
هیوا عومەر
ژیانمان لەناو قەیرانە ناوخۆیی و جیهانییەکاندا تا دێت قورستر دەبێت؛ ئەم قەیرانانە ئەگەرچی جیاوازن و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، بەڵام لە جەوهەردا پێکەوە گرێدراون. سەرهەڵدانی جەنگ، نەبوونی سەقامگیری و قەیرانە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، نەک هەر ژێرخانی وڵاتانیان هەژاندووە، بەڵکوو ناسەقامگیرییەکی قووڵی دەروونیشیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە.
قەیرانە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان مێژوویەکی درێژیان هەیە و دەمێکە چوونەتە قۆناغی "قەیرانی گشتگیر"ەوە. کێشەکە تەنها لە هەڵکشانی جیاوازییە چینایەتییەکان و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا نەماوەتەوە، بەڵکوو لەم ساڵانەی دواییدا، هەنگاو بە هەنگاو هاوتەریب لەگەڵ لاوازکردنی پەرلەمان، بەتەواوی دامەزراوە نیشتمانییەکان پەکخران و متمانەیان لای هاووڵاتییان لەدەست دا.
ئەو تەنگژانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕوومان دەبنەوە، بەرهەمی عەقڵییەت و فیکری سیاسیی باڵادەستن. لەوەش خراپتر، دنیای سیاسەت لە کایەیەکی مەعریفی و خزمەتگوزاری و گرێدانی بە ژیانی ڕۆژانە و شوێنی کارەوە، گۆڕدراوە بۆ مەیدانی درۆکردن و بڵاوکردنەوەی گوتاری ڕق و کینە. لە ئاستی جیهانیدا، "ترەمپ و ترەمپیزم" نوێنەرایەتیی ئەو ئایدۆلۆژیا ڕاستڕەوە پۆپۆلیستییە سەرمایەدارییە دەکەن؛ لە ئاستی ناوخۆشدا، بەڕوونی هەمان عەقڵییەت لەناو هێزە ڕاستڕەوەکانی دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵاتیشدا دەبینین.
ئەگەر وردتر لە دۆخی ناوخۆیی بڕوانین، دەبینین بەشداریی سیاسیی هاووڵاتییان و ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن کورت کراوەتەوە تەنها بۆ "ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی". دەرەنجامەکەی دروستبوونی ئەو باوەڕە کوشندەیەیە کە دەبێت چوار ساڵ جارێک، تەنها بۆ چەند خولەکێک بچینە سەر سندووقی دەنگدان و دواتر بگەڕێینەوە ماڵەوە و بێدەنگ بین. کاتێک ئۆپۆزسیۆنبوون کورت دەکرێتەوە بۆ "قیرەقیر" و دروشمبازى و هێزێکی داماڵدراو لە جیاوازیی فیکری، ئەوا بێدەسەڵاتی و ئەو نائومێدییەی ئەمڕۆ دەبێتە بەرهەمەکەی، کە تەواوی فەزای گشتی و تایبەتیی داگیر کردووین.
لێرەدا مرۆڤ لە "سوبێکت"ێکی کاراوە دەبێتە "ئۆبێکت" و پاشکۆی سیستەم؛ تەکنەلۆژیای زانیارییش لەبری هۆشیاری، مرۆڤی لەناو جەنجاڵییەکی بێمانادا سڕ کردووە. وەک "ژیژەک" دەڵێت: "کاتێک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ چینە پەراوێزخراوەکان زیاتر دەچەوسێنرێنەوە و سیستەمی سیاسی و ئابووری لە ژیانی هاوبەشی ماددی و مەعنەوی ودەیان خاتە دەرەوە و بێبەشیان دەکات، ئەوا ئەوانیش لە ڕێگەی هێزە پۆپۆلیستەکانەوە تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە".
ئەم دۆخە هاوکاتە لەگەڵ قەیرانی خۆتازەنەکردنەوەی هێزە چەپەکان، کە وای کردووە زەمینەی گەشەکردنی هێزە پۆپۆلیستەکان فراوانتر بێت و چینە هەژارەکان ببنە نێچیری گوتارە ڕاستڕەوەکان.