
لە ماوەی رابردوودا، رۆژنامەكان بڵاویانكردەوە یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی لەسەر داوای پیپ گواردیۆلای راهێنەری یانەكەیان هەوڵی گواستنەوەی رۆدریگۆی بەرازیلی دەدەن و دەیانەوێت بارودۆخی ئەو یاریزانە بقۆزنەوە بۆ گواستنەوەی بەتایبەت دوای پەیوەندیكردنی كیلیان مباپێ بە یانە ئیسپانیەكەوە.
لە نوێترین پێشهاتدا، تۆڕی بێرنابیۆ دیجیتاڵ رایگەیاندوە، كەسە نزیكەكانی رۆدریگۆ دوپاتیانكردووەتەوە كە ئەو یاریزانە ئامانجی ئەوەیە لانی كەم ئەم وەرزە لە ریاڵ مەدرید بمینێتەوە.
ئاماژەیان بەوەشداوە كە رۆدریگۆ بە نیازە لە هاوینی ساڵی داهاتوودا چارەنووسی خۆی دیاری بكات بەتایبەت دوای ئەوەی هەڵسەنگاندنی تایبەت دەكات بۆ یاریكردنی لەم وەرزەدا.
دەشڵێت، بەرپرسانی ریاڵ مەدریدیش بە هیچ شێوەیەك ئامادەنین ئەو یاریزانە بفرۆشن و بە پێگەیەكی سەرەكی یانەكەیان دادەنێن لەم وەرزەدا، متمانەی تەواویان پێیەتی و پشتگیری دەكەن كە بەردەوام لە پێكهاتەی سەرەكی ئەنچیلۆتیدا بێت.