بەهۆی گیان لەدەستدانی، سەرۆککۆماری ئێرانەوە یارییەکانی خولی تۆپی پێی ئێران بۆ کاتێکی نادیار دواخران.

 بڕیاربوو رۆژی سێشەممە یارییەکانی گەڕی 28ـی خولی تۆپی پێی ئێران ئەنجامبدرێن، هەشت یاری لە یەککاتدا بەڕێوەبچن، بەڵام بەهۆی گیان لەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەوە خولەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.

 میدیای ئێران بڵاویکردەوە، بڕیاربوو ئەمڕۆ راهێنەرەکان بچنە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بۆ قسەکردن لەبارەی یارییەکانی رۆژی سێشەممە، بەڵام هیچ چالاکییەکی تایبەت بە خولی تۆپی پێی ئێران بەڕێوەناچێت و یارییەکانی ئەم گەڕەی خولەکە دوادەخرێن.

 بەپێی هەواڵی وەرزش سێی ئێران، لیژنەی پێشبڕکێکانی خولی ئێران هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەکە دەکات و بڕیار لەبارەی چارەنووسی ئەم گەڕەی خولەکەوە دەدات.