
ڕێگای کوردستان
سەرنجدانی مێژووی سیاسیی عێراقی نوێ نیشانی دەدات کە لەگەڵ دامەزراندنی هەر کابینەیەکی نوێی حکومەت لە بەغدا، لایەنە کوردییە دەسەڵاتدارەکان یەکەم لایەنن کە پشتگیری و پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیران دەکەن، لە جەعفەری، مالیکی، عەبادی، عەبدولمەهدی و کازمییەوە تا دەگاتە سودانی و کابینەکەی زەیدی، هەمووان لە سەرەتادا پێشوازییەکی گەرمیان لێکراوە، بەبێ ئەوەی بزانن بەرنامەو کارنامەو پلانی چییەو چۆن هەنگاو دەنێت بۆجێبەجێکردنی مافە دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان.
بەڵام زۆری پێناچێت ئەم پەیوەندییانە دەبنە ناکۆکی و تۆمەتبارکردنی یەکتر.
پێچەوانەی دروشمە باوەکان، واقیعی ململانێکان دەری دەخات کە کێشەی سەرەکیی نێوان هەردوولا پەیوەست نییە بە ماددەی 140، پرسی خاک، دەستوور، یان باشکردنی بژێوی و ژیانی هاووڵاتیان. بەڵکو چەقی ناکۆکییەکان هەمیشە لەسەر داهاتی گومرگەکان و کۆنتڕۆڵکردنی نەوت و پشکی پارەو بەرژەوەندی حزبەکان بووە.
ئەم هاوکێشە دووبارەیە، هەمیشە لایەنە کوردییەکانی لە هاوبەشێکی ڕاستەقینەی حوکمرانییەوە لە بەغدا، گۆڕیوە بۆ لایەنێکی ناڕازی کاتێک بەرژەوەندییە داراییەکانیان دەکەونە مەترسییەوە.
ئەم سیاسەتە بازرگانییە وایکردووە کێشە نیشتمانی و نەتەوەییە بنەڕەتییەکان هەمیشە پاشکۆی کۆمپانیاکانی نەوت و دەستکەوتە تایبەتەکانی حیزب بن، خەڵکیش باجی ئەم ململانێ داراییە بێبەرهەمە بدات.
دواجار پەیوەندیی حیزبەکان لەگەڵ زەیدیش لەسەر نەوت و داهاتی گومرگ تێکدەچێت و پیرۆزباییەکان دەبنە ململانێ و تۆمەتبارکردنی یەکتر.
