یەكێك لە ئەستێرەكانی ریال مەدرید رووبەڕووی مەترسی بەشداری نەكردن دەبێتەوە لە یاریی كلاسیكۆ بەرامبەر بارسێلۆنا، كە رۆژی 28ـی ئەم مانگە، لەسەر یاریگەی مۆنتجویك لە خولی ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت.

 ناچۆ فێرناندێزی بەرگریكاری یانەی ریال مەدرید كارتی سووری راستەوخۆی بەرامبەر خیرۆنا وەرگرت بەهۆی ئەوەی زۆر بەهێز لە پۆرتۆی یاریزانی خیرۆنا دا، لەو یارییەی كە بە بردنەوەی مێرێنگێ بە ئەنجامی 3-0 كۆتاییهات.

 ریال مەدرید بە كۆكردنەوەی 21 خاڵ لە پێشەنگی خولی ئیسپانیایە و بە خاڵێك لە پێش بارسێلۆنای پلە دوو كەوتووە.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی رایگەیاندووە، ناوبژیوانی یارییەكە لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە پۆرتۆ پێویستی بە هاوكاری پزیشكی هەیە و بەهۆی پێكانەوە نەیتوانیوە بەردەوام بێت لە یاریكردن.

 رۆژنامە ئیسپانییەكە روونیكردووەتەوە "ئەگەری هەیە بەهۆی راپۆرتی ناوبژیوانەوە، ناچۆ بۆ ماوەی 4 یاری سڕ بكرێت و بەرامبەر ئۆساسۆنا، سێڤییا، بارسێلۆنا و رایۆ ڤاییكانۆ نەتوانێت یاری بكات".

ریال مەدرید خۆی ئامادە دەكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی ناپۆلی ئیتاڵی، لە گەڕی دووەمی قۆناخی كۆمەڵەكانی چامپیۆنزلیگ، كە بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو ئەنجام بدرێت.