رەسول بۆسكینی


لە مێژوودا لەبەرگری لە خاك و نیشتمان، چەندین نموونەی قارەمانیەتی ژنانی كورد بەرچاودەكەوێ، لە نموونەی ژنانی قەڵای دمدم،لە بەشداری شەڕ دژی لەشكری سەفەوی، شان بە شانی پیاوان، بە درێژایی ماوەی شەڕەكە بەرگرییەكی بێ وێنەیان ئەنجام داوە، لە هێرشی سەر شووراكان و پاراستنی سەرچاوەكان، لەنێو قەڵا لە ڕووبەڕووبوونەوی هێزی قزلباش و سوپای شاعەباس دا.
یەكێكی دیكە لە ژنە ناودارەكانی كورد، فاتەڕەش (قەرە فاتم) كچی حاجی عوسمان بێ (بەگ) و ناوی دروستی فاتە ڕەش، ئایشێ (Asiye) یە، ژنێكی ئازا و لێهاتوو خاوەن توانایەكی گەورە بووە، شای ماراش بوو، لە ساڵی 1820 لە كوردستان لە چیاکانی ماراش لە دایك بووە، لە سەنتەری ئەدەبی (bernamegeh) دەڵێت: فاته‌ڕه‌ش لە کوردانی باشوورە و لە شاری رەواندز لە دایکبووە، پاشان هاتوونەتە چیاکانی ماراش، فاته‌ڕه‌ش لە زۆرێک لە رۆژنامە و گۆڤارە ئەوروپی و ئەمریکیيەکاندا، ناوی هاتووە و ئاماژەى بۆ كراوه، بەڵام لەلایەن کورد خۆيه‌وه‌ بۆ یەکەمجار کامەران بەدرخان لە پەرتووکی (Der Adler von Kurdistan)  کە لەگەڵ نووسەری ئەڵمانی Herbert Ortelنووسیویانە، ئاماژه‌يان به‌ ناوی فاته‌ڕه‌ش كردووه، لە دوای ئەویش محەمەدئەمین زەكی بەگ لە (مشاهیر الكراد و كوردستان) لە بەرگی دوو (شهیرات النساء) ئاماژەی پێداوە.
بنەچەی فاتەڕەش دەگەڕێتەوە بۆ زولقادرییەكان، یەكێك بوون لە میرنشینە دیارەكانی ناوچەكە و خاوەن هێز و دەسەڵات بوون، میرنشینەكەیان لە 1522- 1864 بەردەوام بووە، عەبدولقادری باوك میربووە و دوای ئەو كوڕ دوای كوڕ هاتووە، لەساڵی 1821 عوسمانیەكان هەوڵی داگیركردنی شاری ماراشیان داو دوای دوو ساڵ شەڕ و ململانێ لە 1822 كۆتایی بە دەسەڵاتی عەلی بەگی دوا میری میرنشینەكە هات، ساڵی 1830 عوسمانیەكان ویستیان شاری ماراش بە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە بلكێنن، بەڵام تا ساڵی 1864 شەڕ و ململانێ لەنێوان عوسمانیەكان و زولقادرییەكان بەردەوام بوو، دوای ئەوە بە دیاربەكر و حەڵەبەوە لكێنرا و بووە هەرێمێكی یەكگرتوو.
دواتر عەلی ئاغای كوڕی بیلالەڕەش دەسەڵاتی هۆزەكە دەگرێتەدەست و دوای پێنج ساڵ حوكمڕانی كۆچی دوایی دەكات، لە دوای ئەویش فاتەڕەش جێگای دەگرێتەوە و 4000 چەكدار لە ژێر فەرمانی فاتەڕەش دابوو، لەبەر ئازایەتی و لێهاتوویی فاتەڕەش، لە ساڵی 1853 بەشداری لە جەنگی خوێناوی دورگەی كریمای عوسمانی كردووە، سوڵتان عەبدولمەجیدی یەكەم خەڵاتی ئازایەتی بەخشیوەتە فاتەڕەش، هەروەها لە 18- 9- 1863 بڕیاری بەرزكردنەوەی مووچەی خانەنشینی فاتەڕەش، لە سوپای عوسمانی بۆتە سەد قرۆش.
