
لیۆنێل سكالۆنی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لیستی یاریزانە بانگهێشتكراوەكانی هەڵبژاردەكەی بۆ دوو یاری داهاتووی لە پاڵاوتنەكانی جامی جیهانی 2026 بڵاوكردەوە.
وا بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا ئەرجەنتین دوو یاری بەرامبەر هەڵبژاردەكانی چیلی و كۆڵۆمبیا لە پاڵاوتنەكانی جامی جیهانی ئەنجامبدات، بەهۆی ئەو پێكانەشەوە لە یاری كۆتایی كۆپا ئەمریكا تووشی بوو، لیۆنێل مێسی لە لیستی یاریزانەكانی تانگۆ بۆ ئەو دوو یارییە دورخراوتەوە.
لە لیستەكەدا چوار گۆڵچی دەبینرێت كە دیارترینیان، ئێملیانۆ مارتینێزە، لە هێڵی بەرگریش ناوی یاریزانان، ئۆتامێندی و رۆمیرۆ و مارتینیز دەبینرێت.
هەرچی یاریزانانی هێڵی ناوەندە دیارترین بانگێشتكراوەكان بریتین لە، پاریدیس و ماك ئالیستەر و دی پاوڵ و ئینزۆ.
لە هێڵی پێشەوەش، كاربۆنی و گارناچۆ ولاوتارۆ مارتینێز بە هاوشانی جولیان ئالڤارێز و سولێ و سیمۆنی و ڤالێنتین كاستێیانۆس و نیكۆلاس گۆنزالێز دەبینرێن.