فەرەیدوون سامان


 لە١٥ی گوڵانی هەموو ساڵێک وەک دیارکردنی بۆنەیەک بۆ ڕۆژی زمانی کوردی، لەنێوان پەسنی و ڕەتکردنەوەی دەستەبژێرێک لە نووسەران و زمانناسانی کورددا، بۆچوونی جیاواز دێنە ئارا، وەک کوردانی باکوور و ڕۆژاوا بە شانازییەوە یادی دەکەنەوە و ئاهەنگی بۆ دەگێڕن، هاوکات دەستەبژێرێک لە زمانناسان و ڕووناکبیرانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێیانوایە ئەم بۆنەی ڕۆژی زمانی کوردییە، زیاتر بڕارێکی سیاسییە و تاک لایەنە بڕیاری لەسەر دراوە، نەک بە کۆدەنگی دەزگە کەلتووری و ئەکادیمییەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان.
گرنگیشە لەبیرمان بێت کە خودی ڕۆژی زمانی کوردی پەیوەستە بە ڕووداوێکی سەرەکییەوە لە ڕێنێسانسی زمانی کوردیدا، ئەویش بە دەرچوونی یەکەم ژمارەی گۆڤاری "هاوار" لە دیمەشق لە ١٥ی گولانی ١٩٣٢، لە لایەن جەلادەت بەدرخان و هاوکارەکانییەوە. ئەم گۆڤارە بەشداری کرد لە دامەزراندنی ئەلفوبێی کوردی لەسەر بنەمای تیپی لاتینی، کە بە ئەلفوبێی هاوار یان ئەلفوبێی بەدرخانیش ناسراوە.
 لە ١٥ی گوڵان وەکوو ڕۆژی زمانی کوردی، نەک تەنیا وەک یادێکی زمانناسی یان ڕۆژنامەوانی، بەڵکو وەک ڕاگەیاندنێک کە زمانی کوردی لە ڕێگەی نووسین و بە دامەزراوەیی کردنەوە توانای چوونە ناو سەردەمی مۆدێرنی هەیە. دەستپێشخەرییەکەی جەلادەت بەدرخان زیاتر بوو لە هەوڵێکی زمانەوانی. هەوڵێک بوو بۆ ڕزگارکردنی زمانێک لە پارچەپارچەبوون و دانانی لەسەر ڕێبازی بەڵگەنامەی مۆدێرن و پەروەردە و هۆشیاری نەتەوەیی. هەر لە یەکەم ڕێنووسی هاوارەوە تا دەگاتە ململانێکانی ئێستا بۆ دانپێدانانی دەستوور، زمانی کوردی لە ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم پرسیارە بەردەوام بووە. لەو سۆنگەیەوە، کە من پارساڵیش وتارێکم لەو بارەیەوە نووسی و ( بە هەردوو زاری سۆرانی و بادینی)بڵاوکردەوە، لێرەشدا دووپاتی دەکەمەوە کە پرسی زمانی کوردی تەنیا کێشەی دیارکردنی ڕؤژێک نییە بۆ زمانی کوردی، هەر تەنها کێشەی ئەلفابیتا و ڕێنووس و  پیت و زاراوە و پرۆگرامی خوێندن نییە؛ بەڵکو بابەتی بوونی ناسنامەی نەتەوەیەکە. کە لە پێشەنگی پرسی نەتەوەیی کورد لە تەواوی کوردستاندا وەستاوە، نەتەوەیەک کە لە زمانەکەی بێبەش کرابێت، مافی ناوهێنانی خۆی و نووسینی مێژووی خۆی و گواستنەوەی یادەوەرییەکەی بۆ نەوەکانی داهاتووی لێ زەوت کرابێت، بۆیە ڕۆژی زمانی کوردی بۆنەیەکی زمانەوانی زوو تێپەڕ نییە، بەڵکو ڕۆژێکە بۆ هەموو کوردستان، نەک بەشێک یان شێوەزارێک، واتە دەست لێدان لە خودی جەوهەری مافی گەلی کورد، کە زمانەکەی لە دەستوور و دامەزراوەکان و خوێندنگەیەکان و زانکۆیەکان و کایەی گشتیدا ئامادە بێت. زمانی کوردی تەنیا ئامرازی پەیوەندیکردنی نێوان ڕۆڵەکانی نییە، بەڵکو یادەوەری نەتەوەیەکە و دەفری هۆشیارییەکەی و تۆماری ئازار و خەونەکانییەتی، ئەوانەی زمانی خۆیان لە دەست دەدەن، نەک هەر وشە و پیتەکان، بەڵکو خودی ناسنامەی بوونیان لە دەست دەدەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، سەرکوتکردنی زمانی کوردی لەوڵاتانی تورکیا، سوریا، ئێران، و پێشتریش لە عێراقدا، تەنیا ڕێکارێکی ئیداری یان پەروەردەیی نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە پڕۆژەیەکی سیاسی شۆڤینیستی قووڵتر: واتە لاوازکردنی هۆشیاری نەتەوەیی کورد و پچڕاندنی پەیوەندی نێوان گەلی کورد و بە مێژوو و جوگرافیاکەی. سەرەڕای دەوڵەمەندی زمانی کوردی لە شێوەزار و وشەسازی و ڕیتم و جوانیناسیدا و سەرەڕای قووڵایی وەک یەکێک لە زمانەکانی ڕۆژئاوای ئێران، لە مێژە لە هەلومەرجی گەشەسەندنی سروشتی بێبەش بووە. مافی خوێندنی فەرمی و زانکۆ و دامەزراوە فەرمییەکان و ناوەندەکانی توێژینەوە و ئەکادیمیای زمانەوانی بە پێچەوانەی زمانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بێبەش کرا. مەبەستیش ئەوە بوو کە زمانی کوردی لەناو ماڵ و شاخ و گۆرانی و نەریتی زارەکی بمێنێتەوە، نەک ببێتە زمانی فەرمی دەوڵەت و قوتابخانە و یاسا و زانست.
