ڕێگای کوردستان
شارەزایان و چاودێرانی سیاسی هۆشداری دەدەن کە پرۆسەی دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق وڵاتەکە دەخاتە بەردەم دووڕیانێکی مەترسیدارەوە.
بە بۆچوونی شارەزایان، ئەگەر سەرۆکی حکومەتی داهاتوو کاندیدی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بێت و دڵخوازی ئەمریکا نەبێت، عێراق ڕووبەڕووی دوو کێشەی گەورە دەبێتەوە.
​لەسەر ئاستی ئابووری، شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە عێراق دەکەوێتە ژێر گورزی توندی گەمارۆ ئابووری ئەمریکاوە. ئەمەش دەبێتە هۆی داڕمانی بەهای دینار لەبەرانبەر دۆلاری ئەمریکی و تێکچوونی بژێوی خەڵک و دروستبوونی ناڕەزایەتی جەماوەری کە ڕەنگە کۆنترۆڵ نەکرێت.
​لەسەر ئاستی ئەمنیش، شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ڕاگرتنی هاوکارییە ئەمنییەکانی ئەمریکا، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی مەترسییەکانی داعش و گرووپە چەکدارە هاوشێوەکانی، بەوەش سەقامگیری وڵات دەکەوێتە مەترسییەوە.
​چاودێران جەخت دەکەنەوە کە پێویستە لایەنە شیعە دەسەڵاتدارەکان ژیرانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و واز لە عینادی سیاسی و وابەستەیی هەرێمایەتی بهێنن، تاوەکو ئایندەی عێراق و خەڵکەکەی لە کارەسات بپارێزن.