چیرۆک 
دادگاییەک لەناو پیاڵەیەک چادا.. 


کوردستان مید
 
چاوم کەوتە سەر گۆڤارەکەی سەر مێزەکەی باوکم، وتەیەکی پابلۆ ئیسکۆبار لەسەر پەڕە کۆنەکەی گۆڤارەکە نوسرابوو (هەرچەندە دواتر زانیم ئەو وتەیە هی پابلۆ نەبووە) بەڵام بۆ من لەم ساتەدا ڕەهاییترین ڕاستی بوو:
‘کاتێک منداڵ بووم داوام لە خوا ئەکرد پاسکیلم پێ بدا، پێی نەدام. .منیش پاسکیلێکم دزی و داوام لە خوا کرد لێم خۆش بێت‌
لەپڕ دەنگی دەرگا ئاسنەکە بەر گوێم کەوت و ڕایچڵەکاندم. . باوکم بوو وەک هەمیشە، بەپەلە دەرگاکەم کردەوە. .دەنگە تیژ و ناخۆشەکەی باوکم مێشکی کاس کردم، بە توڕەیی هاواری ئەکرد:
— ئەو دەرگایە بۆ ناکەیتەوە گەمژە ..سەعاتێکە لە دەرگا ئەدەم کوا دایکە بێ مێشکەکەت؟
بە دەنگێکی لەرزۆکەوە وتم:
— لەسەر گۆڕی خوشکە بچووکەکەمە لە گۆڕستانەکە.
دەرگاکەی داخست دەنگی داخستنی دەرگاکە لە زەنگی سارین ئەچوو، دەستی توند لە پرچم گیرکرد و ڕایکێشام بەرەو ژوورەوە:
— گۆڕستان ؟ ئەو شێتە کە هاتەوە وای لێ ئەکەم لە گۆڕستانەکە شوێنێکی تایبەتی پێ بدرێ.
ئەمویست خۆم ڕزگاربکەم لەژێر دەستی، بەڵام وادیار بوو لەوە بێهێزترم بتوانم دەستە زبر و گەورەکانی لە پرچەکانم بکەمەوە، فرمێسک بەسەر ڕوومەتەکانم هاتە خوارەوە و بە قوڕگێکی پڕەوە هاوارم کرد:
— باوکە تکایە وازم لێبێنە، ئازارم ئەدەیت.
دەستەکانی لێ کردەوە و پاڵی پێوەنام بەرەو دیوارەکە. . ئەوەنە بەتوندی بە دیوارە کۆنەکە کەوتم کە گوێم لە دەنگی ئێسکەکانم بوو..
چاوەکانی زەق کردەوە و بەدەنگێکی گڕ وتی:
— بڕۆ بە دوای ئەو بێ ئەقڵەدا و پێی بڵێ هەر ئێستا بێتەوە.
بەخێرایی و هەناسەبڕکێوە هەنگاوی خێرام ئەنا بەرەو گۆڕستانەکە، تەنیا چەن گەڕەکێک لێمان دوربوو کەچی قاچەکانم وا هەستی ئەکرد کیشوەرێک دوورە.، کاتێک گەیشتم بۆنی خۆڵ و گوڵەکانی سەر گۆڕەکان گۆڕستانەکەی تەنی بوو..لە دوورەوە دایکم بینی لەسەر گۆڕە بچووکەکە دانیشتبوو، ماچی کێلی قەبرەکەی ئەکرد و لەبەر خۆیەوە بە ورتە ئەیوت:
— ئازیزەکەم من لێرەم .. تۆ بەتەنیانیت مەترسە.
تاکە دەنگێک لەناو گۆڕستانەکە ئەهات چرپەکانی دایکم بوو، چوومە بەردەمی دایکم دەستم خستە سەر شانەکانی، سەری بەرز کردەوە و چاوە سورەکانی تێبڕیم، پێش ئەوەی هیچ وشەیەک بڵێم بە دەنگێکی خەمناک وتی:
— دووبارە هاواری کرد بەسەرتدا ؟ لێی دایت ؟
وشەکان لە قوڕگمدا گیربووبوو نەم ئەتوانی دەریان ببڕم. بە زەحمەت وتم:
— نەخێر لێی نەیام. . داوای تۆ ئەکات وتی باخێرا بێتەوە ..
