
رۆژی شەممە، 2023/9/9 لە شاری ئامەد، لە باكوری كوردستان، هاوتا رەسول، بە نوێنەرایەتی حزبی شیوعی كوردستان، بەشداری لە كۆنگرەی یەكگرتنەوەی پارتی ئازادی كوردستان و تەڤگەری دیموكراتی كوردستان كرد و وتاری مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستانی خوێندەوە.
دەقی وتارەكە:
بەڕێزان/ لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی یەكگرتنەوەی
پارتی ئازادی كوردستان و تەڤگەری دیموكراتی كوردستان
ئەندامانی كۆنگرە
میوانە بەڕێزەكان
زۆر خۆشحاڵین كە ئەمڕۆ بەشداری دەكەین لە بەستنی كۆنگرەی یەكگرتنەوەی پارتی ئازادی كوردستان و تەڤگەری دیموكراتی كوردستان، بەم بۆنەیەوە بەناوی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان، پیرۆزبایی گەرمی بەستنی كۆنگرەكەتان لێدەكەین و هیوای سەركەوتن و بەرەو پێشچونتان بۆ دەخوازین.
بەڕێزان/ لەو كاتەی ئێوەی بەڕێز كۆنگرەی (1)ی یەكگرتنەوە دەبەستن، ناوچەكە بە قۆناغێكی هەستیار و كۆمەڵێك قەیران و پێشهاتی سیاسی و ئابوری چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دا چ لەسەر ئاستی هەرێمایەتیدا تێدەپەڕێت. ئەو قەیران و پێشهاتانەش كاریگەری لەسەر ناوچەكەی ئێمەش هەیە، پێویستە كۆنگرەكەتان خوێندنەوەیەكی واقیعبینانە بۆ ئەو بارودۆخە جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆییە بكات.
بەڕێزان/ گەلی كوردستان هەمیشە داوای ئاشتی و پێكەوە ژیانی برایانەی كردوە و بە هاوبەشی لەگەڵ نەتەوە بەڕێزەكانی تردا.
لێرەدا جەخت دەكەینەوە كە پێویستە كێشە و ناكۆكییەكان لە رێگای دیالۆگ و گفتوگۆ ئاشتی چارەسەر بكرێت، هەر ئەمەش دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی مافە رەواكانمان لە لەسەرجەم بەشەكانی كوردستان.
هیوادارین بڕیارو راسپاردەكانی كۆنگرەكەتان لە ئاستی ئەو قۆناغە هەستیارەدابێت و ببێتە فاكتەرێك بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیتان لەگەڵ سەرجەم هێزولایەنە سیاسییەكان لە پێناو بەرژەوەندی گەلەكەمان و بەهێزكردنی پڕۆسەی دیموكراسی.
لەكۆتایدا جارێكی تر جەخت لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندییەكانمان دەكەینەوە.
دووبارە هیوای سەركەوتنتان بۆ كۆنگرەكەتان دەخوازین.
لەگەڵ رێزماندا
مەكتەبی سیاسی
حزبی شیوعی كوردستان