هاوسەرەكەی فاتەڕەش لە زیندانی قانعا و بەشداری فاتەڕەش لە جەنگی كریما
فاتەڕەش وەك فەرماندەیەكی سەربازی و ژنێكی كورد، بەشداری جەنگێكی خوێناوی كردووە، دوای ئەوەی رووسیا دەستی گرت بەسەر ناوچەیەكی دەوڵەتی عوسمانی لە دوورگەی كریما، سوڵتان عەبدولمەجیدی عوسمانی بڕیاری شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی دا، لەبەرئەوە جەنگێكی خوێناوی لەنێوانیان ڕوویدا، هۆزی زولقارییەكانیش بەسەركردایەتی فاتەڕەش یەكێك بوو لەو هۆزانەی بەشداری ئەو جەنگە خوێناویەی كرد، بەداخەوە دەربارەی بەشداری فاتەڕەش لەو جەنگەدا، لە هیچ سەرچاوەیەكی كوردی زانیاریمان دەست ناكەوێت، ئەوەی مایەی خۆشحاڵیە سەرچاوە بەریتانی و فەڕەنسیەكان، گرنگی زۆریان پێداوە و بە ئازا و قارەمان ناویان هێناوە، بەڵام توركەكان لەبەر ڕق و كینەیان بەرامبەر بەو ژنە كوردە، دەیان پڕوپاگەندەیان بە ناوی فاتەڕەشەوە هۆنیوەتەوە، هەوڵێكی زۆریان داوە، لە بەها و ئازایەتی ئەم ژنە كوردە كەم بكەنەوە، تەنانەت لە شوێنێك لە ئایینی ئیسلام دەریان كردووە و بە ئێزەدی ناویان هێناوە، لەجێگایەكی دیكەدا دەڵێن: بەشداری جەنگەكەی نەكردووە، لە كاتێكدا لەو جەنگە خوێناویەدا برایەكی لەدەست داوە. 
ژنێكی خەباتگێڕی كورد بۆچوونی ئەوروپاییەكانی تێكدا، ڕاپۆرتی ڕۆژنامەكان لەبارەی شەڕی كریمە لە ئازایەتی شەڕی (كارا فاتمە خاتوون) (فاتمەڕەش) دەكۆڵێتەوە، ناوبراو سەرۆكی هۆزێكی كورد بوو لە ماراش، بەشێوەیەكی تابەت لە گۆڤاریLondon News) (Illustrated   لە 22ی ئاوریلی 1854لە وتارێكی دوور و درێژ تتایبەت بە فاتمەڕیەش تەرخان كراوە، بەپێی ئەو وتارە كە نووسەرەكەی هەواڵنێری گۆڤارەكە بوو لە قوستەنتینیە، هۆزی كارا فاتم خاتوون هۆزێكی گەورەی ئەنادۆڵی خۆرهەڵات بوو، توانای ئەوەی هەبوو، چوار هەزار سواری شەڕكەر بنێرێتە مەیدانی شەڕ، سەرۆكی ئەو هۆزە هاەسەری فاتم خاتوون لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی هەڵی نەدەكرد، بەبەڵگەی نادیار گیرابوو، فاتمە خاتوون لەو ڕۆژەوەی مێردەكەی دەستگیركرابوو، وەك سەرۆكی هۆز ڕەفتاری دەكرد، بۆ ڕاكێشانی ڕەزامەندی  و خۆشحاڵی سوڵتان و بۆ بەردانی مێردەكەی پێشنیاری كرد لەگەڵ سێسەد پیاوی شەڕكەری خۆی پەیوەندی بەهێزی عوسمانیەكانەوە بكات، دژی سۆڤیەت، بەهۆی پەیوەندی براكەی و كارا فاتم براكەی لەم شەڕەدا یاوەری بوو، گۆڤارەكە ئاماژەشی بەوەداوە، بەڵام هەرچۆنێك بێت ئەوە كارا فاتم خاتوون فەرماندەی تاقمەكەی لە ئەستۆ بوو نەك براكەی. 
خەڵکی ناوچەکە هۆکاری بەشداری فاته‌ڕه‌ش، لە جەنگی کریما(قرم)، دەگەڕێننەوە بۆ زیندانيکردنی هاوسەرەکەی، نابراو خۆی باشبوزاق (Başıbozuk) بووە، لەبەر سەرکێشی و جێبەجێ نەکردنی فەرمانەکانی سوڵتان، لەلایەن سوڵتانەوەزیندانی دەکرێت، کاتێک فاته‌ڕه‌ش لە ماراشەوە بەڕێدەکەوێت، بۆ لای سوڵتان، فاته‌ڕه‌ش و ئەسپسوارەکانی بە هەر شارێکدا تێپەڕ دەبوون، كە خەڵك دەیانبینی ژنێک رابەرایەتی ئەو هێزە دەکات سەرسام دەبوون! هەر بۆ نموونە لە یەکێک لە تۆمارەکاندا بەم شێوەیە باس لە دیمەنی فاته‌ڕه‌ش دەکرێت، کاتێک دەگاتە شاری ئوسكەدار (Üsküdar)  دەستێک جلی کوردی فاقیانەداری لەبەردابووە، لەگەڵ شەرواڵێکی سپی و جووتێک قەڵتاغی زەرد لە پێکانيدا بووە، دوو دەمانچەی لە ناوه‌ڕاستی پشتێنەکەیدا و رمێکی بە دەستەوە بووە، دامێنى ڕمەکەى بە دەسماڵێک پێچرابوو، سەرپۆشی سپی كوردانەی بە نێوچەوانیەوە بەستووە، هیچ جۆرە خشڵێک بە دەست و گەردنیەوە نە دەبینرا، شانبەشانی فاتەڕەش، براکەی و دوو ئەسپسواری دیکەش لە پشتی فاته‌ڕه‌شەوە دەڕۆیشتن.
