ڕاپۆرتە ڕۆژنامەنوسیەكان ئاماژە بەوەدەكەن، یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی هەوڵی گواستنەوەی هاری كەینی ئینگلیزی هێرشبەری یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی دەدات بۆ جێگەی كەریم بنزیمەی فەڕەنسی، كە ئەم لە ڕۆیشتن نزیكە.

ڕۆژنامەی ماركای ئیسپانی بڵاویكردەوە، دانێل لیڤی سەرۆكی یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی لاری نییە كین بچێتە ڕیاڵ مەدرید ئەگەر ڕۆیشتنی لە یانەكەدا دووپاتكرایەوە.

ماركا ئاماژەی بەوەكردووە، ئامانجی یەكەمی لیڤی مانەوەی كەینە، بەڵام ئەگەر نەگەیشتنە ڕێككەوتن لە بارەی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی نێوانیان، ئەوا لە مێركاتۆی هاوینەی داهاتوودا دەستبەرداری دەبێت.

باسی لەوەشكرد، لیڤی مەرجێكی بۆ كەین هەیە، ئەویش پەیوەندیكردنە بە یانەیەك لە دەرەوەی ئینگلتەرا، ئەمە لە كاتێكدایە یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی چەند وەرزێكە هەوڵی گواستنەوەی دەدات.

هاری كەینی 29 ساڵ لە 2013ەوە بەشێوەیەكی ڕێكخراو لە تۆتنهامدا یاری دەكات، لەو كاتەوە بەشداری لە 435 یاریدا كردووە و 280 گۆڵ و 64 ئەسیستی هەیە.