
شیعر \ مستەفا مۆحسین
هەستەکان لە قووڵایی گۆشتێکی ڕزیودا، بۆنی مێژوو دەگرن،
یادەوەرییەکان لە پەنای ئێسکەکاندا دەبنە خۆڵەمێش.
ڕاستییەکان، وەک تابووتێکی بێخاوەن، لەگەڵ ئاودا ڕێ دەکەن.
ورچە سپییەکانی بەستەڵەکی باکوور
خەوتن لێیان دەپاڕێتەوە،
بەڵام خەو، وەک حەبێکی ژەهراوی، لە قوڕگی ئاسماندا قەتیس ماوە.
چاوی کۆندەپۆکان لە ناو گیرفانی قاپوتێکی کۆندا،
بیرەوەریی دەڕشێننەوە.
خۆر، وەک پشکۆیەکی بێزار، لە ناو گوڵدانێکدا دەمرێت و
گوڵەکان بۆنی دووکەڵی ئەستێرەکان دەگرن.
هەورەکان، وەک پەڕۆیەکی چڵکن
تاڵیی دەبارێنن و
لە ناو جەستەی مرۆڤەکاندا، کارگەی بەرهەمهێنانی تەم دروست دەکەن.
لەو ڕووبارەوە، ئەو کەسەی کە قەت نەبینراوە،
چاوەکانی هاوشێوەی گەردوون کراوەن؛
“نەبوون” هەڵدەڕژێتە ناو زمانیەوە.
ئاوێنەکان خەریکە وێنەی ڕاستەقینە دەشارنەوە،
تا تێبگەین کە سێبەرەکان، بەر لە ئێمە خۆیان کوشتووە.
خەونە هاوبەشەکان،
هەموویان پڕۆژەیەکی خۆکوژین.
لەمە بەدواوە،
حەقیقەت وەک سەگێکی بریندار،
بە ناو کۆڵانە تاریکەکانی مێشک
بە دوای ئێسکێکدا دەگەڕێت،
که بۆنی “ئومێد”ی لێ نەیەت