دایکم بە هێمنی هەستایە سەر پێ، بە قۆڵی کراسە دڕاوەکەی کە بۆنی تۆزی گۆڕەکەی لێ ئەهات چاوەکانی سڕیم و ماچێکی سەری کردم و وتی:
— هەموو شتێک باشەبێت مەترسە، هەرچیەکی کرد تۆ بێدەنگ بمێنەوە.
بە هەنگاوی خێرا بەرەو ماڵەوە بەڕێ کەوتین، خوایە نەم ئەویست بگەین! ئەمویست ڕێگاکە زۆر درێژبێت تا قیامەت بەپێ ڕێبکەین، بەڵام زۆر خێراتر لەوەی چاوەڕێم ئەکرد گەیشتینە ماڵەوە..
باوکم وەک دڕندەیەکی کێوی کە چاوەڕێی نێچیرەکەی بکات لەناوەڕاستی دەرگا ئاسنەکە ڕاوەستابوو، چاوەکانی زەق کردبۆوە ڕوخساری گرژکردبوو، هەر کە دایکم هەنگاوی هێنا بۆ ناو دەرگاکە دەستی کردە ناو پرچەکانی و بەدوای خۆیدا ڕایکێشا قیژەکانی دایکم وەک فیشەک لە گۆێیەکانمەوە بەرەو مێشکم ئەڕۆشت، بەدەنگێکی بەرز هاواری ئەکرد:
— چی ئەکەیت لە گۆڕستان ؟ ئەوەنیە ئەم ماڵەت کردووە بە گۆڕستان ئەوەندە بەس نیە بۆت ؟ ئەم ماڵە بۆنی مردووی لێ یەت مردوو …. تۆ چیت ئەوێ پێم بڵێ ؟ ئەتەوێ تامردن لە گۆڕستان بژیت ؟
چاوەکانم گرت نەم ئەویست دیمەنی لێدانی دایکم ببینمەوە، قیژەکانی دایکم تەنیا گوێی ئازار نەئەدام. . دڵمی لەت لەت ئەکرد ..
دوای ئەوەی شەکەت بوو لە لێدانی دایکم. .بۆ ماوەیەک بێدەنگی باڵی بەسەر ماڵەکەدا کێشا، تەنیا دەنگی هەنسکی دایکم دەهات لە سووچێکی ژوورەکەدا…
باوکم لەسەر کورسییە دارەکەوە دانیشت، وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت، چەرخەکەی لە گیرفانی دەرهێناو جگەرەیەکی داگیرساند، دوکەڵی جگەرەکە وردە وردە بۆنی خوێنە ساردەکەی دەموو لوتی دایکمی ون کرد …
باوکم ڕووی تێ کردم و بە زریکەیەکی ناخۆش وتی:
— هەستە ئەو چایە لێنێ گەمژە ، سەیری چی دەکەیت؟
بەپەلە ڕۆشتم بۆ مەتبەخەکە، دەستم بە زەحمەت توانای گرتنی قۆریە چایەکەی هەبوو، بەدیار چاکەوە ڕاوەستام بۆ ئەوەی بکوڵێت. . لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بۆنی کوڵانی چایەکە شتێکی تر لەناو مێشکی مندا ئەکوڵا. .
بۆ یەکەمجار بیرێکی ترسناک مێشکی داگیرکردم. . یەکەم بیرۆکە بوو کە ئەمویست بۆ یەکەمجار لە ژیانمدا ئەنجامی بدەم بێ دوودڵی.
بیرم لە قسەی دکتۆرەکە ئەکردەوە کاتێک پشکنینی بۆ باوکم کردبوو، پاشان لە ڕاڕەوە ساردەکەی نەخۆشخانەکە بە دوودڵیەوە پێی وتین:
— وادیارە جەڵدەی دڵ لێی داوە کۆمەڵێک شتم بۆ نوسیون ئەبێ دووربێ لە بەکارهێنانی. .پاشان دەستی خستە سەر کاغەزەکە و وتی: بەتایبەتیش ئەم حەبە.
بە هێمنی چایەکەم بۆ باوکم تێکرد و پاشان لەبەردەمی بە بێدەنگی بۆم دانا، شەو لەناو جێگە خەوەکەم تەنیا دوو شت لە مێشکما ئەخولایەوە ..حەبە قەدەغەکراوەکە و پاسکیلەکەی پابلۆ ئیسکۆبار.
