوکاری ئەنفالکراوانی تووشی جۆرێک لە دڵەڕاوکێ کردووە. ئەوان دەترسن عەجاجیش هاوشێوەی تاوانبارانی دیکە (وەک نموونەی تاریق ڕەمەزانی فڕۆکەوان) لەبەر خاتری پۆست و بەرژەوەندیی سیاسی، لە دەست یاسا ڕزگار بکرێت.