
دوای نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٤-٥-٢٠٢٦، لە نێو باخچەی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی کوردستان لە شاری هەولێر، ڕێوڕەسمێکی فراوان بۆ ناساندن و دابەشکردنی دوو کتێبی نوێی نووسەر و ڕۆژنامەنووس، مامۆستا مەغدید حاجی بەڕێوەچوو.
کۆڕەکە بە ئامادەبوونی هاوڕێ ئەبوکاروان سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران، ڕۆشنبیران، خوێنەران و هاوڕێیانی نووسەر سازکرا.
لە کۆڕەکەدا ووتاری کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی کوردستان و عێراق لە لایەن هاوڕێ گۆران خوێندرایەوە و تێیدا، دەستخۆشیان لە نووسەری هەردوو کتێبەکە کردو هەوڵ و ماندووبوونیان بەرزنرخاند.
لە میانی چالاکییەکەدا، نووسەر بە وردی تیشکی خستە سەر ناوەڕۆکی هەردوو کتێبەکەی کە گێڕانەوەیەکی مێژوویی و دۆکیۆمێنتاریین بۆ قۆناغە گرنگەکانی خەباتی چەکداری هێزی پێشمەرگەی حزبی شیوعی.
ناوەڕۆکی کتێبەکان:
هەردوو بەرهەمەکە باس لە داستانە مێژووییەکانی هێزی پێشمەرگەی شیوعی دەکەن، کە بریتین لە:
١. داستانی هەندرێن ١٩٦٦: کە تێیدا نووسەر بە وردی باس لە ڕووداو و وردەکارییەکانی ئەو داستانە مێژووییە دەکات و وەڵامی چەواشەکاری و هەوڵەکانی شێواندنی ڕاستییەکان دەداتەوە.
٢. ڕۆڵی پێشمەرگە شیوعییەکان لە داستانی خواکوڕک ١٩٨٨: ئەم کتێبە تەرخانکراوە بۆ خستنەڕووی ڕۆڵ و قارەمانێتی پێشمەرگە شیوعییەکان لە یەکێک لە داستانە هەرە گەورەکانی مێژووی بەرگریی لە دژی ڕژێمی بەعس و شاڵاوی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کوردستان.
بەڕێوەچوونی کۆڕەکە:
لە بەشێکی تری چالاکییەکەدا، دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان واڵا کرا و خوێنەران سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان لەبارەی گرنگیی دۆکیۆمێنتکردنی مێژووی شۆڕش و قوربانیدانی شیوعییەکان خستە ڕوو.
لە کۆتایی کۆڕەکەدا، نووسەر بە واژۆی خۆی هەردوو کتێبەکەی بڵاوکردەوە.









