رێگای كوردستان/ هەولێر
رۆژی شەممە 2023/4/15، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی، راگەیانراوی کۆتایی کۆنفرانسی دووەمی زیندانیانی سیاسی سەربە حزبی شیوعی کوردستان خوێندرایەوە.


دەقی راگەیانراوەكە:

    ئێمەی زیندانیانی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان بەمەبەستی خۆرێکخستنەوە ونوێکردنەوەی بەرنامەی کار وچالاکیەکانمان، لەرێکەوتی ٩ی نیسانی ٢٠٢٣، لەساڵرۆژی روخانی رژێمی بەعسی دیکتاتۆری، بەساتێک وەستان بۆ رێزلێنان لەکۆی شەهیدان و قوربانیانی گەلەکەمان، وە لە ژێر دروشمی (هەوڵدەدەین لەپێناو زامنکردنی مافە دەستوریەکان وپاراستنی مێژوی پڕ شکۆی زیندانیانی سیاسی) دووەمین کۆنفرانسی رێکخراوەیی خۆمان لەشاری هەولێر بەسەرکەوتویی گرێدا، دوو کاژێری یەکەمی کۆنفرانس وێرای میوانداری نوێنەرانی حزب ورێکخراو وحکومەت وکەسایەتیە بەرێزەکان وپێشکەشکردنی وتار وبروسکە بەنرخەکانیان، وە دوای خوێندنەوەی وتاری مەکتەبی سیاسی و دەستەی ئامادەکاری کۆنفرانس، پانێلێکی چر وپر لەزانیاری نوێ لەلایەن (٣)سێ چالاکەوانی نیشتیمانپەروەری شارەزاوە بۆ (٣)بابەتی پەیوەندیدار بە دۆسیەی زیندانیانی سیاسیەوە پێکەشی ئامادەبوان کرا، وە دواتر ئەندامانی کۆنفرانس کەلە (٧٥)زیندانی سیاسی نوێنەری مەڵبەند وشارەکانی هەرێمی کوردستان وکەرکوک وخانەقین پێکهاتبوون تا ئێوارەی هەمان رۆژ بەردەوام بوون، وە بە پێشکەشکردنی راو بۆچون وسەرنجەکانیان راپۆرتی کۆنفرانسیان دەوڵەمەند کرد و بەشداری راستەوخۆیان کرد لە دارێژانی بەرنامەی کار وچالاکی داهاتومان وهەروەها بە کۆی دەنگی کۆنفرانس بریاردرا بۆ دامەزراندنی رێکخراوێکی تایبەت بۆ زیندانیانی سیاسی سەربە حزبمان بەناونیشانی (ماف و ئازادی بۆ زیندانیانی سیاسی)، وە (٧) زیندانی سیاسی چالاک و شارەزای بواری کاری رێکخراوەیی هەڵبژێرران بۆ دەستەی کارگیری ئەو ریکخروە وئەرکی رێکخستنی بەرنامە وپرۆگرام وتۆمارکردن وچالاک کردنی رێکخراوەکەیان پێ سپێردرا.

 شایەنی باسە کۆنفرانس بە وردی وەستا لەسەر کەمو کورتیەکانی جێبەجیکردنی مافە دەستوریەکانی زیندانیانی سیاسی کوردستان و بریار درا بە بەرپاکردنی زۆرترین چالاکی هەمەجۆر لەرێگەی رێکخراوەکەمان وبەهەماهەنگی هەموو ئەو هیز ورێخراو ولایەنانەی هاورا وهاو مەبەستن لەگەڵمان بەرەو چەسپاندنی مافە دەستوریەکانی زیندانیانی سیاسی کوردستان و پاراستنی سەروەری ومێژووی پرشکۆیان، وە بەمەبەستی کۆکردنەوەی زۆرترین هێزی کاریگەر لەدەوری دروشم وچالاکیەکانمان داوا لە هاورێیانی زیندانی سیاسی شیوعی دابراو بەهەر هۆیەک بوبێت دەکەین  لەدەوری رێکخراوەکەمان کۆببنەوە وبەشداربن لەکار وچالاکیەکانمان ورۆلی کاریگەری خۆیان بگێرن بۆ دەستەبەرکردنی مافە رەواکانی زیندانیانی سیاسی کوردستان.

   لەکۆتاییدا بەشیاوی دەزانین رێز و پێزانینمان دەرببرین بۆ هەموو ئەو بەرێزانەی هاوکار وسپۆنسەری کۆنفرانسەکەمان بوون لەگەڵ ئەو بەرێزانەی بەدەنگ میوانداریمانەوە هاتن وبەشداریان کرد لە کردنەوەی کۆنفرانسدا، بەرز وبەرێزتر بێت تێکۆشانی ماندونەناسانەی زیندانیانی سیاسی شەکاوەتر بێت ناو ناوبانگی پرشکۆیان.

 

دەستەی دامەزرێنەری رێکخراوی

ماف و ئازادی بۆ زیندانیانی سیاسی

١٥/٤/٢٠٢٣  هەولێر