كەریم دەشتی

درەنگە وا شەو ڕائەشکێ

مانگ بە خەمگینی ئەدرەشێتەوە

مەینۆشان کەمکەم  

مێزی سەرسامیی خۆیان جێدێلن

سەبەتەی  سەری 

پڕ لە شەرابیان ئەترینگێتەوە

کاتییەتی منیش بەرەو نادیار 

دەرگەی ئەبەدیی خۆم واڵا بکەم

بە نێو ئەم هەموو تێلدڕو ئاوە

قاچەکانیشم ساڵەهای ساڵە

بە قەفی قەبەی 

زنجیری سپیی خاک بەستراوە 

سەرسامم  کەوا 

ئا ئەم زنجیرە چۆن بپچڕێنم 

کە وادەی هەتاهەتایی خۆمم 

بە بوونی چیاو رەوەزو لووتکەی نیشتمان داوە 

درەنگە وا شەو لە من ڕائەشکێ

یادەوەریشم کووچکووچەیەکەو

لەدواما ئەخشێ

کام ڕێگا ئەمبا و هەڵم ئەداتە ئەم یۆتۆبیایە

سەری شەڵاڵی ئەندێشە کردووم

کە من پەیمانەی شەرابی سەبرم لەمێژە شکایە


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا