کەرکووک وەک یەکێک لە دێرینترین مەڵبەندەکانی نیشتەجێبوون لە جیهاندا، مێژووەکەی پەیوەستە بە ڕەگ و ڕیشەی نەتەوە ڕەسەنەکانی ئەم خاکە و زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، ئەم شارە تەنیا جێگایەکی جوگرافی نییە، بەڵکو گەواھیدەرێکی زیندووی شارستانییەتە دێرینەکانی مرۆڤایەتییە کە لە باوەشی نیشتمانی کورداندا چەکەرەیان کردووە. ئەگەر بە وردی لە لاپەڕەکانی مێژوو بڕوانین، دەبینین پێکھاتە و ناونانی ئەم شارە لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆزە نیشتەجێیانەی کە لە بناری چیا سەرکەشەکانەوە هاتوونەتە خوارێ و بنچینەی ژیانیان لەم ناوچەیەدا داناوە، هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە، ئەم مەڵبەندە بە دەستی هۆرییەکان، کە یەکێکن لە باوانە هەرە دێرینەکانی گەلی کورد، ئاوەدان کراوەتەوە و ئەوان بوون کە بنەڕەتی قەڵا بەرزەکەیان دانا، ئەو قەڵایەی کە تا ئەمڕۆش وەک ناسنامەیەکی نەتەوەیی و مێژوویی لە جەرگەی شارەکەدا ڕاوەستاوە و بەرەنگاری هەموو گۆڕانکارییەکان بووەتەوە.
لە قۆناخێکی تری گرنگی مێژووییدا، گەلانی گۆتی کە ئەوانیش بەشێکی دانەبڕاون لە مێژووی زاگرۆس، توانییان کۆتایی بە دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی ئەو سەردەمە بهێنن و سەرتاسەری ناوچەکە بگرنە دەست و بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەک حوکمڕانییەکی بەهێزیان کرد و ئەم شارەیان وەک پایتەختی دەسەڵاتی خۆیان هەڵبژارد، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە شارەکە لەسەر دەستی مرۆڤی زاگرۆسی بنەڕەتی بۆ داڕێژراوە و هەموو بەردێکی ناو ئەو قەڵایە گوزارشت لە ڕەسەنایەتی ئەو نەتەوەیە دەکات. تەنانەت دەربارەی ناوی شارەکەش، گێڕانەوە مێژووییەکان و یادەوەرییەکانی ناو خەڵک جەخت لەوە دەکەنەوە کە کاتێک وەستا و کرێکارە لێهاتووەکانی کورد خەریکی بونیادنانی قەڵا مەزنەکە بوون، شارەزا و گەڕیدە بیانییەکان لەو سەردەمانەدا کاتێک تەماشای ئەم تەلاری و قایمکارییەیان کردووە، سەرسامی خۆیان بەوە دەربڕیوە کە ئەمە کارێکی تەواو و بێ کەموکوڕییە و پێیان گوتووە "کارێکی کۆک"، هەر لەم دەستەواژەیەوە کە ئاماژەیە بۆ ڕێکوپێکیی کارەکە، ناوی شارەکە بەرە بەرە بووەتە ئەو ناوەی کە ئەمڕۆ پێی دەناسین، کە ئەمە دەیسەلمێنێت ناسنامەی شارەکە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ڕەنج و ماندووبوونی مرۆڤی کوردەوە.
لە لایەکی ترەوە، بۆچوونێکی تری زۆر بەهێز کە لە ڕووی زانستی و جوگرافییەوە لەگەڵ سروشتی ناوچەکەدا دەگونجێت، ناوی "گڕکۆک"ـە، ئەم ناوە کە لە دوو وشەی کوردی پێکهاتووە، ئاماژەیە بۆ ئەو گڕە هەمیشەییەی لە ئەنجامی گاز و نەوتەوە لە ناخی ئەم خاکەدا دەردەچێت و بە ئاگرە بێکوژانەوەکە ناسراوە، ئەم گڕە کە هەزاران ساڵە لە دەوروبەری شارەکە دەبینرێت، ناسنامەیەکی سروشتییە کە تەنیا بە زمانی دانیشتووانە ڕەسەنەکەی واتە کوردە زاگرۆسییەکان ناونراوە و گۆڕانی بۆ "کەرکووک" تەنیا گۆڕانێکی دەنگییە، دەنا بنەچەکەی هەر وەک خۆی بە کوردی ماوەتەوە. هەرچەندە لە سەردەمە جیاوازەکاندا و بەهۆی هێرشی هێزە دەرەکییەکانی وەک ئەکەدی و ئاشوورییەکانەوە هەوڵ دراوە ناوی شارەکە بۆ زمان و فەرهەنگی ئەوان بگۆڕدرێت، بەڵام واتای ناوەکان لەو زمانانەشدا هەر ئاماژەن بۆ "شوێنێکی تەواو" یان "کارێکی ڕێکوپێک"، کە ئەمەش دانپێدانانی ناڕاستەوخۆی داگیرکەرانە بەو کارە مەزنەی کوردەکان لە ئاوەدانکردنەوەی شارەکەدا ئەنجامیان داوە.
سەلماندنی کوردستانی بوونی کەرکووک پێویستی بە تێڕامانە لە شێوازی ژیان و ئەو شوێنەوارانەی تەمەنیان دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر، چونکە هەموو ئەو هۆز و گەلانەی لەم شارەدا دەسەڵاتدار بوون و ئاوەدانیان کردووەتەوە، ڕەگ و ڕیشەیان دەچێتەوە سەر یەک سەرچاوە کە مرۆڤی نیشتەجێی چیا و دەشتەکانی کوردستانە. کەرکووک وەک دڵێک وایە کە خوێن بۆ هەموو جەستەی نیشتمان دەنێرێت و لە مێژوودا هەمیشە سەنگەری بەرگری بووە، ئەو شارەی لەسەر دەستی هۆری و گۆتییەکان بینا کرا، نابێت تەنیا وەک شوێنێکی جوگرافی تەماشا بکرێت، بەڵکو دەبێت وەک ڕوحی نەتەوەیی کورد سەیر بخەمڵێنرێت، چونکە مێژوو سەلماندوویەتی کە ناوی شارەکە و خاکی شارەکە و قەڵاکەی، هەموویان پێکەوە باس لە چیرۆکێک دەکەن کە تەنیا بە زمانی ئەو نەتەوەیە دەخوێندرێتەوە ،کە هەزاران ساڵە لێرە خاوەندارێتی لە ژیان دەکات. کەرکووک هەمیشە بە کوردستانی دەمێنێتەوە، چونکە ڕاستییەکان لەناو خاکی ئەم شارەدا بە قووڵی چێندراون و هیچ هێزێک ناتوانێت ئەو ناسنامە زاگرۆسییە لە ڕەگی ئەم شارە جیا بکاتەوە، وەک چۆن ئاگری گڕکۆک هەرگیز خامۆش نابێت، مێژووی کوردستانیبوونی ئەم شارەش هەر بە گەشی دەمێنێتەوە.

وتاری نووسەران