سەردار ڕەزا جاف 

لە سەروبەندی ڕۆژی زمانی کوردی گەرەکە کەمێ بە ڕێنووسدا بچینەوە، ھەڵبەتە ڕێنووس بنەمای زانستی خۆی ھەیە و بە داخەوە لەم بازاڕی نووسینەدا، هەڕاجکراو و بێنرخ و بێبەهاکراوە، ھەر بابایە و کاڵاکەی خۆی بەو جۆرە دەخاتەڕوو کە مەیلی لێ بێت، یان بە بازاڕکردنی ئایدیۆلۆژییەتی سەقەتی تاکەکانە لە ھەمبەر ڕێنووسی کوردی، گەلان و نەتەوەکانی دونیا خودان دوو جۆر شێوازن لە نێوان قسەکردن و ڕێنووسدا جیاوازی زۆریان هەیە، ئێمە تا ئێستا ئەو لایەنەمان فەرامۆش کردووە و کەسێک ئاوڕی لێ نەداوەتەوە، هەندێ پیت هەن ناکرێ ببێتە مەزاجی تاکە کەسی وەک پیتی ” ی ” لەم حاڵەتانەدا، ” ئەوەش ” ئێمە بە زار و گوتن دبێژین ئەوەش وەلێ زۆر گرینگە بنووسین ” ئەوەیش ” کاتێک نووسەرێک دەنووسێت ” منیش ” ئەو پیتی ” ی ” لە پێش پیتی ” ش ” دادەنێت، کەچی بۆ ئەوەیش فەرامۆشی دەکات، ئەم پیتە زۆر گرینگە لە جێی خۆی دابنرێت، کاتێک ئێمە دەڵێن عەزیز ڕۆشت بۆ سەیران، دەبێ بنووسین ” عەزیز ڕۆیشت بۆ سەیران ” یان بڵێین ” ژوان گەشت ” گەرەکە بێژین ” ژوان گەیشت ” نێوان ” گەشت ” و ” گەیشت ” جیاوازی زۆرە. زۆرجار و بەردەوامیش ” و ” پەیوەندی دەبینین لە گەڵ وشەی یەکەم لێکدراوە ئەمەیش هەڵەیە و گەرەکە جودا بکرێتەوە، وەک (( ئازادو نەوزاد” سەوزەو میوە” پێم بەرزکردەوەو ئینجا شەقم ” دەستپێکراو هەتا سەرەتای ” گوندو شارەکان )) ئەو ” و” لە کۆتایی وشەکانی ” ئازاد، سەوزە، بەرزکردەوە، دەستپێکرا، گوند ” گەرەکە جیا بکرێنەوە، چونکە ئەو ” و ” انە تەنها و تەنها ” و ” ی پەیوەندین.

