ڕێگای کوردستان

​بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ متمانەدان بە کابینە وەزارییەکەی عەلی زەیدی کۆببێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەردوو حزبی شیوعی عێراق و کوردستان گومان و هۆشداریی توند سەبارەت بە سەرکەوتنی ئەو کابینەیە دەخەنە ڕوو.

​ڕائد فەهمی، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق، چەندین جار جەختی لە سەر کردووەتەوە کە هەر حکومەتێک لەسەر بنەمای پشکپشکێنە پێکبهێنرێت، توانای چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسی، ئەمنی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی وڵاتی نابێت و ناتوانێت کۆتایی بە گەندەڵی و دیاردەی چەکداری بهێنێت.
​لەم چوارچێوەیەدا، ئەبو کاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، هەفتەی ڕابردوو ڕەخنەی توندی لە پێکهاتەی حکومەتی داهاتوو گرت و ڕایگەیاند، ئەم کابینەیە جێگای ئومێدی کەس نییە، چونکە هەمان ئەو هێزانە پێکهێنەری دەبن، کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەرپرسیار بوون لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی پشکپشکێنە. ئەبو کاروان ووتیشی، حکومەتێک کە لەسەر هەمان بنەما و بەرنامەی کۆن بونیاد بنرێت، ناتوانێت گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە ژیان و گوزەرانی خەڵکدا دروست بکات.