كاتێك فاتەڕەش گەیشتە (Üsküdar) هەواڵ دەگاتە سوڵتان، پاش ئەوەی سوڵتان لە کۆشکەکەی خۆیدا دەیبینێت، مەرجی سوڵتان بۆ ئازادکردنی هاوسەرەکەی فاتەڕەش، بەشداريکردنە لە جەنگی کریما و گرتنی ناوچەیەک، بۆ ئەوان زۆر گرنگ بووە، فاتەڕەش بە مەرجەکەی سوڵتان رازی دەبێت، بۆ بەشداری شەڕی دورگەی كریما، لە ساڵی 1853 سەرۆكایەتی 300 سوار دەكات.
لە دوای ئەو دیدارە فاتەڕەش سەرنجی تەواوی ئەوروپییەكان و تورك و ڕۆژنامەنووس و گرافیستەكان و سەربازە بیانی و عوسمانیەكانی بۆ خۆی ڕاكێشابوو، سەرباس و ڕووپەڕی یەكەمی ڕۆژنامەكانی داگیركردبوو، مێژوونووسانی ئینگلیز بە گرنگیەوە باسی قارەمانیەتی فاتەڕەش دەكەن و بە ئەمازۆنی كورد ناوی دەبەن، لە 22ی نیسانی 1856وێنەی فاتەڕەش لە لاپەڕەی یەكەمی ڕۆژنامەی لەندەن نیوزبڵاوكراوەتەوە، بە سواری ئەسپێكەوە ڕمێكی درێژی هەڵگرتووە و 300 سواری بە دواوەیە.
دەربارەی ژنی كورد لەلاپەرە 27 ی گۆڤاری رەنگینی ژمارە 83 ی رۆژی 15-5-1995 عبدولرەحمان زەنگەنە باسی گەریدەیەكی فەرەنسی كردووە ناوی (لجان) بووە لەنیوان ساڵانی 1862- 1866 دا بەناو وڵاتی عوسمانی دا گەڕاوە ، لەو گەشتەیدا دەربارەی كورد سەرنجی خۆی دەربارەی فاتەڕەش بەم جۆرە دەربریوە دەڵێت: "ئەو ژنە بەپێی شێوەكەی دیار بوو، ژنێكی لاو نەبوو جوانیش نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هەموو شۆڕە سوارانەی كورد دوای كەوتبوون و هاتبوونە ئەستەمبوڵ. هاتنی ئەو ژنە بەو شێوەیە سەرنجی خەڵكی ڕاكێشابوو، پڕ بەدڵی ئەو خەڵكە بوو، زۆریان پێ‌ خۆش بوو ژنێك بەوجۆرە هاتبووە ڕیزی پیاوە چەكدارەكانەوە، هاتنەكەی كارێكی زۆری كردبووە سەر خەڵك، بەتایبەتی بۆ سەر پیاوە ئاینیەكان. هەرچەندە كاربەدەستانی عوسمانی ڕێگایان نەدا بەفاتمە بچێتە ناو كۆڕی شەڕەوە بۆ ئەوەی بەشدار بێ‌، بەڵام چوونەكەی بۆ ئەستەمبوڵ زۆر شوێنی لەسەر كوردستان دانا، دەنگی دابووەوە و هەستی زۆریانی بزواندبوو." 
