
پۆشاکە رەنگینەکانت دەبینم
وەک ئاڵا بە ئارامیی دەشکێنەوە
هەروا لام سەیرە هێشتا نەپۆشراون
چۆن ئاوا خۆیان بە ئاشتەوایی هەڵواسیوە!
گچکەڵانەکەم چۆن ئەلفوبێی هاوارت فێرکەم و
ئازاری مرۆڤت بۆ وەرگێڕم
چۆن پاساوت بۆ بهێنمەوە
کە لە رۆژانی چاوەڕوانی تۆدا
لە شوێنێکی دیکە منداڵان ماڵئاواییان دەکرد
نەیاندەتوانی چاوە کراوە و گەورەکانیان بنووقێنن
وەک یەک ''بۆچی'' یەکی گەورە
ئەرێ بە لایەنی کەم گچکەلانەکەم
دەتوانم فێرتبکەم
چۆن پێڵووی چاوانی بووکەڵەکەت دابخەی
تا ترسناکییەکان نەبینن؟
لە نێو تاریکییدا
داوای پێیویستییەکانی
سەربردە ئەفسوونییەکان دەکەی؛
''فیلێک، زەڕافەیەک
و مێروولەیەک''.
لەگەڵ پەیڤەکان دەکۆشم
تا ئەو ئەفسانەیە دابهێنم کە تۆ دەیخوازی.
پاڵەوانەکانی دیکە
- تۆ خۆت فێری ئەوە دەبی -
هیچ تاریکییەک ناناسن
ئەوان لە نێو رۆشنایی هەناسەدەدەن
وەک تۆ
کاتێ هەردوو دەستە گچکەکانت
دەکەیتە سەرین و دەخەوی
وەک تاکە ئەرکێک:
هەر بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی مەزنتر بکەی.
سپیرۆس ئەرەڤەنیس
کوردییەکەی: ئومێد قەرەنی