سبەی دوای ئەوەی باوکم ڕۆشت بۆسەر کار بە هەنگاوی خێرا بەرەو سەیدەلیەی گەڕەکەکە ڕۆشتم. ..بۆنی دەرمان و دەنگی هاواری نەخۆشێک سەیدەلیەکەی پڕ کردبوو، دەستەکانم دەلەرزین کاتێک پارەکەم خستە سەر مێزەکە.
سەیدەلانییەکە بە گومانەوە سەیری کردم و وتی:
— بۆ کێیە؟
بە دەنگێکی نزم وتم:
— بۆ دایکم … جومگەکانی ئەئێشێت.
کاتێک سەیدەلانیەکە قتووەکەی دامێ، هەستم کرد قورسترین شتی جیهانم بەدەستەوەیە، هەستم ئەکرد ئێستا چارەنوسی خۆم و دایکم لەناو قووتوویەکی بچووکدایە.
کاتێک لە سەیدەلیەکە کەمێک دوور کەوتمەوە بە خێرایی وەک ڕەشەبا بەناو کۆڵانەکەدا ڕام ئەکرد، زوو زوو ئاوڕم ئەدایەوە بۆئەوەی دڵنیابم کە کەس چاودێریم ئەکات. .
بەزوویی گەیشتمەوە بەردەمی دەرگا ئاسنینەکەی ماڵەوە، پێش ئەوەی بڕۆم بەکراوەیی جێم هێشتبوو، بەهێواشی چوومە ژوورەوە
دایکم وەک هەمیشە لە سوچێکی ژوورەکە بەدیار جلە کۆنەکانی خوشکەبچووکەکەمەوە دانیشتبوو … بۆنی جلەکانی ئەکرد و هەنسکی هەڵئەکێشا .. تەنانەت سەرنجی ئەوەی نەدابوو کە چەن خولەکێک ڕۆشتبووم و پاشان گەڕابوومەوە.
چاوەڕێی گەڕانەوەی باوکم بووم .. دەمەو ئێوارە تەقەی دەرگاکە هات .. هەستم کرد خەریکە دڵم لە لێدان دەوەستێت، بەخێرایی ڕۆشتم و دەرگاکەم کردەوە، باوکم کیسەیەک چایی بەدەستەوەبوو بە ڕوویەکی گرژ و دەنگێکی گڕەوە وتی:
— بڕۆ چاییەک لێبنێ ماندووم.
بۆ ساتێک چاوم کەوتە سەر باوکم..خوایەگیان بڵێی ئەمەکۆتا چارەسەربێت بۆ ڕزگاربوونی ئێمە ؟
بەرەو مەتبەخەکە گەڕامەوە .. لە ڕاڕەوی تەنیشت مەتبەخەکە چاوم کەوتە سەر دایکم .. دەستەلەرزۆکەکانی، ڕوخسارە شێواو و پڕ برینەکەی دڵنیایی کردمەوە کە هیچ ڕێگەیەکی تر بۆ ڕزگاربوونی ئێمە نەماوە ..
قۆرییە چاییەکەم بەدەستێکی لەرزۆکەوە کردە سەر تەباخەکە. .هەستم ئەکرد دەستەکانم سڕبوون .. هەرچۆنێک بێت پیاڵە و قوتووە شەکرەکەم دەرهێنا، کاتێک ویستم چاییەکە تێبکەم هەستم ئەکرد دەستەکانم توانای گرتنی دەسکی قۆریەکەیان نیە ..
هەموو هێزی خۆم کۆکردەوە بۆئەوەی پیاڵەیەک چایی تێبکەم، بەهێواشی چاییەکەم کردە ناو پیاڵەکە پاشان زۆر بەهێواشی حەبەکەم لە گیرفانم دەرهێنا .. دەنکێک .. دووان .. سیان ..چوار. ..
کردمە ناو چاییە گەرمەکە و بە کەوچکەکە بەهێواشی تێکم دا ..
