​دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاند، پیلانی تیرۆرکردنی عەبدولکەریم بەسری، سەرۆکی دەزگاکەیان لە بەغدا پوچەڵکردووەتەوە. 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دەزگاکە، ئەم پیلانە تیرۆرستیە ئامانجی تەنها سەرۆکی دەزگاکە نەبووە، بەڵکو وتەبێژی فەرمی دەزگاکە و بەڕێوەبەری ئاسایشی بەغدا و ژمارەیەک ئەفسەری دیکەش ئامانجی سەرەکی پیلانەکە بووە.

​دەزگاکە ئاشکرایکردوە کە ئەو شانە تیرۆرستیەی لە پشت ئەم پیلانەوە بوون، سەر بە (بەرەی نیشتمانی عێراقی بۆ ڕزگاری و گۆڕانکاری) بووە، کە یەکێکە لە ڕووکارەکانی حزبی بەعسی قەدەغەکراو. 

بەپێی زانیارییەکان، ئەندامانی ئەم شانەیە قۆناغی هاندان و هەڕەشەکردنیان تێپەڕاندبوو و دەستیان بە قۆناغی دیاریکردنی ئامانجەکان و دابینکردنی چەک بۆ جێبەجێکردنی کردەوەکە کردبوو. 
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێکردووە، لە کۆتاییدا، هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانی توانییان پیلانەکە ئاشکرا بکەن و شوێن پێی ئەندامانی شانەکە هەڵبگرن و بەر لە جێبەجێکردنی کردەوەکە، سەرجەم تۆمەتبارانی پەیوەندیدار دەستگیر بکەن.

وتاری نووسەران