
تەلار تاهیر
لوتکە شاخێکم بەرزیم نییە
زانایەکم بیرۆکەم نییە
واقیعێکم بوونم نییە
چرایەکم ڕووناکیم نییە
بوونەوەریکم هەستم نییە
لەگەڵ خەمێکم هەرگیز کۆتایی نییە
ڕێبوارێکی ماندووم ڕێم دیار نییە
دیلێکی ئازادم و شوێنم نییە
دەستنووسێکی کۆنم مێژووم نییە
باڵندەیەکی ونبووم و هێلانەم نییە
من ئەو کۆتاییەم کە دەستپێکم نییە
ئەو هاوارەم دەنگم نییە
وەک خاڵێکی بێمانا لەناو دێری ژیاندا
هەمیشە دەنووسرێم و کەچی ناوێکم نییە
ئاوێنەیەکم ڕووی کەسم لێ دیار نییە
لە نێوان ( بوون ) و ( نەبوون ) دا
تەنیا سێبەرێکی ڕەشم کە خۆیشم
لێ دیار نییە
سەرابێکم لە بیابانی تێنوێتیدا
دەدرەوشێمەوە
لەناو خۆمدا چەکەرە دەکەم و
هەر لەناو خۆمدا دەتوێمەوە
بابەگوڕگوڕێکی بێ کڵپەم کەچی
مەیلی سووتانم نییە
ئاگرێکی یاخیم و کەناری ژیانم نییە
کوردستانێکی بێ نیشتیمانم
خەونم هەیە و ئاسۆم نییە
خەباتگێڕێکی مرۆڤدۆستم
کەچی ماف و ئازادیم نییە ...!