ئەدمیراڵ سڵادا (Admiraal Slade) دەڵێت: فاته‌ڕه‌ش بە جلوبەرگی ژنانەی ئاڵوواڵای کوردانەوە، سەرنجڕاکێش‌ و پڕ چەک، شیر و رمێکی درێژ بە دەستیەوە بوو، پێشڕەوی هەموویان بوو، ئەسپێکی رەسەنی عەرەبی دەهاژوو، لە دەستی راست و چەپیدا پێڕە پیاوەکانى لە تەکی بوون و چەکدارەکانی دیکەش بە دوایدا دەڕۆیشتن، هەندێک ئەسپسوار و هەندێک پیاده‌، سەرجەمیان جلوبەرگی سەرنجڕاکێش و هەندێکیان ژنەکانیان لە پشتیانەوە بوون و بە شانازیيەوە بە شەقامەکانی ئەستەنبوڵدا تێپەڕ دەبوون، ئەوان وەک ژنە تورکەکان رووخساریان دانەپۆشرابوو، نە پەچە و نە عەبایان پێوە نەبوو، سەرنجی رێبوارەکانی سەر شەقامەکانی ئەستەنبوڵیان بۆ لاى خۆيان راکێشابوو، چونکە هەرگیز ژنێکی موسڵمانیان نەبینیوە رووخساری دیار بێت، بەڵام ئەوان بە شانازی و حورمەتەوە، شەقامەکانی ئەستەنبوڵیان دەبڕی و رووخساریشیان دانەپۆشرا بوو.
هەموو نووسراوەکان باس لە سەرکردایەتی ژنێکی کورد دەکەن، پێشڕەوی 300 چەکداری پیاوی کردووە، لە ژێر فەرمانیدا بوون و ئامادەی فیداکاری بوون بۆ خانمەکەیان، بێگومان نە پێشتر و نە ئێستا ژنێک نەبووە، لە دەوڵەتی عوسمانی سەرکردایەتیی هێزیکی چەکداری پیاوان بکات و لە ژێر فەرمانیدابن،رووخساریشى دانەپۆشى بێت، هەربۆ نموونە رۆژنامەیئیلوسترەیتد لەندەن نیوز (Illustrated London News)  لە ساڵی 1854 لە ژمارە 363 رۆژنامەکەدا گرافیکی وێنەکەی کردووە و سێ راپۆرتی دەربارەی فاته‌ڕه‌شی کوردان نووسیوە، دەڵێت: فاته‌ڕه‌ش ژنێکی رووخسار دانەپۆشراو بوو، هیچ جۆرە خشڵ و زێڕ و ملوانکەیەکی پێوە نەبوو. ئەسپێکی ماندوو شەكەت و لاواز دەرکەوتەی پێ بوو، بەڵام ئێجگار جوان، پرچ و کلک درێژ، سنگ بەرز و ملی بۆ زەوی شۆرکردبووه‌وە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەسپی رەسەنی کوردی لە کوردستان ئاوا پەروەردەی دەکەن.
دەڵێت: فاته‌ڕه‌ش سەرکردایەتیی هێزێکی پڕ چەکی دەکرد، زۆر جیاواز و سەرنجڕاکێش خەنجەری ئەلبانی و رمی ئەفغانی، هەندێکیان تفەنگی بەریتانیيان پێ بووە، پێدەچێت لە کۆمپانیاکانی بیرمینگهامی(Birmingham)  بەریتانیيەوە دەستیان کەوتبێت، ڕم و شمشێر و جلوبەرگی کوردانە، پیادە و ئەسپسواری لێهاتوو، بەشێوەیەک دەڕۆشتن تەواوی ژن و منداڵ و رێبوارەکانی ئەستەبوڵیان سەرسام کردبوو، بە تایبەت ژنە تورکەکان لە ماڵەکانیان دەهاتنە دەرەوە، سەیری فاته‌ڕه‌ش و جەنگاوەرەنیان دەکرد، ئه‌م ديمه‌نه‌ بۆ ئه‌وان زۆر نامۆ بوو! چۆن ژنێک سەرکردایەتیی هێزێک ده‌کات،‌ سەرجەمیان پیاو بن و ئه‌ويش رووخساری دانەپۆشى بێت و هیچ پابەندبوونێکی ئایینی تێدا نەبێت، وەک (حیجاب و نیقاب) جلوبەرگی کوردانە و سەربەرزانە به‌بێ ترس بە شەقامەکاندا بڕوات!
رۆژنامەی لا ئیلوسترەیشن (La Illustration) بابەتێکی لەسەر (فاته‌ڕه‌شی) کوردان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، دەڵێت: فاته‌ڕه‌ش ئامازۆنێکی نوێیە (The new Amazon)   کۆتا رۆژەکانمان لە ئەستەنبوڵ (القسطنطينية) شتێکی نوێمان بینی و ئێمە گەواهی ئەوە دەدەین، ئەوەی لە شەقامەکانی ئەستەنبوڵ بینیمان لە رۆژهەڵاتی ناوین نەبینراوە! شەقامەکانی ئەستەنبوڵ خرۆشابوو، لە خەڵک و بە تامه‌زرۆییەوە سەیری ژنێکی بەهێز ئۆرنلیۆ (Orléans) يان ده‌كرد، فاته‌ڕه‌شی شاری (ماراش)، بە جلوبەرگێکی زۆر تایبەت و جوانەوە، لەگەڵ 500 ژنی کوردا  لە شەقامەکانی ئەستەنبوڵ پێشبڕکێیان دەکرد، سەرجەمیان چەکدار بوون، بەشێوەیەک بوون هەرگیز شتی وا نەبیراوە، جۆشی هەموو موسڵمانەکانیان گه‌ياندبووه‌ لوتکە، بە تایبەت ژنە موسڵمانەکان.
ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێ بدەین هەر لە رێبوارەکانی سەر شەقامەکانی ئەستەنبوڵەوە، تا جەنەڕاڵە ئینگلیز و فەرەنسيیەکان و چەکدارەکانیش، شێوەکار و رۆژنامەنووسەکان هەمووی سەرسامی ئازایەتی و چاونەترسی فاته‌ڕه‌ش بوون، چۆن هێزێکی ئاگرین و ژنێکی سەرکەش و بە توانا چاونەترس بووە، بە شێوەیەک سەرسامی ئەم ژنە بوون، جەنەڕاڵە ئەورپييه‌کان تاوەکو دەگاتە ئەو ئاستەی قۆماندانە تورکەکان دژایەتیی فاته‌ڕه‌ش بکەن و ئیرەیی پێببەن، چونکە زیاد لە پێویست بێگانەکان بایەخیان بە فاته‌ڕه‌ش داوه‌. ئەوەتا (ماریا یۆنگ) لە پەرتووکەکەی خۆیدا دەڵێت: فاته‌ڕه‌ش خۆی لە ریزەکانی سوپادا نە دەبینی، نە دەچووە ژێر فەرمانی سەرپەل و جەنەڕاڵەکانەوە، نە خۆی نە پیاوەکانی،هیچ بەرگێکی یونیفۆرمی سەربازی نە دەپۆشی، ژنێکی یاخی سەرکەش بوو، رووخساری ترسناک و ناشرین و دڵڕەق بوو. 
رۆژنامەنووسە ئەورپييه‌کان بە پێچەوانەوە باسی دەکەن و دەڵێن: فاته‌ڕه‌ش ژنێکی میهرەبان و سەرکردەیەکی بەهێز بوو، سەرکردایەتیی هێزێكی پڕ چەکی دەکرد، هێزێک هەموومانی سەرسام کردبوو، بە سوارچاکی و چەک و جلوبەرگەکانیان لە هەندێک شوێندا، دەڵێن: سەربازە کوردەکانمان دەبينی بە ئەسپەکانیان به ‌جۆرێك غارغارێنيان دەکرد، زۆر شێتانە بوو، چۆن بەو خێراییە خۆیان هەڵدەدایە خوارەوە بۆ سەرزەوی و دووبارە بەرز دەبوونەوە، دەچوونەوە سەر ئەسپەکانیان! ئەمەمان بەس لە کوردەکاندا بینيوە، لە نەتەوەکانی دیکەدا بەدیمان نەکردووە.
لە ساڵی 1887 سەرلەنوێ فاته‌ڕه‌ش سەردانی شاری ئەستەنبوڵ دەکات و رۆژنامەی (The Pall Mall Gazette)  بەریتانی لە راپۆرتێکی خۆیدا بەم شێوەیە باسی دەکات و دەڵێت: (Kara Fatma "The Amazon)) واتا فاته‌ڕه‌ش سوپەر پاڵەوان دووبارە هاتەوە بۆ ئەستەنبوڵ، بە ڕووخسار و پێستێکی وشکهەڵاتوو، بە گۆنایەوە نیشانەی برین جێمابوو، دەستێک جلوبەرگی پیاوانەی نیشتمانی کوردانەی لەبەردا بوو، بە رەفتار و جوڵە و هێزی هەر لە ژنێکی 40 ساڵان دەچوو، نەک ژنێکی تەمەن 75 ساڵان. شمشێرێکی درێژی بە بەردی تایبەت نەخشێنراو، وەک شێوازی کازاکێکانى لە شانی کردبوو، هەروەها مەدالیایی ئازایەتی لەسەر سنگی دابوو، لەلایەن سوڵتانەوە پێی بەخشرابوو. لە جەنگی کریما شاڵێکی سەرلەشکری سوپای عوسمانى لە شانیيەوە بۆ کەمەری بەستبوو، ئەو شاڵە تایبەت بووە بە سەرلەشکر و سەرهەنگەکانی سوپا. بە بڕوای ئێمە بەم شێوەیە رۆیشتن بە کۆڵانەکانی ئەستەنبوڵدا زۆر سەرنجڕاکێش بوو، لەو کاتە هەموو بیریان دەکردەوە، فاته‌ڕه‌ش خۆی و چەکدارەکانی یەکەمجار هاتنە ناو ئەستەنبوڵەوە، چوونە ئەو کەمپەی جەنەڕاڵ (Lespinas)   لێ بوو، لە ناوچەی (Dobrogea) جێگیر کرابوون، کاتێک جەنەڕاڵ (Lespinas)  لە پڕ گوێی لە موزیک و گۆرانی و تەپڵ و دەهۆڵ و زوڕنا دەبێت، لە چادرەکەی خۆی رادەپەڕێت و پرسیاری ئەوە دەکات، ئەو هێزە کێن؟ ئەوانە سەر بە چ نەتەوەیەکن، هاتوونەتە ئەم کەمپەوە!؟ هەموویان سەرسام بوون، بە رەفتار و جلوبەرگ و موزیک و سوارچاکی ئەو هێزە و کەسیان نەیاندەتوانی ئەو مەتەڵە هەڵبهێنن، کۆدی نەتەوەیی ئەو سوارچاکانە بدۆزنەوە، لە پڕ ئەسپسوارێکی ڕەنگين کە ژنێک بوو، بە دوایدا 300 چەکدار وەک شێت بە خێراییه‌کی زۆر ترسناک، لە ئەسپەکانیان دەهاتنەخوارێ و پێکانیان بەر زەوی نەدەکەوت و بە قەڵەمبازێک دەچوونەوە سەر پشتی ئەسپەکانیان. پێشڕەوەکەیان ژنێک بوو، ژنێکی گەنم رەنگ، چاوەکانی زیت و بە وریاییەکی زۆرەوە، سەیری ئەم لاو ئەو لای خۆی دەکرد، لە چاوەکانیدا هەموو شتێکت دەخوێندەوە، رێک پاڵەوان بوو، لە پاڵەوانێکی بێوێنە دەچوو، کاتێک گه‌یشتە بەردەم جەنەڕاڵ (Lespinas) و لە زینی ئەسپەکەی، خۆی فڕێ دایە خوارێ و سڵاوێکی سەربازيیانەی لە جەنەڕاڵ کرد و لە ڕێگەی وەرگێرەکەیەوە پێیگوت: من هاتووم لەگەڵ رووسەکان بجەنگم. جەنەڕاڵ لیسپیانس بە خۆشحاڵیيەوە گوتی: هەموو کەمپەکە لە خزمەتی ئەم کوردە ئازایانەدا دەبێت و فەرمانی دا، هەرچی پێویست بوو بيخه‌نه‌ خزمەت فاته‌ڕه‌شه‌وه‌. هەر ئەو شەوە جێگای حەوانەوەیان لە کەمپی سەربازە فەرەنسييه‌کان، لە ئەستەنبوڵ بۆ تەرخان کردن، بەڵام فاته‌ڕه‌ش بەو هاوکارییە کامەران نەبوو، هەر بۆیە بە جەنەڕاڵی گوت: ئێمە لە ژێر فەرمانی هیچ کەسدا نابین و نەبووین، کەس ناتوانێت فەرمانمان بەسەردا بکات، هەر بۆیە سبەینانێکی زوو جەنەراڵ هەموو جەنگاوەرە کوردەکانی بینی بە سەر زینی ئەسپەکانەوە بوون، چوونە گردێک نزیکی کەمپەکە و لەوێدا رەشماڵیان هەڵدا و لە دوورەوە ئاشقی ئەو موزیکە خۆش نایابە بوو، کوردەکان دەیان چڕی، هاتنی فاته‌ڕه‌ش دووبارە بۆ ئەستەنبوڵ سەرەتای جەنگی کریمای بیری خەڵکی سەر شەقامەکان دەخستەوە، بۆیە بە تامەزرۆوە لە فاته‌ڕه‌شیان دەڕوانی هەوڵیان دەدا بیدوێنن و قسەی لەگەڵ بکەن.