تەقە تەقی کەوچکی ناو پیاڵە چاییەکە لە هاوارەکانی باوکم زیاتر دڵمی ئەلەرزاند …، چاییەکە هیچی تر هەڵاویی هێمنکەرەوەیەکی نەبوو بۆنی هەڵاویی چاییەکە بۆنی ژەهر و مەرگی لێ ئەهات .. وردە ورە حەبەکان توانەوە و هیچ شوێنەوارێکی نەما .. چایەکە بوو بە چایەکی ڕەشی خەست کە وەک چارەنوسی ئێمەوابوو ..
پیاڵەکەم هەڵگرت و بەرەو ژوورەکەی باوکم کەوتمە ڕێ، باوکم بەدیار تیڤییەوە لەسەر کورسیەکە دانیشتبوو جگەرەیەکی بە دەستەوە بوو، پیاڵە چاییەکەم لەبەردەمی دانا و بێ ئەوەی سەیری بکەم بە هێمنی بەرەو مەتبەخەکە گەڕامەوە. کاتێک گەشتمە ناو مەتبەخەکە هەموو گیانم وەک چڵەدارێکی لاوازی ژێر ڕەشەبای پایز ئەلەرزی .. بیرکردنەوە لەوەی کە باوکم بە گۆڕانی تامیی چاییەکە بزانێت مێشکی ئەخواردم و دڵمی تا ئاستی مردن ئەلەرزاند..
لەپڕ گوێم لە دەنگی باوکم بوو بانگی ئەکردم بە دەنگێکی لەرزۆک و قوڕگێکی گیراو .. وەک پێشتر دەنگی تیژ نەبوو بەڵام زیاتر دڵی ئەلەرزاندم…
بەلەرزەوە هەنگاوم هەڵهێنا قاچەکانم ئەت وت لەناو قوڕی زستان چەقیوون .. چوومە ژوورەوە یەکەم شت چاوم چووە سەری پیاڵە چاییەکەبوو کە چەن قومێکی تیا مابوو. باوکم دەستی بەسنگییەوە گرتبوو چاوە زەقەکانی تێبڕیم .. ڕەنگی ڕوخساری وەک تارمایی سپی بووبوو ..
بە دەنگێکی نوساو بۆ کۆتا جار وتی:
— دڵم خەریکە ئەتەقێت ..
بێدەنگ ڕاوەستابووم سەیری ئەو جەستە گەورەیم ئەکرد .. ئەو دەستە زبرانەی کە هیچی تر هێزیان نەمابوو قژی دایکم ڕابکێشن.
لەوکاتەدا گەورەترین دەنگی ناو مێشکم ئەوەبوو : خوایە من ژیانی باوکم دزی بۆ ئەوەی ژیانی دایکمی پێ بکڕمەوە .. ئێستا داوات لێ ئەکەم لێم خۆشبیت .
باوکم دەستی بەسەر مێزەکەوە گرت بۆ ئەوەی هەڵبستێتەوە بەڵام قورسایی حەبەکە لەوە زیاتر بوو دڵی بەرگەی بگرێت، لەپڕ کەوت بەسەر مێزەکەدا و پیاڵە چاییەکە ڕژا .. ڕێک وەک ئەو خوێنەی کە ساڵانێک لە دەموو و لوتی دایکمەوە ئەیڕشت، ئیتر هەرگیز نەیتوانی هەستێتەوە. .
دایکم بە هەنگاوی هێواشەوە لە جەستە ساردەکەی باوکم نزیک بۆوە، بە دەستە لاوازەکانی لێدانی دڵی باوکمی پێوا. . پاشان چاوەکانی لە چاوەکانم بڕی و بە دەنگێکی خامۆش وتی:
— مردووە!
بێدەنگیەکی ترسناک ژوورەکەی گرتەوە، تەنیا دەنگی لێدانی دڵی خۆمم ئەبیست. . دایکم بەهێواشی لێم نزیک بۆوە و باوەشی پیاکردم بە قوڕگێکی پڕەوە وتی:
— ئازیزەکەم پێویستە لای خوشکەکەت بینێژین.
دوای مەراسیمی بەخاک سپاردنی باوکم هەستم بە ئارامیەکی سەیر ئەکرد، پێم وابوو ئیتر هیچ شتێک ناتوانێت دایکم ئازاربدات…
دوای تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک، ماڵەکەمان بێدەنگ بوو… ئەو بێدەنگییەی کە ساڵانێک خەونمان پێوە دەبینی، دایکم تاکە شتێک لە ژیانیا هەیبوو گۆڕستان بوو هیچی تر نەبوو..ئەو لەو جۆرە کەسانەبوو کە ئامادەبوو تا کۆتایی تەمەنی بە دیار یادگاریەکی کۆنەوە ڕابمێنێت. .هەرگیز ئارەزووی هیچ شتێکی تازەی نەئەکرد.
ساڵ هات و ڕۆشت. ..وردە وردە ئەو بێدەنگیە ئازاری ئەدام، حەزم لە دەنگ بوو لە جوڵە بوو، حەزم لە ژیان بوو… بەڵام هەرگیز گوێم لە هیچیان نەبوو ..
بۆنی ژیان کردن بەتەواوی ماڵی ئێمەی جێهێشتبوو ..
دەنگی تەقەتەقی کەوچکەکە لە ناو پیاڵە چایەکەدا، تاکە دەنگ بوو کە بێدەنگیی مەتبەخە مۆدێرنەکەی دەشکاند…بیست ساڵ تێپەڕیبوو بەسەر ئەو شەوەی کە دەستەکانم تێیدا دەلەرزین. . دوای مردنی باوکم ویستم لەو ماڵە بێدەنگ و بێ چرپە ڕابکەم بۆ ماڵێک کە ژیانی تیابێت. .بەڵام جگە لە دەنگی خۆم هەرگیز هیچ دەنگە دەنگێکم نەبیستەوە. .
لەپڕ دەنگی زەنگی ماڵەکە لێدرا. .
بانگی کوڕە چواردە ساڵەکەم کرد:
— باهۆز. .باهۆز.. ئەی هاوار ئەم کوڕە کەڕە ؟ بۆ هەرگیز بەیەکەم بانگ کردن وەڵام ناداتەوە! کەی فێر ئەبێت ئەوەنە یاری بە مێشکم نەکات.
بە دەنگێک کە گوێیەکانی خۆشمی ئازار ئەدا هاوارم کرد:
— بااااهۆۆۆۆز بۆ وەڵام نادەیتەوە حەیوان؟
کوڕەکەم بە هێواشی دەرگای ژوورەکەی کردەوە و سەیرێکی کردم و وتی:
— دەرگاکەم کردەوە باوکم بوو.
مێشکم خەریک بوو ئەتەقی توانای بەرگەگرتنم نەمابوو، لێم پرسی:
— بۆچی وەڵام نادەیتەوە کاتێک بانگت ئەکەم ؟
دەمووچاوی خۆی گرژکرد و وتی:
— چونکە سەرقاڵی کردنەوەی دەرگاکە بووم.
پاشان بە هەنگاوی خێرا مەتبەخەکەی بەجێهێشت و دەرگاکەی بە توندی داخست دوای خۆی.
دوای چەن خولەکێک هاوسەرەکەم هاتە ژوورەوە، ئەو هەمیشە بێدەنگبوو. . هیچ خزمایەتیەکی لەگەڵ دایکم نەبوو کەچی ڕێک لەوە ئەچوو کۆپی ئەوبێت. .ڕۆژانە تەنیا چەن پرسیارێکی سادەی ئەکرد ..وەک ئێستا کە بەهێواشی لێی پرسیم:
— بۆ ئێوارە چیمان هەیە ؟
دەمارەکانی مێشکم خەریک بوو ئەچڕان..ئەو ساردو سڕیەی زیاتر لە هەموو شتێکی دنیا ئازاری ئەدام…هەرگیز نەی ئەپرسی چیت ئەوێت ؟ چی بێزاری کردوویت؟ ئەتەوێ گوێت لێبگرم؟ یان هەوڵی نە ئەدا هەرگیز هیچ مناقەشەیەک بکات ..هەوڵی نە ئەدا قسەیەکی جیاواز بکات تەنانەت ئەگەر قسەکە جنێوێکیش بێت!
بە هەموو هێزم قاپەکانی سەر مێزەکەم فڕێ دایە سەر زەویەکە و هاوارم کرد:
— زەهری مارمان هەیە…
هاوسەرەکەم بێدەنگ بوو ئەو بێدەنگیە لە هەموو هاوارێک زیاتر ئازاری دڵمی ئەدا …پاشان بەهێواشی و بەدەستە لەرزۆکەکانی دەستی کرد بە کۆکردنەوەی شووشە شکاوەکانی سەر زەویەکە، لەو ساتەدا شووشەیەکی تیژ دەستی بڕی و خوێن بەسەر پەنجەکانیا ڕژا ..
ئەو کزی و بێ کاردانەوەییەی لە ناخەوە خەریک بوو ئەیخنکاندم. . بەتەواوی تاقەتی لێبڕی بووم. . کاتێک خوێنەکەم بینی دڵم لەرزی هەمان خوێنی سەر جەستەی دایکم بیر هاتەوە. ..بە پەرۆشەوە زۆر بەخێرایی دەستەکانیم گرت و ڕووم تێکرد :
— تۆ کوێریت ؟ نابینیت ئەوانە شووشەن؟! بۆچی تۆ ئەوەنە گەمژەیت!
تەنانەت بە یەک وشەش وەڵامی نەدامەوە ..بۆچی وەڵام ناداتەوە ؟ نە توڕە ئەبێت نە عاجز ئەبێت! باشە تۆ چ مرۆڤێکی خۆ مەیتی ناو گۆڕستان نیت؟! ئەم پیاوە زیاتر لە جەنازەیەکی بێدەنگ ئەچوو لەوەی لە مرۆڤێک بچێت.
ئەو ئیهمالیەی وەک ژەهر بەناو دەمارەکانمدا ئەگەڕا. ..هیچ شتێک نەبوو من نەم کردبێت تا ئەو پیاوە بهێنمە دەنگ. .بەڵام هەرگیز هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو.
خوایە گیان هەرگیز تێنەئەگەشتم لەوەی بۆچی ئەو بێدەنگیەی پێشتر خەونم پێوە ئەبینی ئێستا لە هاوارکردن زیاتر ئازاری هەبوو ؟؟ بۆچی ئەو بێدەنگیە لە ناخەوە تێکی ئەشکاندم؟ حەزم ئەکرد قسەیەک بکات. . هاوارێک بکات. . کەمێک بجوڵێت. . ژیانی تیابێت.
بەڵام ئەو وەک هەموو کاتێکی تر بە بێدەنگی بەهەنگاوی قورس ژوورەکەی جێهێشت.
لەسەر کورسیەکە دانیشتبووم دەستەکانم بەسەرمەوە گرتبوو، ئەمویست بە دەستەکانم پەستان بخەمە سەر مێشکم .. ئەمویست لەو ئازارە ناوەکیە ڕزگاری بکەم. . بەڵام نەم ئەتوانی ئەو ئازارە وەک مشەخۆرێک مێشکمی ئەخوارد .. وەک نەخۆشیەکی درم بەتەواوی جەستەمدا بڵاو ئەبۆوە.
سبەی کاتێک لەسەر باڵکۆنەکە دانیشتبووم بەدیار ئاوابوونی خۆری مانگی ئابەوە. .لەپڕ دەنگی زەنگی دەرکاکە لێدرا و ئەو بێدەنگیەی شکاند. . هەستام و هەنگاوم نا بۆ ئەوەی دەرگاکە بکەمەوە .. کاتێک گەیشتمە بەردەمی دەرگاکە پیاوێکی کەمێک کوتەباڵام بینی، دەستی ئەهێنا بەناو ڕیشە سپیی و درێژەکەی .. چاویلکەیەکی گەورەی لە چاو بوو، جەستە بێهێز و لاوازەکەی بەسەر گۆچانێکدا چەماندۆبوە.
چاوم بڕیە ناو چاوە کزەکانی و وتم:
— فەرموو ؟ کێی بەڕێزت ؟
بە زەردەخەنەیەکی هێمنەوە و بە دەنگێکی نوساو وتی:
— وتیان ئێرە ماڵی کچی نەوزادە. . تۆ کچی ئەویت ؟
بە هێنانی ناوی باوکم بەبێ ویستی خۆم ڕوخسام گرژبوو، بەڵام هەوڵم دا بیشارمەوە و وتم:
— بەڵێ کچی ئەوم.
پیاوە پیرەکە وتی:
— من ئامۆزای باوکتم.
لەژووری میوانەکە لەسەر قەنەفەکان دانیشتین و بەخێرهاتێکی گەرمم کرد پاشان بە دەنگێکی هێمن و کەمێک بەرز هاوارم کرد:
— باهۆز. . ئازیزم چایەک لێبنێ میوانمان هەیە.
پیاوە پیرەکە دەستە لەرزۆکەکانی خستە سەر یەک و وتی:
— تازە لە ئەوروپا گەڕاومەتەوە ویستم سەرێک لە باوکت بدەم. . بەڵام پێیان وتم بە نەخۆشی دڵ بیست ساڵ پێش ئێستا مردووە.
هەناسەیەکی قوڵم هەڵکێشا و وتم:
— بەڵێ له ڕاستیا ئەو زۆر نەخۆش بوو. پێشتریش جەڵدەی دڵ لێی دابوو بۆیە بەرگەی نەگرت و جاری داهاتوو بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێ کردین.
دوای ئەوەی باهۆز چاییەکانی هێنایە بەردەممان پیاوە پیرەکە ڕووی کردە باهۆز و وتی:
— دەست خۆش کوڕی گەنج ئەزیەتت کێشا
پاشان دەستی کرد بە تێکدانی پیاڵە چاییەکە و کەوچکەکەی بەهێواشی بەدەستەوە گرت و وتی:
— ئای بۆنی ئەم چاییە و ئەم کەوچکە زۆر شتم بیر ئەهێنێتەوە. . من و باوکت تەنیا ئامۆزا نەبووین ، ئێمە هاوڕێی گیانی بەگیانی یەکتربووین بە مناڵی.. ئەو داماوە هێشتا سوتانی کەوچکەکە بە سەر قاچیەوە دیار مابوو ؟
هەستم ئەکرد دنیا لەبەردەمم ئەخولێتەوە پرسیم:
— شوێنەواری کام کەوچک ؟
پیاوە پیرەکە بە چرپە ئاسایەک وتی:
— ئەو شوێنەوارەی لەسەرووی پەنجەکانی قاچیەوە بوو. . هەرگیز بۆی باس نەکردووی ؟
بە سەرسوڕمانەوە پرسیم:
— نەخێر .. ئەو هەرگیز باسی ڕابردوی نە ئەکرد.
پیاوە پیرەکە قومێکی لە چایەکە دا و وتی:
— نەوزاد… داماوە نەوزاد. دایکی (نەنکت) ژنێکی زۆر سەیر بوو. کاتێک نەوزاد مناڵ بوو، هەر کاتێک دەگریا نەنکت بێ ڕەحمانە لێی ئەدا. . هەمیشە ئەیوت بێدەنگ بە من حەزم لە ژاوە ژاو نیە ئەو ژاوە ژاوەت مێشکی تێک داوم ئەبێ ئەم ماڵە وەک گۆڕستان بێدەنگ بێت. .
پاشان بە دەستەلۆچەکانی پیاڵەکەی دانا و وتی:
— نەوزادی داماو هەمیشە بە جلی چڵکن و دڕاوەوە ئەهاتە دەرەوە ، مناڵەکان هەمیشە پێی پێئەکەنین و فیکەیی گاڵتەپێکردنیان بۆ لێ ئەدا.. ئەو ڕۆژە چووینەوە ماڵی ئێوە نەوزاد بە توڕەییەوە بە دایکی وت : تۆ بۆچی جلەکانم بۆ ناشۆریت ؟ بەڵام نەنکت ئەوەنەی لێدا تا هێزی تیا نەما دواتر کەوچێکی ناو پیاڵە چاییەکەی کردە سەر ئاگردانی ناو زۆپا دارەکە و پاشان خستیە سەرقاچەکانی باوکت. …ئای خوایە گیان قیژەی ئەو مناڵە بێتاوانە ئێستاش گوێیەکانم ئازار ئەدات کاتێک بیرم یەتەوە .
پیاوە پیرەکە کەوچکەکەی لە ناو پیاڵەکەدا هێنا و برد، دەنگە تەقەتەقەکەی وەک چەقۆ دەچوو بە مێشکمدا. لەناو خەیاڵەکانمدا سەیری پەنجەکانی قاچی باوکمم ئەکرد. . ئەو شوێنەوارە سووتاویەی کە پێم وابوو تەنیا کاری سوتفەیەک بووە. ..
