ئاراس سه‌عید

بۆچی هەمیشە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ لای سۆکرات؟ دالە مێژوویی و هزرییەکانی ئەم فەیلەسووفە چیین کە هیچ دەقێکی فەلسەفی نییە بێ ئاماژەدان بە ئایدیا و شێوازی تێڕامانی، تێپەڕێت؟ بۆچی ناوەندی «ئەلیا»ی فەڕەنسی، کتێبی ستایشی سۆکرات «Éloge de Socrate» ی(پییەر هادۆ) دووبارە چاپ و بڵاو دەکاتەوە؟ هادۆ یەکێک بوو لە دیارترین ئەو فەیلەسوفە فەڕەنسییانەی کە تەمەنی لە نێو کایە ئەکادیمییەکان و مێژووی هزری یۆنانیدا بەسەر برد و پتر لە ١٥ ساڵە کۆچی دوایی کردووە. ئایا کتێبی «ستایشی سۆکرات» تەنێ باس و خواسی سیفەتەکانی ئەم پیاوە تەمومژاوییەیە کە (کەزنەفۆن) و (ئەریستۆفانیس) و (ئەفلاتوون) هەرکەسە و بە جۆرێک بۆیان هۆنیوینەتەوە؟ یان کۆکردنەوەی هەموو  توێژینەوە کۆن و نوێیە پەرتەوازانەیە کە لە گوتار و ڕەفتارەکانی کۆڵیوەتەوە؟ 
هادۆ، چۆن ستایشی سۆکرات دەکات لە کاتێکدا کەسایەتیی ئەم فەیلەسوفە ئاڵۆز و تەمومژاوییە؟ 
هادۆ لەم کتێبەیدا، هەوڵ نادات وێنەی ڕوخسارە مێژووییە تۆزاوییەکەی سۆکرات بکێشێت، هێندەی ئەوەی دەیەوێت دەست بەسەر «ڕەمزییەتی وێنە فەلسەفییەکەی» و لۆژیکی بونیادنانی وێنەکەیدا بگرێت؛ ئەو وێنەیەی کە لە چەرخێکەوە بۆ چەرخێکی تر گواستراوەتەوە تا وەک حەکیمێک(فەیلەسووفێک) دەربکەوێت کە زیاتر لەوەی ئارامی ببەخشێت، دڵەڕاوکێ دەچێنێت و زیاتر لەوەی وەڵام بداتەوە، هزرمان بە پرسیارەوە سەرقاڵ دەکات. ئەوە سۆکراتە لە هەقیقەتە مێژووییەکەیدا، ئەوەی کە بیری فەیلەسوفە فەڕەنسییەکەی پێوە سەرقاڵە، وێنە و دالەکانییەتی بە درێژایی مێژووی فەلسەفە.
لێرەوە لە گرنگیی ئەم کتێبە تێدەگەین کە بانگهێشتی خوێنەران دەکات بۆ درککردن بە واتای فەلسەفیی ئامادەکردنی وێنەی سۆکرات و جووڵاندنی لە ناو مێژووی فەلسەفەدا، یا ڕەنگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی مێژوودا؛ ئەو وێنەیەی کە بە پارادۆکس ناسراوە.
پییەر هادۆ، لەسەر وێنەی سۆکرات دەوەستێت وەک ئەوەی لە دیالۆگی «خوان»ی ئەفلاتووندا هاتووە، بەتایبەت لەو ستایشەی کە سەرکردەی سەربازی و ڕامیاری ئەتینا (ئەلقبێادیس) بۆی کردووە، هەروەها لەبەردەم ئەو وێنەیەی کە (کیەرکەگۆرد) و (نیتچە) هەرکەسە و بە شێوازی خۆی گێڕاویانەتەوە. (کیەرکەگۆرد) وەک نموونەیەک بۆ پارادۆکس و دڵەڕاوکێی بوونگەرایی تاکەکەسیی پارچەپارچەبوو لە نێوان باوەڕ و گوماندا سەیری سۆکراتی کردووە. (نیتچە)ش وەک نیشانەیەک بۆ سەرەوژێرکردنی بەهاکان و سەرەتای ڕێڕەوێکی مێژوویی سەیری کردووە کە بە سەرکەوتنی ئاوەزی جەدەلی بەسەر  غەریزەدا کۆتایی هات، لەگەڵ هەموو ئەو ئەنجامە کارەساتبارانەی کە لەگەڵ خۆیدا هەڵیگرتبوو. ئەمە بەو مانایەیە کە سۆکرات، وەک هادۆ دەڵێت، ئەو «شۆکە ئەبەدییە»یە کە فشۆڵیی مرۆ ڕیسوا دەکات و وەبیری دەهێنێتەوە کە فەلسەفە کۆکردنەوەی چەمک و بونیادنانی سیستەمی هزری نییە، بگرە «وەرزشێکی زیندووە» کە هانمان دەدات بۆ بیرکردنەوە و ژیان و ڕووبەڕووبوونەوەی سنوورەکانی بوون. وێنەکەی تەنێ لێپرسینەوەیەکی ڕەخنەگرانەیە لە چەمکسازی بۆ فەلسەفە و پەیڕەوکردنی.
