بەگوێرەی ڕۆژنامەی زە سەنی بەریتانی، لە یاری نێوان مانچستەر یونایتد و گلاسكۆ رینجەر لە یۆرۆپا لیگ 39 هاندەر دەستگیركراون بەهۆی شەڕ و ئاژاوەگێڕی.

بە گوێرەی سەرچاوە بەریتانییەكە، ئاژاوەگێڕییەكە دوای ئەوە هاتووە كۆمەڵێكی گەورەی هاندەرانی ڕێنجەرز توانیان بلیتی یارییەكە بكڕن لەناو ئەو بەشەی كە بۆ هاندەرانی مان یونایتد دیاریكرابوو.

باسی لەوەشكردووە، بەپێی فرۆشتنی بلیتە فەرمییەكان تەنیا سێ هەزار هاندەری رینجەرز هەبوون، بەڵام وەك لە وێنە و ڤیدیۆكان دەردەكەوێت ژمارەیان زیاترە بە تایبەت لەنێو هاندەرانی مان یونایتد ئەوەش شەڕەكەی دروستكردووە.

پۆلیسی مانچستەر لەو بارەیەوە دووپاتیكردەوە، لە یارییەكەدا 39 كەس دەستگیركراون و رێوشوێنی توند دەگرنەبەر تا كاری لەم شێوە دووبارە نەبێتەوە و سزای توندی تاوانباران و ئەو كەسانە دەدرێت كە بلیتەكانیان فرۆشتووە.