
رۆژ هەڵبجەیی
هەموو جارێک خوێندنی کەڵەشێر،
شەو بەتاڵ ناکاتەوە..
نا ئەوە شەوە کاڵ دەبێتەوە،
بە فرمێسکی مۆمێک !
بڕێک جار جریوەی پاسارییەکان،
دڵی ڕەشەبا هێواش دەکەنەوە..
نا ئەوە شنەبایە بۆتە
پشتوێنی کەمەری تا خاو بێتەوە !
دارەکان لە پیرییا ڕووەو مردن دەچن،
نا ئەوە گۆچانەکانی دەستیانن
لەسەر مێزی دانووستاندا
واژۆی مەرگ دەکەن !
بە کۆترەکان بڵێن ئەوەندە مەنیشنەوە،
نەوەک سەرچڵێک وێنەیان بچرکێنێ..
نا ئەوە چاوە مەستەکانی گەنمە،
دەستەمۆیان دەکات !
ڕووبارەکە لەشەودا ،
کراسی زەرد دەپۆشێت..
نا ئەوە شەوە مانگ
فێری مەلەوانی دەکات !
گوڵاڵە سوورەکان لە دەشتەکەدا،
بە دەنگی بەرز دەدوێن..
نا ئەوە قاقای بەهارە،
سڵاویان لێدەکات !
مێژوویەکی نەفرەت وتی/ لە چاوی
بیاباندا ئاسکەکانیان شاردەوە،
نا ئەوە شاڵاوی ئەنفال بوو،
دەمی عەرعەر قووتیدان !
ڕۆژ هەڵەبجەیی
20/2/2026
