
حەمەسەعید حەسەن
کۆمێدیای ڕه‌ش، به چاوپۆشین له‌وه‌ی ڕاستڕۆن، میانڕۆن یان چه‌پڕۆ، به
گژ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتپه‌رستاندا ده‌چێته‌وه و به چاوی گومانه‌وه بۆ هه‌موو
فۆرمه‌کانی ئایدیالیزم و فه‌ناتیزم ده‌ڕوانێت. (ڕیچارد ئینگرامس)
ئه‌وه کۆمیدیا نییه که بێ مانا و بێ ئامانج، وه‌رگر ده‌هێنێته پێکه‌نین، ئه‌وه ده‌شێت جۆک بێت، له کۆمیدیادا پێکه‌نین ئامرازه نه‌ک ئامانج. که ڕێساکانی ئه‌ده‌بی گاڵته‌جاڕی، له وڵاتێکه‌وه بۆ یه‌کێکی دیکه، جیاوازییان هه‌یه، ده‌شێت ئه‌وه پێوه‌ندیی به هه‌بوون یان نه‌بوونی سانسۆره‌وه هه‌بێت. ئه‌وه‌ی له وڵاتێکی نادیموکرتدا، سه‌پرایز یان شۆکه، ڕه‌نگه له وڵاتێکی دیموکرات‌دا سه‌رنجڕاکێش نه‌بێت. سه‌روه‌ختی گه‌مه‌کردن له‌گه‌ڵ زماندا، هه‌ر زمانه و تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه، ئه‌و گاڵته‌یه‌ی به هۆی گه‌مه‌وه له‌گه‌ڵ وشه‌دا، له‌م زماندا په‌یدا ده‌بێت، کاتی وه‌رگێڕان بۆ ئه‌و زمان، هیچ به وه‌رگر نا‌ڵێت.
ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێین شیعری داشۆرین و له‌کن مه، (شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی (١٨٣٧ - ١٩١٠) تێیدا باڵاده‌سته، له زۆر لایه‌نییه‌وه زاده‌ی شیعری ستوونی بوو، هه‌مان ئه‌و بابه‌تانه‌ی شێخ ڕه‌زا، ئه‌گه‌ر به په‌خشانه‌شیعر بگوترێن، زۆرێک لەوەی گاڵته‌جاڕییه تێیاندا نامێنێت. داشۆرین، چونکه ئه‌گه‌ر په‌تی سێداره‌یش بێت، له ئاوریشم چێ کراوه، ئه‌وه بۆیه ده‌شێت، ته‌نانه‌ت ئه‌و که‌سه‌یشی کراوه به نیشانه، نه‌ک هه‌ر دڵگران نه‌بێت، به‌ڵکوو چێژیشی لێ وه‌ربگرێت. له کۆمیدیای ڕه‌شدا، ئه‌وه هیچ بایه‌خێکی نییه، کاره‌کته‌ره‌کان، که‌سانی ڕاسته‌قینه‌ن یان نا؟ که‌نگێ ئه‌وه بایه‌خداره، (دۆن کیخۆته) که‌سێکی ڕاسته‌قینه بووه، یان زاده‌ی خه‌یاڵ؟
هونه‌رێکی باڵا
ئه‌و بێهووده‌یییه‌ی له (ئه‌ده‌بی ناماقووڵ)دا هه‌یه، له (کۆمیدیای ڕه‌ش)یشدا، جێگه‌ی بایه‌خه. کۆمێدیای ڕه‌ش، شتگه‌لی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بی (سوریالی)یشدا هه‌یه، به تایبه‌تی که هانا بۆ شتی سه‌رسووڕهێن ده‌بات، ڕووداو وه‌ک خه‌ون و خه‌یاڵ وێنه ده‌کێشێت و لێ ناگه‌ڕێت زمان له زیندانی لۆگیکدا به‌ند بێت.