بۆیە هەڵبژاردنی هادۆ بۆ هێنانەوەی وێنەی سۆکرات وەک ئەوەی لە نووسینەکانی (نیتچە) و (کیەرکەگۆرد)دا هاتووە، کارێکی سەرپێیی یان بێ‌مەبەست نەبووە. ئەم دوو فەیلەسوفەی کە ڕەهەندی دیاریکراوی وێنەی ئەم فەیلەسوفەیان دەرخستووە وەک گاڵتەجاڕی و نەرێنیبوون و گەڕانەوە بۆ خود، ڕۆڵێکی جەوهەرییان گێڕاوە لەو پرسیارەی کە بیرمەندە فەڕەنسییەکە دەیوروژێنێت سەبارەت بە واتای «فەیلەسوف» و «فەلسەفە».
هادۆ ئێژێت؛ مێژووی فەلسەفە چەندین ڕێچکەی نیشان داوە کە فەیلەسوفەکان لە هێنانەوەی وێنەی سۆکراتدا گرتوویانەتە بەر. هەندێکیان هەوڵیان داوە وێنە مێژووییەکەی دەربخەن کە درککردن پێی ئەستەمە، و جەخت دەکەنەوە کە ئەم هەوڵە خۆی لە خۆیدا ساتێکە لە ساتەکانی فەلسەفەی نوێ، و ڕەنگە نیشانەیەک بێت کە واتایەکی فەلسەفی بەدەست دەهێنێت، چونکە هەندێک «ئەفسانە» دزەیان کردووەتە ناو مێژووی فەلسەفە و وێنەی سۆکراتیان داگیرکردووە. لێرەدا دەبێت پەردەیان لەسەر لاببرێت و پێکهاتەکەیان هەڵبووەشێنرێتەوە، تاوەکوو «سۆکراتی ڕاستەقینە»ی گاڵتەجاڕ کە هیچ نانووسێت، ببێتە سۆکراتێکی «نەرێنی» کە بە تەواوی لە دژی وێنەی فەیلەسوفی مۆدێرن کە دەوەستێتەوە کە لەپشت شاشەی  کۆمپیتەرەکەیەوە تەنێ خەریکی خوێندنەوە و شیکردنەوەی دەقەکانە.
جێی سەرنجیشە بە لای هادۆوە کە هەنگاوی یەکەم لەم هەوڵەدا بریتییە لە جیاکردنەوەی (سۆکرات) لە (ئەفلاتوون)، کە بەرپرسی یەکەمە لەو وێنە سۆکراتییە باوەی کە بڵاوە. لێرەوە بوو کە هەندێک لە لێکۆڵەران ڕوویان کردە نووسینەکانی (کەزنەفۆن) و (ئەریستۆفانیس) و (دیۆجینیس لایرسی) کە باس لەم فەیلەسوفە دەکەن، بەتایبەت ئەو دەقانەی کە (کیەرکەگۆرد) و (نیتچە) بۆیان تەرخان کردووە. هادۆ لە چوارچێوەی «دابڕان» وێنەی سۆکراتی دابڕیوە لەو وێنەیەی کە ئەفلاتوون کێشاویەتی، بە مەبەستی دۆزینەوەی سۆکراتی ڕاستەقینە و ڕەخنەگرتن لە جەوهەرە ئەفلاتوونییەکەی فەلسەفەی ڕۆژئاوا. لێ دابڕانی دووەمی «ناچاری»، بەرامبەر بە (هیگڵ)ـە کە مێژووی فەلسەفەی داڕشت و بیری لێ کردەوە بە بانگەشەی کۆتاییهێنان پێی، هەرچەندە هیگڵ خۆی بەشدار بووە لە گەڕانەوە بۆ «سۆکراتی مێژوویی»، کاتێک دەرفەتی پرسیاری «فەلسەفە چییە؟»ی قۆستەوە و هەوڵیدا لەو ڕێگەیەوە تێبگات فەلسەفە بە درێژایی مێژووی خۆی چی بە وێنەی فەیلەسوفە ئەتینییەکە کردووە.
کتێبەکەی (پییەر هادۆ) خوێنەر دەخاتە بەردەم هەقیقەتێک: ئەوانەی وایان دەزانی هەموو شتێک دەربارەی سۆکرات دەزانن، لە ڕاستیدا هیچ نازانن، و ئەم دانپیانانە بە نەزانی، یەکەمین ستایشە کە ئاڕاستەی ئەم کەسایەتییە بونیادنەرەی هزری فەلسەفی بکرێت. 
سۆکرات، وەک هادۆ نیشانی داوە، وێنەیەکی چەقبەستووی پیاوێکی سەیروسەمەرە، گاڵتەجاڕ یان تەنانەت ناشرین نییە، بگرە هێزێکی زیندووی هزرییە کە ئێستاش بە درێژایی سەدەکان کار دەکات، و ئەوەی لە ناخماندا شاراوەیە دەریدەخات تاوەکوو درککردنمان بۆ جیهان دووبارە دابڕێژێتەوە.
لەم سۆنگەیەوە، لە گرنگیی دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە تێدەگەین کە هادۆ لە ڕێگەیەوە فەلسەفەی سۆکراتی وەک ئەزموونێکی زیندوو و «قوتابخانەیەک بۆ ژیان» پێشکەش کردووە، پێش ئەوەی خوێندنەوەی دەق  ڕۆبچێتە نێو چەمکەکان؛ چونکە سۆکرات، وەک فەیلەسوفەکانی تر، سیستەمێکی هزری دروست نەکرد، بەڵکوو شێوازێکی ژیان و هەڵوێستێکی بوونگەرایی پێشکەش کرد کە کردەی فەلسەفاندنی کردە ڕاهێنانێک بۆ گۆڕینی خود و سەیرکردنی جیهان بە چاوێکی نوێوە.
خوڵاسەی قسە ئەوەیە کە (پییەر هادۆ) پێی وایە وێنەی سۆکرات، وەک ئەوەی لە خوێندنەوە کۆن و نوێیەکاندا هاتووە، زیندووکردنەوەی کەسایەتییەکەی نییە هێندەی ئەوەی دووبارە بونیادنانەوەی واتایەکە کە لەگەڵ هەر قۆناغێکدا نوێ دەبێتەوە. فەیلەسوفە نوێیەکان لە (هیگڵ)ـەوە تا (کیەرکەگۆرد) و (نیتچە)، ئەم پیاوەیان کردە ئاوێنەیەک بۆ تەسەوڕە جیاوازەکانیان بۆ فەلسەفە و پەیڕەوکردنی. لە هەر جارێکدا وێنەکەی ئامادەکرابێت، ئەم کەسایەتییە وەک هێزێکی ڕەخنەیی دەرکەوتووە کە زۆری ناچار کردووە دووبارە بیر لە واتای فەلسەفە بکەنەوە.
ماوەتەوە بێژم، کتێبی «ستایشی سۆکرات» توێژینەوەیەکی مێژوویی نییە هێندەی ئەوەی هەوڵێکە بۆ بەئاگاهێنانەوەی فەلسەفە لە خەوی قووڵ و گەڕاندنەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی ڕەسەنی خۆی، لە دڵەڕاوکێ و سەرسوڕمان و لە ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆ بۆ سنوورەکانی زانین و نەزانین. ستایشی هادۆ بۆ سۆکرات تەنێ بۆ وەبیرهێنانەوەیە کە ئەو ئەفسانەیەکی زیندووە و شوێن هزر دەکەوێت و کردەی فەلسەفاندن گوتارێکی ئەکادیمی پەتی نییە، بگرە حیکمەت و پەیوەندییە بە ژیان و دیالۆگە لەتەک خود. سۆکرات عەقیدەیەک نییە بگێڕدرێتەوە، بەڵکوو ئەزموونێکی بوونگەرایی زیندووە، کە هەمیشە وەبیرمان دەهێنێتەوە کە کردەی فەلسەفاندن لە جەوهەری خۆیدا، ئەو جەدەلە داهێنەرەیە لە نێوان پرسیار و وەڵام، و لە نێوان تاک و جیهان، و لە نێوان مرۆڤ و ڕاستیدا.