لە تورکیا، سەرکوتی زمانەوانی لە دوای کودەتاکەی ساڵی ١٩٨٠ گەیشتە لوتکە، بە دەرکردنی یاسای ژمارە ٢٩٣٢ کە بەکارهێنانی ئەو زمانانەی قەدەغە کرد، کە وەک زمانی یەکەمی هاووڵاتیانی تورکیا نەناسراون. لەوانەش زمانی کوردی ئامانجێکی سەرەکی بوو، ئەم قەدەغەیە تا ساڵی ١٩٩١ هەڵنەگیرا، هەرچەندە سنووردارکردنی خوێندن و پەخش و بڵاوکردنەوە بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوام بوو. جگە لەوەش هێشتا لە مادەی ٤٢ی دەستووری تورکیادا هاتووە، کە ناتوانرێت هیچ زمانێک، جگە لە زمانی تورکی، وەک زمانی دایکی بۆ هاووڵاتیانی تورکیا لە ناوەندەکانی خوێندندا بخوێندرێت.
لە ئێرانی کۆماری ئیسلامیدا لە مادەی ١٥ی دەستووردا هاتووە کە زمانی فارسی زمانی فەرمی و زمانی بەڵگەنامە، نامەنووسی و کتێبی خوێندنە، لە هەمانکاتدا ڕێگە بە بەکارهێنانی زمانی ناوچەیی لە چاپەمەنی و میدیاکان و فێرکردنی ئەدەبیاتەکەیان لە پاڵ زمانی فارسیدا دەدات. به ڵام له ناو دامودەزگەکانی دەوڵەت و سیستەمی پەروەردەدا پێگەی زمانی فەڕمی یان نەتەوەیی به زمانی کوردی، یان هه ڕ زمانێکی دیکەی غەیری فارسی نادات.
سەبارەت بە سوریاش، کورد دەیان ساڵە بە دەست سیاسەتی ئینکارییەوە دەناڵێنێت، لە سەرژمێری نائاسایی ساڵی ١٩٦٢ تا پشتێنی بەعەرەبکردن، لە قەدەغەکردنی ناوی کوردییەوە تا سنووردارکردنی زمان لە قوتابخانە و فەزای گشتیدا. تەنانەت لە کاتێکدا کە پێشهاتەکانی ئەم دواییە دەستیان کردووە بە کردنەوەی پەنجەرەیەکی سنووردار بۆ دەرفەت، وەک فەرمانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ کە زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی ناساند و ڕێگەدان بە وانەوتنەوەکەی لە قوتابخانەکان و بەستنەوەی ئەمە بە گەڕاندنەوەی هاووڵاتیبوون و مافە کولتوورییەکانی دیکە.