شێواندنی ڕاستیەكان لە نێوان فاتەڕەشی كورد و قەرە فاتم ی توركدا
دوژمنانی كورد هەمیشە هەوڵ دەدەن سەروەرییەكانی نەتەوەی كورد چەواشە بكەن، زۆرن ئه‌وانه‌ى هەوڵی شێواندنی فاته‌ڕه‌شی کوردانیان داوە، بە تایبەت لە سەردەمی مستەفا کەمال ئەتاتورکدا، ژنێکیان دروست کرد بە هەمان ناو،‌ وەک سەرکردە و قارەمانی جەنگ نیشانیان دەدا، رۆژنامە و گۆڤارەکان زۆریان لەسەر دەنووسی و وێنەکانیان لە کوچە و کۆڵانەکاندا بڵاودەکردەوە، ئەم کارەش هەر بۆ ئەوە بوو فاته‌ڕه‌شی کوردان لێڵ و بزر بکەن و ناوی لە بيری خەڵکیدا نه‌هێڵن، چونکە لە دوای مەرگی فاته‌ڕه‌ش بە دەیان ساڵیش لەنێو تورکەکاندا، باس هەر باسی قارەمانێتی فاته‌ڕه‌شی کوردان بوو، هەر بۆ ئەوەش قەرەفاتمیان هێنایە مەیدانەوە، تاوەکو ئاستی زۆر نەک لەلای تورکەکان، بگرە لەلای کوردەکانیش فاته‌ڕه‌شیان شێواند، محەممەد بایراک لە کتێبەکەیدا بە ناوی (ژنی کورد) بە ڕوونی ئاماژە بە بوێری و ئازایەتی و جیاوازی کاره‌کتەری ژنی کورد و فاته‌ڕه‌ش بە نموونەی جەربەزەیی، ئازایی و سەربەخۆی دەهێنێتەوە و دەڵێت: تورکەکان هەوڵی شاردنەوەی توانای ئەم ژنە کوردەیان داوە و ویستوویانە لەنێو کلتووری خۆیاندا بزری بکەن، هەروەها دەڵێت: بە درێژایی مێژووی ئیمپراتۆری عوسمانی، بەم جۆرە ژنێک نەبووە بەشداری لە جەنگدا کردبێت جگە لە فاته‌ڕه‌ش.
لە دوای ئەو ناو و ناوبانگەی بەخشرایە فاته‌ڕه‌شی کوردان، هەر لە شازادەی کوردستان و ئامازۆنی نوێی کورد و ورنلیۆ ژنێک لە زێر و...هتد، جگە لە خەڵاتی ئازایەتی لەلایەن سوڵتانەوە، سەدان وتار و دیدار لە سەردەمی خۆیدا لەگەڵ فاتەڕەش و جیاوازیی جێندەری و مافی ژنان و لەنێوان تورک و کوردا سەدان بەڵگەنامە بە تەواوەتی لە مێژووی ئیمپراتۆری عوسمانی و مێژووی جیهاندا چەسپێنرا، ژنە کوردێک پاڵەوانی جەنگی کریما بووە، نەک ژنە تورکێک، ئەمە بۆ تورکە فاشیستەکان جێگەی قبووڵ نەبوو، بۆیە زوو کەوتنە خۆیان و لە سەردەمی ئەتاتورک (مستەفا کەمال) فاته‌ڕه‌شێکی درۆینەیان دروست کرد و ناو و وێنەیان بە تەواوی تورکیادا بڵاوکردووە و داستانی درۆینەی زۆریان بۆ چنیيەوە، بۆ ئەوەی لە هزر و بیرەوەریی تاک بە تاکی تورکیادا، فاته‌ڕه‌شی کوردان لە بیرببەنەوە، بەشێوەیەک ناوی فاته‌ڕه‌شیان شێواند، جێگای داخە بە دەگەمەن کوردەکان خۆشیان بۆیان جیادەکرێتەوە، کێ پاڵەوانی راسته‌قینەیە! هەر بۆ نموونە مۆزەخانەی کوردی لە وڵاتی سوید (Kurdish Exile Museum) هەروەها ماڵپەڕی مێژووی کورد (saradistribution) کە ماڵپەڕێکی مێژووی کوردییە، لە تۆمارێكيدا وێنەی قەرەفاتمی تورکیان داناوە بە کورد ناساندویانە، بە شێوەیەک تێکەڵيان کردووە، وێنەی فۆتۆگرافی قەرەفاتمی تورکان و نیگارەکانی فاته‌ڕه‌شی کوردانیان پێکەوە داناوە! لە کاتێکدا سەردەمی فاته‌ڕه‌شی کوردان و قەرەفاتمی تورکان 65 ساڵ زیاترە، ئەو کات دەردەکەوێت پیلانەکانی تورک بۆ سڕینەوەی مێژووى نەتەوەیەکی وەکو کورد چۆن سەرکەوتوو بووە.
