نووسینی: شێنێ مشیر

   ڕۆمانی (شەوانی بێ ئەستێرە)، لە نووسینی (نێرگزی عەینی)ە. لەلایەن (حسەین نەجمەدین) لەزمانی فارسییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، کە بەزمانێکی سادە و بێ گرێ کاری وەرگێڕانی بۆ کردووە و لە دوو توێی (٢٠٠) لاپەڕەدا و ساڵی (٢٠٢٣) بە هاوبەشی چاپخانەی چوارچرا و کتێبخانەی کۆشکی سەرا چاپ و بڵاوبۆتەوە.

  ڕۆمانەکە لەڕووی قەبارەوە بچووکە، بەڵام لەڕووی ناوەڕۆکەوە هەڵگری پەیامێکی گەورەیە ئەویش عەشق و هاوسەرگیرییە.ئەو کەسانەی کە بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن پێویستە ئەو پرسیارە لەخۆیان بکەن تا چەند دەتوانن کەسی بەرامبەر خۆشبەخت بکەن؟

   بەچونە ناو ئەو پڕۆسە گرنگەوە سەرلەبەری ژیانیان دەگۆڕێ بۆ خۆشبەختی یاخود ژیانی هاوسەرەکەشیان کە بەدنیایەک هیواوە هاتۆتە ماڵە تازەکەی بەدبەخت دەکەن؟

 بۆ وەڵامی ئەم دوو پرسیارە پێویستمان بە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە خنجیلانەیەیە، ڕاستە لەڕووی ژمارەی لاپەڕەکانییەوە کەمە بەڵام ژیانی خێزانی (سەبووری) پڕ لە ڕووداوە چاوەڕواننەکراوەکانە.

)دکتۆر سلێمان) پزیشکی دەروونییە و ڕۆژانە لە کلینکییەکەی سەرقاڵی چارەسەرکردنی نەخۆشەکانییەتی، گوێگرتن بۆ خەم و ئازار و ناڕەحەتییەکانی نەخۆشەکانی بەشێکی گرنگی ژیانیەتی. بەڵام عەشقی (بەهارە کیمیا) دنیای داخراوی دکتۆر سلێمان دەگۆڕێت، و ڕووی خۆشبەختی پیشان دەدات.

)بەهارە) پیشەیی ئەکتەرییە و حەز و خولیای لە منداڵییەوە تا گەورەبوون بەناوبانگ بوونە. ئایا ئامادەیە لەپێناو هاوسەرگیری و دڵی هاوژینەکەی پشت لە خەونی منداڵی بکات و سەرقاڵی بەخێوکردنی منداڵ و کاروباری ناوماڵ بێت؟

سلێمان و بەهارە هاوسەرگیری دەکەن، بەڵام سەرەتای ناڕەحەتی و کێشەکانیان دەست پێدەکات. ئەویش بەهۆی غیرە و گومانەکانی سلێمانەوە کەنایەوێت هاوسەرەکەی لەسەر شاشەی تیڤییەکان دەرکەوێت و دیمەنی عاشقانە و قسەی گەرموگوڕی لەگەڵ ئەکتەرێکی دیکە بگۆڕێتەوە. بەڵکو دەیەوێت ئەو سۆز و خۆشەویستییە تەنها بۆ خۆی بێت ئەو گەرمی عەشقە تەنها لەچوارچێوەی ماڵەکەی خۆیاندا بێت. لەبەرامبەردا بەهارە ئامادە نییە لەپێناو خۆشبەختی هاوسەرەکەی واز لەناو و ناوبانگی بهێنێت بەڵکو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەیەوێت بدرەوشێتەوە و ناوبانگەکەی جیهان داگیربکات.

لێرەدا گرنگە بۆ ئەو کچ و کوڕانەی کە دەیانەوێت عاشقبن پێویستە هەموو لایەنەکانی کەسی بەرامبەر لێکبدەنەوە ئایا خاڵە ئەرێنییەکان ئەوەندە زۆرە کە تەواوی تەمەنیان خۆشبەختیان بکات، یاخود تەنها عاشقی جوانی کەسی بەرامبەر دەبن؟ کە ئەمەش سەرەتایی دەستپێکردنی ناکۆکییەکانە،چونکە کاتێک کەسێکت تەنها لەبەر یەک خاڵ بوێت و باشی و خراپی کەسی بەرامبەر نەبینیت، عاشقی ببیت لەبەر جوانییەکەی یاخود سەروەت و سامانەکەی ئەمەش وا دەکات لە عەشقەکەت سەرکەوتوو نەبیت ڕووبەروی چەندین گیروگرفت ببیتەوە وەک دکتۆر سلێمان هەرچەندە خۆی دکتۆری دەروونی بوو و ڕۆژانە چارەسەری چەندین نەخۆشی دەکرد، بەڵام خۆی پێویستی بە دکتۆرێکی دەروونی هەبوو تاکو بەسەر غرورەکەیدا زاڵبێت و ئەو غیرە و خانەگومانییانەی تووشی دەبێت بۆی چارەسەر بکات.

 

ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە لەهەر پێگەیەکی کۆمەڵایەتیدا بیت، گرنگە لەناخەوە گۆڕانکاری لەخۆتدا بکەیت ئەو کەسەی کە دەیکەیتە هاوبەشی ژیانت بەهەموو خاڵە باش و خراپەکانی قبوڵی بکەیت، لەدوای هاوسەرگیری گۆڕانکاری لەبیرو بۆچۆنی کەسی بەرامبەردا کارێکی زۆر سەختە و سەرەتای دروستبوونی کێشەو گیروگرفتەکانە لەناو خێزاندا.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا