بەدروشمی ( لە پێناوی گەشەکردنی ڕێکخستنەکانمان و پێگەی جەماوەری حزب) لە ڕۆژی جیهانی ژنان بەرواری ٨ی مارس ٢٠٢٥ مەڵبەندي حزبی شیوعی کوردستان لەدەرەوەی وڵات کارەکانی هەشتەم کۆنفرانسی خۆی لە ووڵاتی ئەڵمانیا دەستپێکرد.
کۆنفرانس بەئامادەبوونی سەرجەم نوێنەرانی هەڵبژێردراو لە کۆمیتە جیاوازەکانەوە و بەسەرپەرشتی هاوڕێیانی مەکتەبی سیاسی وکۆمیتەی ناوەندی پێکهات.
کۆنفرانس بەوەستانی ڕێزلێنان بۆ گیانی شەهیدان وئەو هاوڕێیانەی کۆچی دواییان کرد یادکردەوە ، دواترتیپی هونەری وهاوڕییانی ئامادەبوو بەچڕینی سرودی ئینتەرناسیوناڵ کردنەوەی کۆنفرانسیان ڕاگەیاند. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزب و ڕێنماییەکانی تایبەت بەکۆنفرانس ڕاپۆرتی متمانە پەسەندکرا و دەستەی نوێ بۆ سەرۆکایەتی کۆنفرانس هەڵبژێردران .
لەچوارچێوەی بەرنامەی بڕیاردراودا ولە کەشێکی ئازادو بەگیانی ڕەخنەی بنیتانەر،هاوڕێیان ڕاپۆرتەکانی ڕێکخستن، چالاکی و ڕاگەیاندنیان گفتوگۆ کرد و تەواوی ڕاپۆرتەکان دوای دەوڵەمەندکردنی بەسەرنج و ڕەخنەو پێشنارەکانەوە بەدەنگدانی ئاشکرا پەسەند کران.
ڕاپۆرتی سیاسی کە بەقووڵی لێکدانەوەی بۆڕەوشی سیاسی کوردستان و عێراق و جیهان دەکات، بە تێروتەسەلی گفتووگۆی لەسەرکراو پاشان بە کۆی دەنگ پەسەند کراو دوابەدوا ئەوە هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندی حزب وەڵامی پرسیاری هاوڕێیانیان دایەوە.
لەمیانەی بەرنامەی پەسەندکراوی کۆنفرانسدا، دوو پرۆسەی دەنگدانی ئازاد ودیموکراتی بەسەرکەوتووی ئەنجامدرا کەیەکەمیان بۆ هەڵبژاردنی کۆمیتەی سەرکردایەتی نوێی مەڵبەندی دەرەوە بوو . دووەم پرۆسەو کۆتا ئەرکی کۆنفرانس بریتی بوو لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەڵبەندی ڕێکخستنەکانی حزب لەدەرەوە بۆ کۆنگرەی هەشتەمی حزبمان، ئەم ئەرکەش بەسەرکەتوویی هاتە ئەنجامدان.
کۆنفرانس سەرەڕای ئەرکە پەسەندکراوەکانی کۆمەڵێك پێشنیارو بڕیاری پێویستی وەرگرت بۆ پەرەدان بەکارو چالاکی وڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگیەکان .
شایەنی ئاماژەیە کە کۆمیتەی سەرکردایەتی نوێی مەڵبەندی دەرەوە بەسەرپەرشتی هاوڕێیان (هاژە سلێمان ئەندامی مەکتەبی سیاسی و نەرمین نەجمەددین مامۆئەندامی کۆمیتەی ناوەندی) یەکەم کۆبوونەوەی خۆی گرێدا، دوای هەڵسەنگاندنێکی ووردی کارەکانی مەکتەبی پێشووی مەڵبەند وبەرزنرخاندنی ماندووبونیان، لەکەشێکی هاوڕێیانەو لەپرۆسەیەکی دیموکراسیدا مەکتەب وسکرتێری نوێی هەڵبژارد.
مەڵبەندی ڕێکخستنەکانی حزبی شیوعی کوردستان لەدەرەوەی ووڵات.