
سەباح رەنجدەر
بە دیواری ژوورەكەمەوە وێنەی قالەمەڕەم هەڵواسیوە
نیوە تاساو چەناگەی خستووەتە سەر شمشاڵی
مردنیش دەستی لێ بەرز كردووەتەوە
ژمارەی كونەكانی بیرچووەتەوە
لە كامیان شەیتان دەردەكرێ
لە كامیشیان خوداوەند دێتە هەناسە و ئاوازیەوە
كونەكانیش لە دڵی شمشاڵدا دوژمن نین
بیریشیان لەوە نەكردووەتەوە
ئاواز شەیتان دەردەكا و خوداوەند دەەێنێتە ژوورەوە
وێنەكە تەماشای ون نەبووە
دیواری ماڵی منی گواستەوە ناڵەشكێن
دەنگی كۆڕاڵ و گڕوگاڵ كردیانە
مۆزەخانە و سەرا و هەوار و تەزووی خودایی
ئاگرێكی ئەفسانەیی گەرمی كردوونەتەوە
دڵ و چاوم بۆ ئەوە ڕاگرتووە
درەختی سەروپرچ پڕ باڵندە قسەم بۆ بكات
لە ساتەكانی كەم بەش هەنگاوت گەرمتر كە
نامراد و نیوەزیندوو
مەستانە نەڕژایتە كەناری چپە و ڕازی پاراو
مراویی كێوی بەناو یاری ئاگرین تێپەڕی
ڕۆحی مردووان بەێننەوە و چاوان پڕكەن
بەچكەی كەوتوو دەخەنەوە هێلانەوە
