
لەكاتێكدا دەنگۆی زۆر لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا و ئەگەری چوونی بۆ لای كریستیانۆ رۆناڵدۆ بڵاوكراونەتەوە، بەڵام دوو سەرچاوەی رۆژنامەڤانی هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەكەنەوە.
دوای ئەوەی یانەی ئینتەرمەیامی نەگەیشتە قۆناخی پلەی ئۆفی خولی ئەمریكا، مێسی تاوەكو چوار مانگی دیكە جگە لە یارییەكانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هیچ یارییەكی دیكە ناكات، بۆیەش هەر زوو دەنگۆی گەڕانەوەی یاریزانەكە بۆ بارسێلۆنا بڵاوكرایەوە، لە ماوەی 24 كاژێری رابردووشدا چەند سەرچاوەیەك رایانگەیاند، كە سعودیە دەیەوێت مێسی بەخواستن بباتە یانەی نەسڕ بۆ ئەوەی لەگەڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یەك تیمدا یاریی بكەن.
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگی تایبەت بە گواستنەوەی یاریزانان دەڵێت "ئەوەی تاوەكو ئێستا هەیە، هیچ زانیارییەك لەسەر مێسی و بارودۆخی چوونی بەخواستن لە ئینتەرمەیامی نییە."
رۆمانۆ زیاتر دەڵێت "مێسی هەموو بیركردنەوەی لای ئینتەرمەیامیییە، ئێستا ئەو بیر لە هیچ شتێكی دیكە ناكاتەوە، زۆر ئاساییە ناوێكی گەورەی وەك مێسی بهێنرێت و بە یانەكانەوە ببەسترێتەوە، بەدڵنیاییەوە دەكرێت بارودۆخەكان بگۆڕدرێن، بەڵام ئێستا هیچ راستییەك بۆ ئەو دەنگۆیانە نییە كە باس لە گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا یان چوونی بۆ هەر یانەیەكی دیكە دەكەن."
لەلایەكی دیكەوە گالیۆم بالاگی، نووسەری ئیسپانی لەبارەی مێسییەوە دەڵێت "مێسی لەگەڵ ئینتەرمەیامی دەمێنێتەوە، بەشداری لە قۆناخی خۆ ئامادەكردنی یانەكە دەكات بۆ وەرزی نوێ و نە سعودیە و هیچ بژاردەیەكی دیكەی نییە بۆ رۆیشتن لە یانەكەی."
سەرەڕای ئەوەی لەبارەی ناڕاستیی دەنگۆكانی رۆیشتنی مێسی بڵاوكراوەتەوە، بەندەر دەبیخی، رۆژنامەڤانی سعودی دەڵێت "مانگی یەكی ساڵی 2024 مێسی لە یانەی نەسڕ دەبێت."
هەوڵەكانی یانەی نەسڕ بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ مێسی لەكاتێكدایە، لە گواستنەوەی هاوینەدا، یانەی هیلال هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی یاریزانەكە بگوازێتەوە و دەستەوارەیەكی خەیاڵیی پێشكێشی یاریزانەكە كرد، بەڵام یاریزانەكە لەسەر داوای هاوژینەكەی سعودیەی رەتكردەوە و چووە ئەمریكا.
لیۆنێل مێسی ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتینە و خۆی بۆ یاریی بەرامبەر پاراگوای ئامادەدەكات، لە پاڵاوتنەكانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026.