پڕفیسۆر دکتۆر سیروان عارەب سیان 


هەرێمی کوردستان لە ڕووی جیوپۆلیتیکی و جوگرافییەوە چەندین خالی لاوازی هەیە، سەرەڕای دەوڵەمەندی لە ڕووی دەرامەتی سروشتی و پێکهاتەی مرۆیی، بەڵام خالی هەرە لاوازیی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە هەرێمێکی داخراوە و هیچ ڕێڕەوێکی ئاوی کراوەی نییە تاوەکو بیگەیەنێت بە ئاوە کراوەکان. ئەمەش وا دەکات بەردەوام لەبەردەم هەرەشەیەکی جیوپۆلیتیکی گەورە بێت. لە ئێستادا هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دوو مەترسیی گەورە دەبێتەوە:
یەکەم: هێڵی رێگایی گەشەپێدان
کە بریتییە لە بەیەکتر بەستنەوەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوی جیهان بە ڕێگای ووشکانی لە بەشی هەرە زۆری بە عێراق تێدەپەڕێت، کە کاریگەری دەبێت لەسەر ئەمانەی خوارەوە:
1- ماوەی گواستنەوەی کالا و کەل‌وپەل لە نێوان ڕۆژهەڵات (چین) بۆ وڵاتانی ئەوروپا لە 33 ڕۆژەوە کەم دەکاتەوە بۆ 15 ڕۆژ.
2- تێچووی گواستنەوەی کالا و کەل‌وپەل بە ڕێژەی 39% کەمتر دەکاتەوە.
3- مەترسیی گواستنەوە، بە تایبەتی مەترسیی دەریای سوور و چەتە دەریاییەکان، کەم دەکاتەوە.
4- پەیوەندیی سیاسی و ئابووری نێوان وڵاتانی ناوچەکە (وڵاتانی کەنداو + عێراق + سوریا + تورکیا) زیاد دەکات.
5- ئەو بازرگانییە نێودەوڵەتییەی کە ئێستا لە ڕێگای دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەکرێت، کە قەبارەکەی لە نێوان (15-20) ملیار دۆلارە، ووشک دەبێت و لە ڕێگای عێراق - سوریا - تورکیا دەبێت، چونکە ڕێگای گەشەپێدان بە درێژایی 1140 کیلۆمەتر بە 11 پارێزگای عێراق تێدەپەڕێت کە هیچ خاڵێکی لە کوردستان نییە.
6- بە ڕوونی دەردەکەوێت کە ئێستا عێراق لە ڕێگای دەروازەی سنووری ڕەبیعە لە 80% کالا و کەل‌وپەلی خۆی دەگوازێتەوە، ئەمەش وا دەکات لە 80% داهاتی خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل کەم بکاتەوە، کە ئەمە پلانێکی ئابووری و سیاسییە بۆ ووشکردنی سەرچاوەی داهاتی هەرێمی کوردستان، کە وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی زلهێزی جیهانیش تێیدا بەشدارن.
دووەم: زیندووکردنەوەی هێڵی گواستنەوەی نەوتی کەرکوک - بانیاس لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست
1- ئەم هێڵە لە ساڵی 1950 دەستی بە دروستکردنی کراوە و لە ساڵی 1953 تەواو کراوە. لە ساڵی 1982 گواستنەوەی نەوت ڕاگیراوە بە هۆی ناکۆکی نێوان (عێراق و سوریا) بە هۆی جەنگی (ئێران - عێراق).
2- درێژییەکەی نزیکەی 890 کیلۆمەترە، قەبارەی بۆرییەکە 36 ئینچە. سەرەتا دەتوانی 300 هەزار بەرمیل نەوت بگوازێتەوە، لە ئێستادا کار لەسەر ئەوە دەکرێت سەرەتای ساڵی داهاتوو ئاستی گواستنەوەی بگەیەنن بە (1 - 1.5) ملیۆن، بۆ ملیۆن و نیو بەرمیل نەوت. کاریگەریی ئەو بۆرییە لەسەر ناوچەکە:
* عێراق ڕاستەوخۆ دەگاتە دەریای ناوەڕاست.
* هەناردەی نەوت بۆ ئەوروپا خێراتر دەبێت.
* نرخی تێچووی گواستنەوە و مەترسییەکانی گواستنەوە کەم دەکاتەوە.
* چیتر کاریگەریی ئێران و حوسییەکانی یەمەن لەسەر گواستنەوەی نەوت نامێنێت.
* لە داهاتوویەکی نزیکدا نەوتی وڵاتانی کەنداو دەتوانرێت لە ڕێگای ئەو بۆرییەوە بە ئاسانتر و سەلامەتتر بگاتە بازارەکانی ئەوروپا و ئەمریکا.
* پشتبەستن بە هێڵی کەرکوک – جیهان و کەنداوی عەرەبی کەمتر دەبێت.
* پەیوەندیی سیاسی و ئابووریی سوریا و عێراق ئاسایی دەکاتەوە، کە لە ئێستادا وڵاتانی زلهێزی جیهان (ئەمریکا - چین) مەبەستیان ئەوەیە.
کەواتە کاریگەریی هەرێمی کوردستان بەهێز نامێنێت لەسەر گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ بەندەرە جیهانییەکان، کە ئەمەش دەبێتە لاوازبوونی فشاری هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابووری و سیاسی لەسەر حکومەتی عێراق، کە پێموایە ئەوە پلان و مەترسیی گەورەکەیە.
چی بکرێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکە و هەڵوەشاندنەوەی پلانەکە؟
1- ناوماڵی کوردستان بەهێز بکرێتەوە، کابینەی 10ی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکرێت، چیتر هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی هەرزانفرۆش نەکرێت بۆ پۆستێک یان لایەنی دارایی لە عێراق.
2- هەوڵ بدرێت کە هەرێمی کوردستان بەشێک بێت لە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، وەک چۆن لە مانگی 12ی ساڵی 2025 ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، بەڵام ئێستا پێدەچێت عێراق پەشیمان بووبێتەوە.
3- گەشە بە کەرتی وزە بدرێت لە هەرێمی کوردستان و هەوڵ بدرێت بەشی دووەمی گواستنەوەی نەوتی کەرکوک - جیهان خێراتر بکرێت.
4- لە ڕێگای نوێنەرانی کورد لە بەغدا هەوڵی ئاسایی‌کردنەوەی پەیوەندیی ئابووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان بدرێت و ئەو پەرتەوازەییەی ئێستایی نوێنەرایەتیی کورد لە بەغدا نەهێڵدرێت.
5- لە ڕێگای دەستور داوای مافە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان بکرێت.
6- بەرەیەکی جەماوەریی فراوان لە کوردستان دروست بکرێت و ئاستی مەترسییەکان لەسەر ئایندەی هەرێم بخرێتە ڕوو.
پلان و مەترسییەکان زۆر بنەرەتی و گەورەن. ئەگەر بە زوویی فریا نەکەوین، ڕەنگە خەون و خەبات و قوربانی‌دانی گەلی کوردستان لەبەردەم هەرەشەیەکی زۆر گەورە بێت.
خوای گەورە حکومەت و گەلی کوردستان بپارێزێت

وتاری نووسەران