
كیلیان مباپێ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەرەنسا كە بەم دواییە گواسترایەوە بۆ ڕیاڵ مەدرید، پێش دەستپێكردنی یۆرۆی 2024 خۆی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
لەسەر ئەم بابەتە رۆژنامەی لیكیپی فەرەنسی بڵاویكردووەتەوە، هەڵبژاردەی فەڕەنسا ماوەی مەشق و راهێنانەكانی بۆ جامی نەتەوەكانی ئەوروپا 12 رۆژ بووە، بەڵام كیلیان مباپێ سێ رۆژیان بەشداری نەكردووە.
ئاماژەی بەوەش كردووە، كیلیان نیگەرانییەكی زۆری دەربڕیوە بەرامبەر ئازاری پشت و كێشەی ئەژنۆی كە لە یارییە دۆستانەكان بەرامبەر لۆكسمبۆرگ تووشی بووە.
لە لایەكی دیكەوە رۆژنامەی لۆ پاریسیانیش بە هەمان شێوە ئامادەنەبوونی یاریزانەكەی دوپاتكردووەتەوە.
جەختیشی لەوە كردەوە، بڕیاری كەمكردنەوەی بەشداریكردنی لە یارییەكانی پاریس سان جێرمان، هۆكارێك بووە بۆ ئەوەی یاریزانەكە كاریگەری دەروونی و جەستەیی لەسەر بێت.
روونیشیكردەوە، ستافی پزیشكی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە پێشبڕكێ لەگەڵ كاتدان بۆ ئامادەكردنی كیلیان مباپێ، لەگەڵ ئەوەشدا گلەییەكی زۆریان لە بەرپرسانی پاریس هەیە لەبەر ئەوەی بە هۆكاری سەرەكی بارودۆخەكەی دەزانن.