بە داخەوە زۆر لە کەناڵە تەلەفزیۆنەکانی کوردستان بە شداری سەرەکین لە سەقەتکردنی زمانی کوردی دەکەن هەندێکیان ئەوەندە ملهوڕن بە نامەیش پێیان دەڵێی نووسینەکانتان چاک بکەنەوە لە سەر سەرەڕۆیی خۆیان و هەڵەکەیان بەردەوامن، پێیان وایە زمانزانی تەواو ئەوانن، کە لە بنەڕەتدا نەزان و کاڵفامی زمانن، بۆ نمونە، یەکێک لە کەناڵەکان ” دەیانگوت : دیاسپۆرانشین” ئەمە پێویستی بە هەڵوێستە لە سەرکردنە، با بزانین دیاسپۆرا بە واتا چی؟(( تاراوگەنشین بە ئینگلیزی : دەاسپۆرا، ئاماژەیە بۆ تاکێک یان کۆمەڵە دانیشتوانێک کە لە نیشتیمانی دایک کۆچیان کردووە و بە شێوەیەکی بەرفراوان بە جیهاندا بڵێ‌وبوونەتەوە” (١) وشەی دیاسپۆرا لە بنەڕەتدا وشەیەکی یۆنانییەکە بە واتای ” بڵاوبوونەوە” یان ” پەرشوبڵاوکردن” دێت، لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا، تاراوگەنشین))(٢). هەرچەندە لە بنەڕەتدا هەرناکرێ لە ناو کورددا وشەی دیاسپۆرا بەکار بهێنرێت، جونکە جوانترین وشەی کوردی جێگرەوەمان هەیە، ئەویش تاراوگەنشین، کاتێک ئەو کەناڵانەی ئەم دەستەواژەیە بە سەقەتی بەکاری دەهێنن و دەڵێن دیاسپۆرانشین، بێئاگان لەوەی کە بە کوردییەکەی دەکاتە: تاراوگەنشین نشین ” هەی نەزان وەک زمانەکە دەشوێنن و دەستەواژەی بێگانەی تێدەئاخنن، بۆ ئەو تێئاخنینەیش بەسەقەتی دێننە نێو زمانەکەمانەوە هەی گەمژەیینە، هەق وایە حکومەتی هەرێمی کوردستان دادگای زمان دابمەزرێنێت و بۆ سزادانی ئەو لاسارانە، جێگەی ئەوەیە باسی ئەوە بکەین کە کۆمەڵێک چەپخوازی بێدەربەست بە زمانی کوردی لە کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوو، کۆمەڵی دەستەواژەی بیانیان ئانییە نێو زمانی کوردییەوە لێنەپرسینەوەیشیان بووە مایەی ئەوەی لە ناو زمانەکە جێگیر ببێت و کەسیش نەبێت پێیان بڵێ بەرچاوت کلی پێوەیە، نامەوێ درێژدادڕێ بەم نووسینە بدەم بە وشەی ” دووکان ” دوکان ” کۆتایی پێدێنم، خوایار بێت لێکۆڵینەوەیەکی دوورودرێژ لەم بارەوە ئامادە دەکەم، ئەم وشە لە بنەڕەتدا دوو وشەی جیاوازن، یەکێکیان بە دوو واو و ئەوی دیکەیان بە یەک واو دەنووسرێت، ڕەنگە لاتان سەیر بێت چۆن وا دەبێت، وشەی ” دووکان ” دەشێ ئەمە بگەڕێتەوە بۆ دوو کانی یان دوو کان، وەک شارۆچکەی دووکان، ئەمەیان بە دوو واو دەنووسرێت ” دووکان “، ئەوەی دیکەیان ” دوکان ” وەک دوکانی عەتار و سەوزە و میوە و بەقاڵ و ….تاد. ئەم وشە بە پێی سەرچاوەکان لە نێو فارسەکانەوە خزاوەتە زمانی عارەبی تەعریبکراوە، دەشێ لە بنەڕەتیشدا هەر لە کوردەوە وەرگیرا بێت، ئەگەر لە کوردەوە وەگیرابێت و هەر بە مەبەستی ” دوو کان ” واتا کەرەستەکانی ناوی پەیوەست بە دوو کانی جیاواز بن، ئەوا نەنگییە بۆ کورد کە ئەم وشە لەم ڕوانگەوە بکاتە موڵکی خۆی چونکە کەرەستە ” دوکانەکان ” کەرەستەی دوو کان نین وەلێ چەندین کانن، لێرەیشدا نەزانینی کورد لە بواری پیشەسازی جاڕدەدەین، هەرچەندە تائێستا هیچ سەرچاوەیەکم نە دیوەتەوە کە باس لەوە بکات ئەم وشە ” دوکان ” لە کوردەوە هاتبێتە نێو زمانی فارسی، وەلێ سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە عارەب لە فارسەکانەوە وەریانگرتووە و تەعریبیان کردووە.


سەرچاوە
١-ويکپيديای  
٢-هەمان سەرچاوە

 

 

 

وتاری نووسەران