 پرسیارەکە هەر دەمێنێتەوە: ئایا زمانی کوردی دەبێتە زمانێکی نیشتمانی کە لە ڕووی دەستوورییەوە چەسپێنراوە و بە بوونی دامەزراوەیی، یان تەنیا دانپێدانانێکی سیاسییە کە دەتوانرێت لە یەکەم گۆڕانکاریی هاوسەنگیدا بگەڕێندرێتەوە خاڵی سیفر؟
لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ماوەی نزیکەی پانزدە ساڵدا زمانی کوردی لە کایەی قەدەغەکردن و پەراوێزخستنەوە بۆ ئاستێکی ئەکادیمی و دامەزراوەیی بێ وێنە لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا ڕۆیشتووە. زانکۆکان بنیات نراون، دامەزراوەی پەروەردەیی فراوانتر بووە، زمانی کوردیش بووەتە زمانی فێرکاری، کارگێڕی، سیاسەت و ڕاگەیاندن، شانبەشانی زمانی عەرەبی. ئەم ئەزموونە تەنیا وردەکارییەکی کولتووری نەبوو، بەڵکو دەستکەوتێکی نەتەوەیی و هزری بوو کە لە نێوان شەڕ و گەمارۆ و هەڕەشەکاندا بەدیهات. ئەمڕۆ لەگەڵ هەوڵە بەردەوامەکانی یەکگرتن لە نێوان ئیدارەی خۆسەری و حکومەتی کاتی سوریادا، ئەم دەستکەوتە نابێت وەک قۆناغێکی تێپەڕین یان واقیعێکی کاتی کە دەتوانرێت پێچەوانە بکرێتەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. بەڵکو دەبێت لە ڕووی دەستوورییەوە دانی پێدابنرێت، و زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی لە ناوچەکانیدا و وەک زمانی دووەمی دانپێدانراو لە سوریا بە گشتی جێگیر بکرێت. پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ پەرەپێدانی ئەوەی بەدەست هاتووە، نەک کەمکردنەوە، کەمکردنەوە، یان دابەزاندنی بۆ پەراوێزی "تایبەتمەندی کولتووری". ئەوەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بەدەستی هێناوە، دیاری هیچ کەسێک نییە، بەڵکو بەرهەمی خەبات و هۆشیاری و فیداکارییە. هەر یەکگرتنێک کە لە ڕووی دەستوورییەوە ئەم دەستکەوتە نەپارێزێت، جۆرێکی دیکەی پاشەکشە دەبێت.
لە عێراقدا ناساندنی زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی دیاری هیچ کەسێک نەبوو، بەڵکو ئەنجامی خەباتێکی درێژخایەن و خوێناوی بوو. لە مادەی چوارەمی دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥دا هاتووە کە زمانی عەرەبی و کوردی دوو زمانی فەرمی عێراقن، لە هەمان کاتدا مافی خوێندن بە زمانی دایکی بۆ گروپەکانی دیکە زامن کراوە. بەڵام ئەم دانپێدانانە تەنها دوای دەیان ساڵەی شۆڕش و هەڵمەتی ئەنفال و کیمیاباران و ئاوارەیی و خوێنڕشتن و دامەزراندنی هەرێمی کوردستان وەک واقیعێکی سیاسی و ئیداریی حاشا هەڵنەگر هاتە ئاراوە. بەم پێیە گواستنەوەی زمانی کوردی لە قۆناغێکی قەدەغەکردن و سەرکوتکردنەوە بۆ قۆناغێکی داوای دانپێدانانی دەستووری، نیشانەی کۆتایی خەبات نییە، بەڵکو سەرەتاکەی بە فۆرمێکی نوێ. کاتێک ڕژێمەکان شکست دەهێنن لە بنبڕکردنی زمانێک، دەست دەکەن بە هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی: ڕێگەپێدانی وەک زمانێکی کولتووری نەک سیاسی؛ وەک زمانێکی ناوخۆیی نەک نەتەوەیی؛ وەک زمانێکی ئیختیاری نەک دامەزراوەیی؛ وەک زمانی میرات نەک زمانی داهاتوو. لێرەدا دووڕیانێکی نوێ دایە: دانپێدانانی فەرمی دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی دیکە بۆ سنووردارکردنی زمان ئەگەر پەیوەست نەبێت بە دەستوور، پەروەردە، کارگێڕی، دەسەڵاتی دادوەری، میدیادا.
لەسەر ئەم بنەمایە من پێشنیار دەکەم کە زمانناسان و ئەکادیمیانی کورد بیر لە پرۆژەیەکی دامەزراندنی ئەکادیمیایەکی تایبەت بە زمانی کوردی بکەنەوە،  دواتر بە کۆدەنگی بڕیار لەسەر دیارکردنی ڕۆژی زمانی کوردی بدەن، هەر لەو دەزگە زمانناسییەش دەتوانین کۆک بن بۆ وتووێژکردن لە سەر تەواوی پرس و کێشەکانی زمانی کوردی و بۆ داهاتوویەکی نزیکیش هەوڵێکی سەرەکی و بنەرەتیش بێت بۆ چارەسەرکرنی پرسی زمانی ستانداردی کوردی.

وتاری نووسەران