
خوێندنەوەیەك بۆ گۆڕانكارییە گەورەكانی هاوسەنگی هێز لەجیهاندا
هەندرێن ئەحمەد، رۆژنامەنووسو شرۆڤەكاری سیاسیی
گۆڕانكارییە نوێیەكانی سیستمی نێودەوڵەتی، چیتر بە لۆژیكی پێناسە و تێگەیشتنە كلاسیكی و باوەكان هەڵسەنگاندنی بۆ ناکرێت، دۆخەكە تۆڕێكی ئاوێتەیی و تێكەڵاوی پڕ لەململانێیە، ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات"ئەنتۆنیۆ گرامشی" پێی دەڵێ"قەیرانی بونیادیی"، لەنێو خودی سیستەمی نێودەوڵەتیدا. بەشێویەكی دیكە، ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێ، تەنها قەیرانی نیزامی نێودەوڵەتی نییە، بەڵكوو قەیرانی سەرمایەداری نیولیبرالیزمییە، تەنگژەیەكی راگوزەرە لە شێوازێكی هەژموونگەرایی بۆ یەكێكی دیكە، كەخۆی لە ناسەقامگیری و ركابەری كراوە دەبینێتەوە، لەنێوچوونی تاك جەمسەری و سەرلەنوێ بونیادنانەوەی چەند جەمسەریی!لەكۆتایی جەنگی سارد و هەڵوەشانەوەی یەكێتیی سۆڤیەت، وەك تێگەیشتنەكەی "شارلز كراوسامرە" كە دەڵی:"ترۆپكی چركەساتی تاك جەمسەری"ــیە، كاتێك ویلایەتە یەكگرتووەەكانی ئەمریكا هەموو پێناسەكردنەوەی رەوایەتیو ناڕەوایەتی نێودەوڵەتی قۆرخكردوو، بنەماكانی نەزمی نوێی جیهانی داڕشتەوە. پەیدابوونی تاك جەمسەری بەسەركردایەتیی ئەمریكا هەر سەركەوتنێكی جیۆسیاسیی نەبوو، بەڵكوو دەربڕی هەژموونی سەرمایەی (دارایی) ئەمریكی، دۆلاری كردە بنەمای نیزامی دارایی جیهانیو شێوازی جیهانگیری نیولیبرالیزمی بەسەر جیهاندا سەپاند. بەڵام ئەم چركە ساتە مێژووییەی تاك جەمسەری بەرەو گۆڕانكاری دیالیكتی هەنگاو دەنێ و وەكو خۆی نامێنێتەوە، بۆیە هەرزوو دیتمان چۆن دووچاری قەیرانێكی بونیادی بوو. كاتێك قەیرانی دارایی 2008 سەریهەڵدا، چونكە چیتر نەیتوانی لەوشێوازەی بەرهەمهێنانی كەڵەكەبوو بەبێ قەیران بەردەەوام بێت، هەر گرامشییە دەڵێ "چینی سەردەست توانای سەركردایەتی لەدەست دەدات، بێ ئەوەی هێزە جێگرەوەكانی بتوانن نیزامێكی نوێ بسەپێنن"، ئەوەتا كۆماری چینی میللی بەسەركردایەتیی حزبی شیوعی وەك "هێزێكی سیستماتیك" نموونەیەكی جیاواز لەنێو خودی سیستەمی سەرمایەداری پێشكەش دەكاتو رۆڵی گەورەی جیهانی دەگێڕێت.
چینشێوازیێكی دیكەی سەرمایەدارییە( بێ ئەوەی خۆی وەكو دەوڵەتێكی سۆسیالیستی، بلۆكی سۆسیالیستی لەبەرانبەر ئەوی دیكەی رۆژئاوایی سەرمایەداری رابگەیێنێت)، سەرمایە لەلایەن دەوڵەتەوە ئاراستە دەكرێو پشت بە ناوەندێكی وەربەرهێنان،ژێرخانو بەستنەوەی بازاڕ بەپلاندانانی ستراتیژی دەبەستێت، چونكە چین هەوڵی رووخاندنی نیزامی سەرمایەداری نادات، بەڵكو هەوڵی دابەشكردنەوەی هاوسەنگی لەناوەندێتی دەدات، لەرێگەی پڕۆژەكانی "پشتێنەی ئابووری و رێگەی ئاوریشم". ئەم پلانە هەر پرۆژەیەكی وەبەرهێنان نییە، بەڵكوو میكانزمی رێكخستنەوەی رێگەكانی بازرگانی جیهانیو تۆڕەكانی بەرهەمهێنانە. بەو مانایەی چین نموونەیەكی ئالنگاریو رێگرییە بۆ هەژموونی ئەمریكا، بەڵام هەر لەناو خودی نیزامە سەرمایەدارییە جیهانییەكەدا.لەم سەردەمەدا گەڕانەوەی رووسیای ئیتیحادی وەك هێزێكی كۆن جەمسەر، دەیەوێ رۆڵی هەبێت، خۆی وەك دەوڵەتێكی سەرمایەداری ئۆلیگاریشی، كە پشت بە پێگەی جیوسیاسی و ئابوورییەكی رەیعی (وزە)و هێزە سەربازییەكەی كە لەتوانای ئابوورییەكەی گەورەترە دەبەستێت، لەم روانگەیەوە رووسیا رۆڵی پەكخستنی پلانەكانی ئەمریكا ودراوسێییە ئەوروپاییەکانیشی دەدات، تاوەكو بەشداربێ لەپرسە جیهانییەكان، لەئەگەری دابەشكردنەوەی هاوسەنگی هێزی جیهانی، هاوپەیمانیشی لەگەڵ هەریەك لە چینو ئێران هەوڵكێكە بۆ ئەو هێزە هاوسەنگییە، بەڵام بەشێوەیەكی تاڕاددەیەك سنووردار، نەك رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ.ناسینی نەزمی نوێی جیهانی بە سێ جەمسەری( واشنتن-پەكین -مۆسكۆ) هەموو دۆخەكە پێناسە ناكات، چونكە خوێندنەوەیەكی بەمشێوەیە، هێشتا فۆرمێكی سەقامگیریی نییە، ئەوەی هەیە بریتییە لە فرە جەمسەریی ناسەقامگیری، چونكە هێزەكان بەسەر چەندین ئاستی "ئاوێتە و دژ بەیەك" دابەش دەبن، هێزی دەوڵەتەكان، هەرێمەكان، كۆمپانیا سنوور بڕەكان، تۆڕەكانی ئابووریی و كاریگەرییەكانی تۆڕەكانی ئەنتەرنێتو لێكەوتەكانی رۆڵیان هەیە. لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە بابەتەكەی جۆزێف نای بكەین لەبارەی "هێزە میانڕەوەكان"، لەدوای پێشكەوتنەكانی تەكنۆلۆژیای بواری پێوەندی "هێزی ژیریی دەستكرد"یش دەگرێتەوە، كە توانای دەوڵەتەكان تێپەڕ دەكات.بەكورتی ئاماژە بەچەند بابەتێك دەكەین كە بۆچوونەكە باشتر رووندەكاتەوە:
یەكەم: ستراتیژیەتی ئەمریكا ( لە هەژموونگەراییەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاژاوەكان)، ئەمریكا هەر بەوە وازی نەهێنا وەك تاك جەمسەری سەربازی و پۆلیسی جیهانی رۆڵی دەگێڕا، بەڵكوو هەوڵی خۆ بەرهەمهێنانەوە دەدات لەرێگەی میكانزمی كەممەسرەفتر و میانڕەوتر، واتە لەبری "داگیركردنی راستەوخۆ" سیاسەتەكانی گۆڕی بۆ "ئیمپراتۆریەتێكی قبوڵكراو"، بەگرتنەبەری بەكارهێنانی سیاسەتی ئیدارەدانی ململانێكان، لەرێگەی نمایندەكانی(الوكلاو)و سەپاندنی سزاكان لەرێگەی میكانزمی جیۆئابووری و ئاراستەكردنو كۆنترۆڵكردنی ژێرخانی تەكنولۆژیاو زانیاری، شەڕەكان وەك بنەمای لاوازكردنی نەیارەكانی بەكاردەهێنێت.ئەم گۆڕانكارییە لەسیاسەتەكانی ئەمریكا، رێكوەك بۆچوونەكەی میشێل فۆكۆیە، لە تێگەیشتنی بۆ دەسەڵاتداری بەوپێیەی بریتییەلە "تۆڕێكی فرەوانی پەیوەندییەكان" نەك هەژموونێكی ناوەندی، كەئەمریكا چیتر لەرێگەی هەژموونگەرایی سەربازی لە ئارادانییە، بەڵكوو لەرێگەی " ئەندازەكردنەوەی هەموو بوارەكانی جیهانی" خۆی دەنوێنێ.
دووەم: رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەك گۆڕەپانێكی بەرهەمهێنانەوەی هێز :شەڕەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چیتر شەڕی باو و كلاسیكی نییە، بەڵكوو شێوازێكی نموونەیی "شەڕی تێكەڵاوە"،چونكەدۆخیجیوسیاسی لەگەڵ ئایین-تایفەگەرایی،ئابووریی لەگەڵ ئاسایش و میدیا لە شەڕەكاندا ئاوێتەی یەكتری بوونەوە، هەموو بەیەكەوە وێنەیەکی نوێی شەڕەكان پیشان دەدەن،سەرەڕای قەیرانێكی بونیادی لەدروستبوونی ئەو دەوڵەتانە، كە خۆی لە"قەیرانی دەوڵەت"ــدا دەبینێتەوە.وادێتە پێشچاو كە هێزە هەرێمایەتییەكان تەنها داردەست نین، بەڵكوو بوون بە كارەكتەری سیاسی لەناوچەكەدا، ئەمەش جارێكی دیكە جۆرێك لەهاوسەنگی پێكدەهێنن. توركیا، ئێران وڵاتانی كەنداوی(عارەب)، پیادەی سیاسەتێك دەكەن دەكرێ ناوی بنێین "سەربەخۆیی ستراتیژیی رێژەیی"،بەجۆرێك جێگۆڕكێ لەنێوان هێزە گەورەكانی جیهان دەكەن لەسەر بنەمای لۆژیكی پراگماتیكی و بەرژەوەندی نزیك مەودا، نەك وەكو پێشتر لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژی دابڕاو سیاسەت بكەن، بگرە لەوەش بەرچاوتر، ئێستا كارەکتەرە هەرێمایەتییە نادەوڵەتییەكانیش رۆڵی دەوڵەت لەناو دەوڵەت بەپێی بەرژەوەندیی دەركی دەگێڕن. بۆیە دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی نیوەڕاست تەنها گۆڕەپانی شەڕو ململانێ نین، بەڵكوو گرێكوێرەی سەرمایەداریی جیهانین، چونكە ناوچەكە بەسەرچاوەیەكی سەرەكی وزەو رێڕەوە بازرگانییەكان دادەنرێت، لەو شەڕەی ئەمریكاو ئیسرائیل لەدژی ئێران، بەڕووونی دیارە ململانێیە بۆ سەرچاوەی وزەو دابەشكردنەوەی ناوچەی هەژموونو كۆنتڕۆلكردنی رێڕەوەكانی بازرگانیی جیهانی، كە شەڕ(ناوی شەڕی رەواو نا رەوای لەسەر ناسەپێت)،بووەتە میكانزمێك بۆ سەرلەنوێ رێكخستنەوەی بواری ئابووریی جیهانی.