فاته‌ڕه‌شی تورکان ناوی تەواوی فاتیمە سەحەر ئیردەن (FatmaSeherErden) لە ساڵی 1888 لە شاری داگیرکراوی باکووری کوردستان لە ئەرزڕووم لە دایکبووە. لە دوای رووخانی عوسمانلی و لە سەرەتای جەنگی یەكەمی جیهانی، لە ساڵی 1919 دەچێتە سیڤاس، ئەو شوێنەی مستەفا کەمال كۆنگرەی تێدا دەبەستێت، لەگەڵ مستەفا کەمال پەیوەندی دەگرێت و دەبێتە دۆستی، لە پاش ئەوە مستەفا کەمال گرووپێکی 45 ژنی بۆ ڕێک دەخات و فاتمە سەحەر دەکاتە سەرۆکی گرووپەکە، ئیتر لە دوای گەورەکردن و رێکلامی جۆراوجۆر، بە خواستی ئەوەی لە مێژووی تورکدا ژنێک هەبێت هاوشێوەی فاته‌ڕه‌شی کوردان، چونکە ئەوان باش ئەوە دەزانن، تەواوی رۆژنامە ئەوروپی و ئەمریکييه‌کان فاته‌ڕه‌شیان بە کورد ناساندووە، زێدی یەکەمی فاته‌ڕه‌شیان بە کوردستان و چیاکانی کوردستان ناو بردووە، رۆژنامەیەک نیيە لەو رۆژنامانە نەڵێن: فاتەڕەش شازادەکەی کوردستان. هەر بۆیە بە بەرنامە فاتمە سەحەری تورکیيان گەورە کرد و لە هەندێک شوێندا دەڵێن: بەشداریی جەنگی گریکەکان (یۆنان)ـى کردووە، سەرکردایەتیی 700 چەکداری پیاوی کردووە، هەتا توانییان فاتمە سەحەر بکەنە ژنە پاڵەوانێکی درۆینەی تورک.
 خۆشبەختانە هیچ رۆژنامەیەکی ئەوروپی و ئەمریکی ناویان نەهێناوە و گرنگیان پێ نەداوە، هەروەها لە ساڵی 1920 خەڵاتی ژنی ئازایان پێ بەخشی، هاوکات چی بۆ فاته‌ڕه‌ش کراوە، هەمان شتیان بۆ فاتمە سەحەر دووبارە کردووەته‌وه‌، بەوەشەوە نەوەستان لە 27/04/2017دا زنجیرە درامایەکیان بە ناوی "قەرەفاتم" لە 25 زنجیرەدا تۆمار کرد، بەوەش ئەوەندەی دیکە گرەوی درۆینەی خۆیان بردەوە و فاته‌ڕه‌شی کوردان و شازادەکەی کوردستانیان لە هزری تاک بە تاکی کورددا کاڵ کردەوە، بە شێوەیەک کاریان لەسەر کرد، ئەستەمە باسی قەرەفاتم بکرێت و ئەو درامایە نەیەتە خەیاڵ تورکەکانەوە.
هەرچەندە توركەكان هەوڵێكی زۆریاندا، فاتەڕەش لە كلتووری خۆیاندا بتوێننەوە، بەڵام هەوڵەكانیان سەری نەگرت و نەیانتوانی كوردبوونی فاتەڕەش بسڕنەوە، هەموو ئەو بەڵگانە دەریدەخەن فاتەڕەش دڵۆپێك خوێنی توركی لە جەستەیدا نەبووە، زۆربەی ڕۆژنامە بەریتانی و فەڕەنسیەكان بە ئەمازۆن و پاڵەوان و شازادەكەی كوردستان ناویان بردووە، سەرەڕای ئەوە بەڵگە بۆ کوردبوونی فاتەڕەش ئەوەندە بەسە، سوڵتان عەبدولمەجید پێى دەڵیت: "تۆ بەو هەموو ئازایەتیيەوە بۆ تورکی نازانیت؟" وەڵامی فاتەڕەش بێ سڵ کردنەوە دەڵێت: "ئەگەر تۆ کوردی بزانیت، پێویست نیيە بە تورکی قسە بکەیت." نەک هەر تورک و تورکمان نەبووە، بەڵکو زمانی تورکیشی نەزانیوە! لە پەرتووکەکەی کامەران بەدرخاندا ئاماژە بەوە كراوه‌، فاته‌ڕه‌ش جگە لەوەی بە سوڵتانی گوتووە: "ئەگەر تۆ کوردی بزانیت پێویست نیيە بە تورکی قسە بکەیت،" بەڵکو دەڵێت: "ئەگەر تۆ تورکت بناسیایە، بە تورکی قسەت نەدەکرد." 
سەرەڕای هەموو ئەوانەی باس كران، چەندین ژنی كارامە، پلە و پۆستی بەرزیان هەبووە و ڕۆڵی گرنگیان بینیوە،لە بەشداری ژنان لە كایەكانی كۆمەڵگا لە سەردەمێكی دواكەوتوودا، كاری جوان و لێوەشاوەیان ئەنجام داوە، هەر نەوەیەك هەنگا و بەهەنگاو بە نەوەی دوای خۆی سپاردووە، تا گەیاندوویانە ڕۆژگاری ئەمڕۆ، كارە باش و لێهاتووەكانیان مایەی شانازی نەوەكانی دوای خۆیانن.

وتاری نووسەران