پاشان پیاوە پیرەکە بەردەوام بوو:
— ئەو داماوە خۆ تاوانێکی نەبوو. . ڕقی لە بێدەنگی بوو. . ئەیویست کەمێک دەنگی ژیان لەناو ماڵەکەدا دروست بکات و گرنگی پێ بدرێت، بەڵام ئەگەر قسەی بکردایە دایکی لێی توڕە ئەبوو. . ئەگەریش داوای کارێکی لێ بکردایە تەنیا لێدانی ئەخوارد .
هەستم ئەکرد دڵم خەریکە لەناو قەفەزەی سنگم یەتە دەرەوە، بە دەنگێکی هێواش و هەناسەیەکی قورسەوە پرسیم:
— باشە نەنکم چۆن مرد ؟ باوکم هەرگیز باسی نەکردووە.
پیاوە پیرەکە دەستێکی بە ڕیشە درێژەکەیدا هێنا و وتی:
— کچەکەم. . ئێمە لە لادێ ئەژیاین ، ڕۆژێک باوکت بە هەناسەبڕکێوە ڕای کرد بۆلامان ، داماوە گیانی وەک چڵە دارێک ئەلەرزی و قسەی بۆ نەئەکرا. . پاشان وتی دایکم کەوتۆتە ناو کانیەکەوە کاتێک خەریکی جل شۆردن بووە و خنکاوە ، ئەو بێچارەیە تەنیا شانزە ساڵ بوو ئەوکاتە.
تاسانێک تەواوی جەستەمی داگرت، لە هەمان تەمەنی ئەوکاتەی باوکم بووم کاتێک حەبەکەم کردە ناو پیاڵە چایەکەی. . تەنیا شانزە ساڵ بووم. .. هەناسەم بۆ نە ئەدرا تەواوی جەستەم سڕبوو.
پیاوە پیرەکە گۆچانەکەی هەڵگرت و وتی:
— کچی خۆم تەنیا هاتم سەرێکت لێبدەم. . ماشا‌والله تۆ چەن لە نەوزاد ئەچیت ! بەتەواوی هەموو شێوەت لەو ئەچێت . پاشان زەردەخەنەیەکی کرد و وتی ئەبێ من بڕۆم درەنگە.
دوای ئەوەی پیاوە پیرەکە ڕۆیشت، تەقەی دەرگاکە هەمان دەنگە ناخۆشەکەی دەرگائاسنەکەی جارانی بیر ئەهێنامەوە. ..بە بێدەنگی گەڕامەوە بۆ ژووری میوانەکە، پیاڵە چایەکەی بەردەمم بەدەستێکی لەرزۆکەوە هەڵگرت. . لە جیاتی وێنەی خۆم وێنەی باوکم تیا ئەبینی. . خوایە گیان دەستەکانم هیچی تر دەستی خۆم نین ئەوە دەستە زبرەکانی باوکمن. .هەستم ئەکرد ئەو چایە هەمان ڕووبارە کە نەنکمی تیا خنکا و دواتریش باوکم. ..بۆنی هەڵمی چاییەکە لە گازی خەردەل زیاتر جەستە و دڵی ئەسوتاندم ..
ئەو باوکەی چەن ساڵ پێش ئێستا پێم وابوو ناشتوومە ئێستا ڕوحی ئەو وەک هەمان مناڵە چڵکنەکەی جاران لەناو جەستەی مندا یاری ئەکرد… هاواری ئەکرد..ئەگیریا. . پێئەکەنی. . داوای دەنگی ژیانی ئەکرد ..خوایە گیان من ئێستا بووم بەو شتەی کە تەواوی تەمەنم ڕام ئەکرد لێی ؟
چاوەکانم بەدەستەکانم ئەسڕی ئەمویست دڵنیابمەوە لە وێنەی ناو پیاڵەکە ئەمویست خۆم ببینمەوە بەڵام ئەوەی ئەمبینی تەنیا وێنەی ئەو مناڵەبوو بە زەردەخەنەیەکەوە ڕووی تێ ئەکردم. ..ئەو مناڵەکەی کە کەوچکە چایەک ژیانی مناڵی لێ زەوت کرد و کەوچکە چایەک ژیانی لێ وەرگرتەوە…