كارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی ڕاهێنەری یانەی ڕیاڵ مەدرید تایبەت بە یاریەكەیان بەرامبەر سیڤیە لە خولی ئیسپانیا ڕایگەیاند كە ئامانجیان ئەوەیە بەباشترین شێوە كۆتایی بەم وەرزەی لالیگا بهێنن بەڵام بەرامبەر یانەیەكی بەهێز یاری دەكەن كە كارێكی باش ئەنجام دەدات بەڵام هەموو هەوڵێكی خۆیان دەدەن تا بردنەوە بەدەستبهێنن.

ئەنچیلۆتی دوپاتیكردەوە كە ئەركیان قورسە چونكە هەریەكە لە كەریم بنزیمە و ماركۆ ئەسێنسیۆ و ماریانۆ دیاز بەهۆی پێكانەوە یاری ناكەن و ڤینیسیۆسیش بەهۆی ئازاری ئەژنۆیەوە ناتوانێت ئامادەی یاریەكە بێت.

ڕاهێنەرەكەی یانەی شاهانە ڕونیكردەوە كە بۆ بردنەوەی یاریەكە دەجەنگن و سەرەڕای ئەوەی هێرشبەری گونجاویان لەبەردەست نیە بەڵام خاوەنی چەندین یاریزانی باشن و یاریەكی ڕكابەری دەبێت.