-١-
ئێمە ئازادین لە یادەوەرییەکان
ھەموو ڕەزی مێوەکان لە ئێمەدایە و
لەسەر پێڵوەکانمان گیای شار
پێتناڵێم:
خۆزگە وەک ڕووبار بەرەو شار ڕامانبکردایە
پێتناڵێم!
ئێمە لە گۆشتی خاکداین و .. خاک لەناخی ئێمەدایە!

-٢-
ئەوەڵی شەو لە چاوەکانتدا
لەدڵی مندا، تنۆکێکە لە ئاخری شەو
کە ھەردووکمان کۆدەکاتەوە
لەھەمان کاتژمێردا
لەھەمان شوێندا، کۆڵانی گەڕانەوە
سەردەمی سیسبوون

-٣-
دەنگت شەوانە
چەقۆ، برین، تیمار و
خەوبردنەوەیەک دێت
لە بێدەنگی قوربانییەکانەوە
کوان کەسوکارم؟
ئەوان ھاتنەدەرەوە لە ڕەشماڵی مەنفا و،
گەڕانەوە جارێکی تر وەک کەنیزە!

-٤-
وشەکان ھێشتا ژەنگیان نەگرتووە،
ئەی خۆشەویستم 
کە منت گرتە ئامێز لەو پەنجەرانەوەی
کە با ھەڵیکەندبوون..
بەردەرگای ماڵەکان و
گوناھەکان و
دڵی من تەنھا جێگەی چاوەکانی تۆی تیابویەوە و
ئێستا گۆرانی بۆ نیشتمان دەڵێم!

-٥-
ئێمە زانیمان چی شتێکە
کە دەنگی قومری دەکات بە خەنجەر بەرامبەر دەمووچاوی دوژمن و
زانیمان چی شتێکە کە بێدەنگی گۆڕستان
دەکات بە کەرنەڤاڵ و... باخچەکانی ژیان!

-٦-
شەونم و ئاگر چاوەکانت
چەنێک لێی نزیک ببمەوە گۆرانیم بۆ دەڵێن و
لەسەر باڵەکانت دەبێت بە ھەڵم بێدەنگیم و، نوێژێک
ئاھ، ناوی بنێ وەکو چۆن ناوی دەنێیت
بەڵام کە دێیت، دەموچاوی خودا دێت!

-٧-
فرمێسکەکەم لە قوڕگمدایە ئەی برای ڕێگا و
چاوم ئاگر 
خۆم ئازاد کرد لە شکایەت کردن لەبەردەم دەرگای خەلیفەکانی ئەمڕۆدا
ھەموو ئەوانەی مردن و
ئەوانەی دەمرن لەبەردەم دەرگای نیوەڕۆدا
دەستیان کردە ملم و ئەم مرۆڤەی ئێستایان لێ درووستکردم

-٨-
ئەگەر یادەوەرییەکان بھێنمەوە!
لەسەر ناوچەوانم گیای پەشیمانی دەڕوێیت و
حەسرەت بۆ شتێکی دوور و
ئەگەر خۆم بدەم بەدەست پەرێشانیەوە
ھەموو داستانەکانی کۆیلەکان دەکەم بە کوڕی خۆم و
دەنگم دەبێتە چەو لە ئاوازی بەرد

-٩-
ناوچەوانم ھیچ سێبەرێکی ھەڵنەگرتووە و
سێبەری خۆم نابینم و
من تف دەکەمە برێنێک
ئەگەر نەبێتە ھۆی ئەوەی
  ناوچەوانی شەو دابگیرسێنێت
فرمێسکەکانم شاردۆتەوە بۆ جەژن و
مردن ناو دەنێم ژیان!

-١٠-
گەورەبووم لەسەر برینێک
بە دایکمم نەوت:
چی شتێکە ئەم برینە دەکات بە ڕەشماڵ لە شەودا؟
من ناونیشان و ناوی خۆم لەدەست نەدا
لەبەرئەوە ھەزار ئەستێرەم بینی لە کراسەکەی دایکمدا

-١١-
دەبوو ئەم دوژمنانە ھەبوونایە
بۆئەوەی من و تۆ تێبگەین کە دووانەین!
دەبوو -با- ھەبووایە 
بۆئەوەی من و تۆ لەناو ڕەگی درەختدا ژیان بکەین!
ئەگەر مەسیحی لە خاچدراو گەورە نەبووایە
لەسەر عەرشی خاچ
ھەڵبەتە منداڵێکی برین وونبوو ... ترسنۆک دەمایەوە

-١٢-
وشەیەکی تر ھێشتا پێمنەوتوویت،
سێبەر لەسەر باڵکۆنەکەم مانگی داگیرکردووە و
وڵاتی من داستانە
من تیادا ژەنیارێک بووم ... ئێستا بووم بە تاڵەژێ

-١٣-
ھەوری ھاوین کە.. پشتی دۆڕاندن ھەڵیگرتووە 
ھەڵواسراوە لەسەر ڕمی سوڵتانەکان و
من خۆم کوژراو و لەدایکبووم لەشەوی تاواندا و
ئەوەتا زیاتر بە خاکەوە... نوساوم!

-١٤-
زانای ئاسەوارەکان خەریکە بە شیکردنەوەی بەردەکانەوە
دەگەڕێت بە شوێن چاوەکانیدا لەناو پاشماوەی داستانەکاندا
بۆئەوەی بیسەلمێنێت:
کە من ڕێبوارێکم لەسەر ڕێگا و  چاوم نیە!
ھیچ حەرفێکم نیە لە سفری شارستانێتدا!
من درەختەکانم دەڕوێنم، لەسەرخۆ،
گۆرانی بۆ خۆشەویستەکەم دەڵێم!

                              

دەریا عومەر کاسترۆ