
ئێرلینگ هالاند، هێرشبەری یانەی مانچێستەر سیتی، هەڕەشەی لە یانەی ریال مەدرید كردووە، بۆ یاریی گەڕانەوەی نێوان هەردوو یانە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، لە قۆناخی پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگ.
یاریی یەكەمی نێوان ئەو دوو یانەیە، بەیەكسانبوونی هەردوو یانە بە گۆڵێك كۆتایی هات. ڤینیسیۆس جۆنیۆر گۆڵی پێشكەوتنی ریال مەدریدی تۆماركرد و كیڤن دی برۆینێ، ئەنجامەكەی بۆ مانچێستەر سیتی یەكسانكردەوە.
یارییەكە كە لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەچوو، هالاند نەیتوانی ئاستێكی باشی تێدا پێشكێش بكات، ئەوەش بەهۆی ئەو چاودێرییە تووندەی ئانتۆنیۆ رۆدیگێر، بەرگریكاری ریال مەدرید، لەسەر ئەو یاریزانەی دانابوو.
دوای یارییەكە باش دەرنەكەوتنی هالاند بووە باسوخواس و مشتومڕ و تەنانەت كاردانەوەی زۆری لە سۆشیال میدیادا بەدوای خۆیدا هێنا.
هالاند وێنەیەكی خۆی لە تویتەر بڵاوكردووەتەوە و لەسەری نووسیووە، "هەموو شتێك هەر لە دەستی خۆماندایە. ناتوانم چاوەڕێ بكەم تاوەكو هەفتەی داهاتوو".
سەركەوتوو لە ئەنجامی هەردوو یاریی نێوان ئەو دوویانەیە، لە یاریی كۆتایی پاڵەوانێتییەكەدا لە ئیستەنبوڵ، بەرامبەر سەركەوتوو لە یاریی نێوان میلان و ئینتەرمیلان یاریدەكات.