ئینگلتەرا تا خولەكی 95 لە دوای سلۆڤاكیاوە بوو، بەڵام بەهۆی گۆڵە سەرنجڕاكێشەكەی جود بێلینگهام لە شكست ڕزگاری بوو، وە گۆڵەكەی هاری كەین لە كاتی زیادكراودا سەركەوتنی بۆ بەدەستهێنان.

بێلینگهام بۆ یەكەمجار باسی ئەزموونی خۆی لەو گۆڵە ناوازەیە كرد و خۆی بەراورد كرد بە یەكێك لە ئەفسانەی جیهانی تۆپی پێ كە ئەویش كریستیانۆ ڕۆناڵدۆیە.

جود لەو بارەیەوە وتی: تۆپەكە لە پشتمەوە بوو، كاتێك لە هەوادا بازم دا بۆ ئەوەی تۆپەكە لێبدەم لە دڵی خۆمدا گوتم ئای خوایە گیان من وەك ڕۆناڵدۆ دوو مەتر لە هەوادا بازمداوە.

ئەستێرەكە باسی لەوەشكرد، كاتێك سەیری ڤیدیۆی گۆڵەكەی كردوەتەوە، تێگەیشتووە زۆر بەرز نەبوەتەوە و بەڵكو دەستێكی لەسەر زەوی بووە، بەڵام گۆڵەكەی زۆر جوان بووە و یەكێك بووە لە گرنگترین گۆڵ و ساتەكانی ژیانی.

سەبارەت بە تۆپەكەی پێش گۆڵەكە و لێدانە سەرەكەی مارك گویهی، بێلینگهام جەختی لەسەر ئەوە كردووە ئەو لێدانە سەرە باشترین لێدانی سەر بووە لە مێژوویاندا.