تا سه‌ر نه‌بۆته گۆ، ده له دنیا ده تۆ شه‌قێ
هه‌ر ئه‌م شه‌قه به‌کاره، که‌وا هه‌ڵدرێ له هیچ
(مه‌حوی ١٨٣١ - ١٩٠٦)
ئه‌وه هاوزه‌مان وێنه‌یه‌کی زێده‌جوانی سوریالی و بیرکردنه‌وه‌یه‌کی قووڵی (عه‌به‌سی)یانه‌یشه، که وه‌ک (گۆ)یه‌ک سه‌یری دنیای بێ‌مانا بکه‌ین و (شه‌ق)ێکی تێ هه‌ڵبده‌ین. (بێرنارد شۆ ١٨٥٦ - ١٩٥٠) ده‌ڵێت: (دنیا یه‌کێکه له نوکته‌کانی خودا،) ئاخر کۆمیدیا پێوه‌ندییه‌کی قووڵی به بێهووده‌یی و ناماقووڵییه‌وه هه‌یه و ڕه‌نگه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یش بێت، نووسه‌ری کۆمیدیا، که‌سێکی بوێر‌ی تابووشکێنه، پێبه‌ندی دابونه‌ریتی باو نابێت و ته‌نانه‌ت ده‌شێت ئه‌و (ڕه‌مز)ه‌ی لای که‌سانی ئاسایی پیرۆزه، لای ئه‌م ببێته که‌ره‌سه‌ی ته‌نز.
ئه‌گه‌ر کۆمیدیا دوو جۆر بێت: ساکار و قووڵ، ئه‌وا کۆمیدیای ڕه‌ش، قووڵترین چه‌شنی کۆمیدیایه، بۆیه مه‌گه‌ر ته‌نیا ده‌سته‌بژێر له ته‌واوی نهێنییه‌کانی تێبگات. (ئه‌وی بایه‌خ به سیاسه‌ت نه‌دات، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه که‌سانی پووت بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی بده‌ن.) ئه‌و گوته‌یه‌ی (ئاریستۆفانێس ٤٤٥ - ٣٨٥ پ. ز) به ئاسمانی په‌یامی کۆمیدیای ڕه‌شه‌وه، ئه‌ستێره‌یه‌کی گه‌شه. له کۆمیدیای ڕه‌شدا، که خه‌یاڵ ئه‌رکێکی سه‌ختی له ئه‌ستۆدایه، کورت‌بڕی، سه‌رنجی بروسکه‌یی و به‌گه‌ڕخستنی ڕه‌مز، شوێن به درێژدادڕی لێژ ده‌که‌ن. ئه‌و هه‌موو گاڵته‌جاڕییه‌ی له کۆمیدیای ڕه‌شدا هه‌یه، له تاقه سه‌رچاوه‌یه‌که‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت که مه‌ینه‌تییه. به‌رهه‌مه‌کانی سێرڤانتس، ڤۆڵتیر، بێرنارد شۆ و مارک توین، گه‌واهی له‌سه‌ر ئه‌م ڕاستییه ده‌ده‌ن. ئه‌وه‌ی که کۆمیدیایه‌ک هه‌یه خه‌مناک یان هه‌ندێک جار (ڕه‌شبین)یشی پێ ده‌ڵێن، وه‌ک به‌ڵگه وایه بۆ ئه‌وه‌ی، مه‌ینه‌تی مامانی گاڵته‌جاڕییه.
کۆمیدیای ڕه‌ش که گاڵته‌ئامێزانه بابه‌تێک به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه، هاوزه‌مان توانای ئه‌وه‌یشی هه‌یه، شکۆی په‌یامه‌که‌ی به‌رز ڕابگرێت و بوار نه‌دات کاره‌که، ته‌نیا وه‌ک قۆشمه ده‌ربکه‌وێت. ئه‌و کۆمیدیایه‌ی هه‌ر بایه‌خ به قۆشمه ده‌دات و هیچی دیکه، له جۆک نزیک ده‌بێته‌وه. کۆمیدیای ڕه‌ش تایبه‌ت نییه به بوارێکی دیاریکراو یان تاقه ژانرێک، ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر بڵێم، ده‌شێت هه‌موو بابه‌تێک به‌سه‌ر بکاته‌وه و له هه‌موو هونه‌رێکدا هه‌بێت، زێده‌گۆییم نه‌کردبێت. کۆمیدیای ڕه‌ش ده‌شێت له شانۆنامه، فیلم، ڕۆمان، شیعر، گوتار و له هونه‌ری شێوه‌کاریشدا هه‌بێت. لایه‌نه لاوازه‌کانی ئینسان، وه‌ک لووتبڵندی، نه‌فامی، دووڕوویی، گه‌وجایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتپه‌رستی، کێڵگه‌گه‌لی به‌پیتن بۆ گه‌شه‌کردنی کۆمیدیای ڕه‌ش.
