چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، قسەی لەبارەی ئەو گرێبەستانەوەكرد كە یانەكەی تاوەكو ئێستا ئەنجامیداون، دووپاتیكردەوە پێكهاتەكەی پێویستی بە یاریزانی زیاترە بۆ ركابەریكردن لەسەر نازناوەكانی وەرزی داهاتوو.

چاڤی دەڵێ، "ئێمە پێویستیمان بە خۆپتەوكردنی زیاتر هەیە، بەڵام لە بواری وەرزشیدا كارێكی باش دەكەین". 

 راهێنەری بارسا دەڵێ، لە دۆخێكی ئاڵۆزداین و لەوانەیە نەتوانین ئەو یاریزانانە بهێنینە لای خۆمان كە چاومان لەسەریانە، ئەمەش بەهۆی یاسای یاریی خاوێنەوە، بەڵام گرێبەستی دیكە دەكەین، ناتوانم بڵێم كێ دەهێنین، بەڵام كاردەكەین بۆ ئەوەی تیپەكەمان ركابەرتر بێت.

 راهێنەری بارسا هەروەها دەڵێ، تیپەكەم لە زۆر شوێندا پێویستی بە یاریزانی نوێ هەیە و بازاڕی گواستنەوەش كاتی پێویست دەبێت. دەبێ لە دۆخی خۆمان رازی بین، بەڵام روونە كە كار بۆ پەرەپێدانی پێكهاتەكەمان دەكەین، با بزانین تاچەند دەتوانین لە بازاڕی گواستنەوەدا كاربكەین و خۆمان بەهێزتربكەین، ماتیۆ ئالیمانی كاری باش ئەنجامدەدات.

 چاڤی هەروەها دەڵێ، دەبێ چاومان لە یاریزانانی ئەكادیمیای لاماسیاش بێت، من خۆم یەكێكم لەوانەی تەماشای خوارەوە دەكەم و بەردەوام دەبم لەسەری و نموونەی ئەوەی ئێستا هەمانە ئەلیخاندرۆ بالدێیە، ئەو بۆچوون لەسەر جیاواز بوون، بەڵام تەقییەوە و بووە یاریزانی سەرەكی تیپەكەمان.. ئەمە ئەو رێگەیەیە كە بەرەوپێشمان دەبات، لە ئەكادیمیاكەمان یاریزانی بەهرەمەندمان هەن دەبێ سوودیان لێوەبگرین بۆ خۆ بەهێزكردنمان.

 بارسێلۆنا تاوەكو ئێستا گرێبەستی لەگەڵ گۆندۆگان و ئینیگۆ مارتینێز ئەنجامداوە كە هەردووكیان بەبێ بەرامبەر هاتوونەتە یانەكە.