پێدری باسی لە وادەی گەڕانەوەی لە پێكان و چانسی بەرشەلۆنە كرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ.

پێدری لە یارییەكەی بەرامبەر ئەتلەتیك بلباو لە خولی ئیسپانیا تووشی پێكان بوو لە ماسولكەكانی رانی ڕاستیدا و ماوەیەكە لە یاریكردن لەگەڵ یانەكەی دابڕاوە.

پێدری لە لێدوانێكدا كە ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاویكردووەتەوە، سەبارەت بە وادەی گەڕانەوەی دەڵێت، بە زووترین كات دەگەڕێتەوە، بەڵام وادەی گەرانەوەی دیارینەكردووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، دەیەوێت لە باشترین ئاستی خۆیدا بێت كاتێك دەگەڕێتەوە چونكە دەیەوێت چێژ لە یاریكردن لەگەڵ هاوڕێكانیدا وەربگرێت لە گرنگترین كاتەكانی وەرزدا.

پێدری لە درێژەی قسەكانیدا دەشڵێت: لە ئێستادا هەموو شتێك بە باشی بەڕێوەدەچێت، جگە لە چاكبوونەوەم و كاركردنم لە هۆڵی وەرزش، گرنگیەكی زۆر دەدەم بە خواردنی رۆژانەم و دووركەوتومەتەوە لەو شتانەی پێموایە زیانی هەیە بۆم.

سەبارەت بە چانسی بوون بە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ لەلایەن بەرشەلۆنە یاریزانەكە ئاماژەی بەوەدا، ساڵێكی قورسیان تێپەڕاندووە و ئاسان نەبووە بەڵام بەرشەلۆنە لە هەموو پاڵەوانێتیەكدا بژاردەی یەكەمە و لە ركابەریكردن بەردەوامە و پاڵنەریشی هەیە بۆ بەدەستهێنانی نازناوەكە.