
رۆژی شەممە ٢٩-٦-٢٠٢٤ لە پێشوازی سی و یەکەمین ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی حزبی شیوعی کوردستان مەکتەبی ڕێکخستنی مەڵبەندی هەولێری حزبمان کۆڕێکی سیاسی بۆ هاوڕێ شێخ سەدیق جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی ڕێکخست.
سەرەتای کۆڕەکە بە دەقیقەیەک ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی حزب و گەل دەستیپێکرد، دواتر ڕۆشنایی خرایە سەر قۆناغەکانی تێکۆشانی شیوعییەکانی عێراق و کوردستان لە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان و ڕۆژی ٣١-٣-١٩٣٤ بە ڕۆژی دامەزراندنی حزبی شیوعی عێراق و کوردستان دادەنرێت چونکە هەر هەموویان بە هاوبەشی لە ڕیزی ئەم حزبەدا بە یەکەوە دەستیان بە تێکۆشان و خەبات کردووە.
پاشان هاوڕێ شێخ سەدیق باسی لە قۆناغەکانی دامەزراندنی لقی کوردی لە ڕیزی حزبی شیوعی عێراق و پاشان لقی و کوردستان و کۆمیتەی هەرێمی کوردستان و هەروەها لە دوای ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ یش ڕاگەیاندنی حزبی شیوعی کوردستان وەکوو پێشکەوتنی قۆناغەکە و زەرورەتێکی بابەتی و هەنووکەیی، لە ٣٠-٦-١٩٩٣ لە کۆنگرەی دووهەمی کۆمیتەی هەرێمی کوردستانی حزبی شیوعی عێراق بڕیار لەسەر ڕاگەیاندنی درا لە فۆرمی حزبێکی سەربەخۆدا.
تەئکیدی لەسەر ئەوە کردەوە ئەم حزبە وەکوو زەرورەتێکی نیشتمانی و چینایەتی ڕاگەیەندراوەو درێژە بە تێکۆشان دەدات لە پێناو داکۆکیکردن لە بەها بەرزەکانی نیشتمانی و چینایەتی و مافی هاوڵاتییان بە تایبەتی کرێکاران و جووتیاران و چینە چەوساوە و پەراوێزخراوەکان.
پاشان لە لایەن مەکتەبی ڕێکخستنی مەڵبەندی هەولێر شەرەفی ئەندامێتی بە ژمارەیەک هاوڕێی گەنج بەخشراو لەلایەن ئەندامانی دێرینی حزبەوە کارتی ئەندامێتییان پێدرا و هیوای سەرکەوتن و پشوو درێژیان بۆ خواستن لە خەبات و بە هۆشیارییەکی بەرزەوە درێژە بە تێکۆشان بدەن و ئاڵای بەرزی سووری نێونەتەوەیی بەرز ڕابگرن.

