
تێکستی/ یانیس ڕیتسۆس
کوردییەکەی/ شوانە عەبدوڵڵا
دەستت ڕادەوەشێنیت
وەک هەمیشە، دەتەوێت بزانیت کاتژمێر چەندە
بەڵام کاتژمێرت لەدەست نەکردووە
وەکوو زۆر شتێکی دیکە
کاتژمێرەکەیشیان بردوویت
دەستت ڕادەوەشێنیت
هەرچەندە کە کاتژمێرت
لەدەستدا نییە
هەرچەندە لەگەڵ هیچ کەسێکدا وادە و جێژوانێکت نییە
هەرچەندە کە هیچ کارێکت نییە ئەنجامی بدەیت
کاتژمێرەکانیان دزیویت
کاتیان دزیویت
تاریکی و ترسیان بۆ بەجێهێشتوویت
دەترسیت لە کاتی خۆیدا نەگەیت
بە دڵت
بە ئارەزووەکانت
بە کارەکەت
بە مەرگت
دەترسیت نەگەیت
دەترسیت کات لەدەست بڕوات.