سێیەم: ئەوروپا هێزێكی ئابووریی پاشكۆی پەراوێزخراو لە گۆڕانكارییەكانی جیهانیدا: باسكردن لەدۆخی ئەوروپا، پێویستی بە بابەتێكی تایبەتتر هەیە بەفرەوانی شیكبكرێتەوە، لەدەرفەتێكی دیكەداقسەی لەسەر دەكەین، بەڵام ئەوەی بۆ ئێستا پێویستە بگوترێت، وڵاتانی ئەوروپا سەرەڕای توانا ئابووریی و كاریگەرییەكانیان، بەڵام لەدۆخێكی سەرلێشواویو لەدەستدانی ستراتیژییسەروەریدا دەژین، واتە وڵاتانی ئەوروپا وەك ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا و رێكخراوی ناتۆ، ئێستا كەوتوونەتە پەراوێزی گۆڕانكارییەكانی ئەندازەكردنەوەی هاوسەنگی هێزی جیهانی، وەك یۆرگن هابرماس دەڵێ، نەیانتوانی پرۆژەی یەكگرتوویییان وەك كارەكتێكی سیاسی تەواوبكەن، پرۆژەی مۆردێنەتە تەواو نەكرا. ئەوروپا هەربەپاشكۆیی پێرەوی سیاسەتەكانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خۆیان هەڵپەسارد، بەمشێوەیش رۆڵی یەكێتیی ئەوروپا وەك كارەكتەرێكی سیاسی بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا خاوەن هێزێكی ئابووری و جیوسیاسی ئەوتۆیە كەتوانای بونیادی هەیە لەو قەیرانە دەربازی ببێت، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا دەتواننبەیەكگرتوویی ئەوە بكەنو خۆیان لە پەراوێزی سیاسیی جیهانی دەربازبكەنو ببنە كارەكتەرێكی سیاسیی رێژەیی؟.لەم بارودۆخەدا ، ئایا چەمەكانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان وەكو خۆی ماون؟چەمكە كلاسیکیەكان، بەتایبەتی چەمەكەكانی قوتابخانەی واقیعی وەك لەلای هانس مۆرگن ساو، چیتر ناتوانن هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی جیهانێكی تێكئاڵاو بكەن، جیهانی نوێ، سەردەمی جیهانگیری سەروەری وڵاتانی خستەژێر پرسیار، ئابووری سنووربڕ ئاسایشی نەتەوەیی دەستەوەستان كرد، جۆرو هەڵایسانی شەڕەكان، پرسی رەوایەتیو ناڕەوایەتی گوتارە میدیاییەكانی سەرلێشواو كردووە.بەم دۆخەوە ئێمە لەبەردەم پێداویستییەكی گرنگی هەنووكەیین، كە پێویستە جارێكی دیكە بوارێكی نوێ بۆ داڕشتنەوەی تیۆرەكانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بكەینەوە، لەسەر بنەمای نوێ، كە هەڵوەشانەوەی ناوەندێتی و بەرفرەبوونی كارەكتەرە سیاسیە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەكانو هەڵپەساردنی بەڵگەنامەو پەیاماننامەكانی نێودەوڵەتی لەبەرچاو بگرێت.هەنووكە نەتەوەیەكگرتووەكان دوای زیاتر لە حەفتاوپێنج ساڵ لەدامەزراندنی، وەك دامەزراوەیەكی پەكخراو و پەراوێزخراو لە رووداوە جیهانییەكان دا دێتە پێشچاو، ئەمەش بەهۆی پێكهاتەی ئەنجوومەنی ئاسایش و مافی ڤیتۆی پێنج دەوڵەتە هەمیشەییەکە، لێرەدا بەڕوونی ناكۆكی لەنێوان رەوایەتی یاسای نێودەوڵەتی و واقیعیەتی سیاسی بەدیار دەكەوێت.هێزە گەورەكانی جیهان بەتایبەتی ئەمریكا، وەها مامەڵە لەگەڵ نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات، كە میكانزمێكی داردەستەیە، ئەوەش رێك ئەو بۆچوونەیە كە ئیدوارد كارپێناسەی دەكات و دەڵێ:"نیزامی دەولی رەنگدانەوەی هاوسەنگی هێزی جیهانییە نەك بەهاكان)دادپەروەری، ئازادی، دیموكراسی)(القیم المجردە)، هەر بۆیە پاشەكشێو هەڵوەشانەوە لە جیهانگیری نیولیبراڵلیزمدا دەبینین، كە خۆی لە گەڕاندنەوەی سەرمایەیە بۆ ناو دەوڵەتو بەدیاركەوتنی سیاسەتی "ئەمریكا لەپێشدا" بەنموونەی خۆپارێزی(الحمائیە) دەنووێنێ، كە دەوڵەتەكان ناچارن لەگەڵ واقیعیەتی سیاسی خۆبگونجێنن.بۆ تێگەیشتن لە رووداوە هەنووكەییەكان، پێویستە خۆمان لەدووانە كلاسیکییەكان رزگاربكەین(شەڕوئاشتی، ناوەندێتی و پەراوێز، باكووری دەوڵەمەندو پێشكەوتوو لەبەرانبەر باشووری هەژارو دواكەوتوو)، واتە پێویستە لەجوغزێكی فرەوانترەوە سەیری جیهان بكەین، لەسەر بنەمای ئابووریی سیاسی جیهانی، شیكردنەوە ی چیڕۆكە سەپێنراوەكان و هەژموونی کولتووری و تیۆرییەكانی دوای كۆلۆنیالیستی(داگیركاری راستەوخۆ)،چونكە لە سەردەمی نوێ، هێز تەنها داگیركردنی خاك نییە، بەڵكوو داگیركردنو كۆنتڕۆلكردنی چەمك و مانا بەخشینە بەرووداوەكانو "گێڕانەوەی زاڵەكان"،واتە پێدانی تێگەیشتنە بەهەر كارێك، تەنانەت ئەگەر دژی لۆژیکی تێگەیشتنی كلاسیكیش بوو لەرووداوە سەردەمییەكاندا.لەكۆتایی ئەم بابەتەدا دەتوانین بەكورتی بڵێین: سیستەمی نێودەوڵەتی لە قۆناخی نوێی درووستبوونەوەدایە،پەڕینەوە لەو سیستمە بۆنیزامێكینوێی(دوایسەرمایەداری)، هێشتا بەتەواوی فۆرمەڵە نەبووە، واتە هەنگاونانە بۆ فرە جەمسەری لەناو خودی سەرمایەدارییدا، ئەو نیزامە نێودەوڵەتییە نوێیە، بەسیمای فەوزای (ئەنارشیزمی) رێكخراو، لەهەموو سووچێكی ئەم جیهانە هاوبەشمانایە دەناسینەوە، لەم سەردەمەداهەژموونی راستەخۆ پاشەكشێ دەكات، هەرچەندە لەناوناچێتو هێزی نوێ پەیدادەبن، بەڵام سەقامگیری ناهێنێ. بۆیە پرسیاری سەرەكی بریتییە لە قسەكەی هێنری كسینجەر كەدەڵێ " گرنگ نییە چۆن نەزمی جیهانی مسۆگەر دەكەین، بەڵكو چۆن ئیدارەی دەدەینو بەبێ ئەوەی هەرەس بهێنێ"، ئەم چركە ساتە مێژووییە كراوەیە، تێیدا سیاسەت ململانێ نییە لەسەر هێز، بەڵكوو ململانێیە لەسەر پێناسەكردنەوەی خودی جیهان بەهەموو لێكەوتەكانییەوە.