خه‌ون و مۆته‌که
کۆمیدیای ڕه‌ش ئه‌وه نییه، گاڵته‌جاڕانه ڕابردووی که‌سێک بگێڕینه‌وه، یان زێده‌ڕۆیی له گه‌وره‌کردنی خاڵه لاوازه‌کانیدا بکه‌ین، یان شێوازی بیرکردنه‌وه‌ی بکه‌ین به که‌ره‌سه‌ی ته‌نز. کۆمیدیای ڕه‌ش ئه‌وه‌یه: چیرۆکێک بگێڕینه‌وه زاده‌ی خه‌یاڵ بێت، به‌ڵام هه‌ر له ڕیالیست بچێت، وه‌ک (ئیبراهیم زه‌بۆک)ی عه‌زیز نه‌سین (١٩١٩ - ١٩٩٥). کۆمیدیای ڕه‌ش، له کۆمیدیا و تراژیدیا پێک هاتووه که ده‌توانین (تراژیکۆمیدیا)یشی پێ بڵێین. (پاڵتۆ)که‌ی گۆگۆڵ که ١٨٣٤ نووسراوه، که به گژ دووڕوویی و گه‌نده‌ڵیدا ده‌چێته‌وه، که به شێوه‌یه‌کی گاڵته‌جاڕی ناخ و ڕه‌وتاری ئینسانی پووچ به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه، که جارێک ده‌مانهێنێته پێکه‌نین و جارێک وا ده‌کات فرمێسک به‌ری چاومان بگرێت، ئێستایش هێنده زیندووه، هه‌ر ده‌ڵێیت باسی ئه‌م سه‌رده‌مه ده‌کات.
ئه‌ندریه برێتۆن (١٨٩٦ -١٩٦٦) له کتێبی (ئه‌نتۆلۆژیای کۆمیدیای ڕه‌ش)دا ده‌ڵێت: (کۆمیدیای ڕه‌ش هه‌ر یه‌کگرتنی کۆمیدیا و تراژیدیا نییه، به‌ڵکوو به‌رجه‌سته‌کردنی ناهاوسه‌نگیشه به شێوه‌یه‌کی گرژ و پێکه‌وه گرێدانێکی هونه‌رییانه‌ی مه‌ترسی و نائومێدییشه.) کۆمیدیای سپی به قه‌ڵه‌م ده‌نووسرێت، به‌ڵام ئه‌تمۆسفێری کۆمیدیای ڕه‌ش، هێنده دژواره، هه‌ر ده‌ڵێیت به چه‌قۆ هه‌ڵده‌کۆڵرێت. جیاوازییه‌کی دیکه‌ی نێوان کۆمیدیای سپی و کۆمیدیای ڕه‌ش ئه‌وه‌یه، ئه‌میان له خه‌ونبینین ده‌چێت و ئه‌ویان وه‌ک مۆته‌که وایه. کۆمیدیای ڕه‌ش هه‌وارێکه نزیکه‌ی هه‌موو ئه‌دیبان ڕێیان تێی ده‌که‌وێت، به تایبه‌تی که هه‌ست به نائومێدی و بێهووده‌یی ده‌که‌ن.
کۆمیدیای سپی که به کاریکاتێرکردنی ئه‌ده‌به و تێکه‌ڵه‌یه‌که له قۆشمه و گاڵته‌جاڕی، خاڵی لاوازی که‌سێک، لایه‌نێک، یان ده‌زگایه‌ک وه‌ها وێنه ده‌کێشێت که ببێته مایه‌ی پێکه‌نین و ڕه‌نگه هه‌ندێک جار زمانه‌که‌ی تا ڕاده‌ی بریندارکردنیش، زبر بێت. ئه‌وانه‌ی له زیندانی دۆگمادا دیلن، ئیدی زیندانه‌که ئایدۆلۆجیایی بێت، یان ئایینی، وای بۆ ده‌چن، گاڵته له شکۆمه‌ندییان که‌م ده‌کاته‌وه.
نالی! وه‌ره (هه‌زل)ێکی که (عار)ی شوعه‌را بێ
ڕووڕه‌ش مه‌که پێی، سه‌فحه‌یی هه‌ر له‌وح و کیتابێ
چیرۆکه‌شیعره‌که ستایشکردنێکه له پێناوی به‌دناوکردندا، نالی (١٨٠٠ - ١٨٥٦) له کۆتاییدا وه‌ک لێی پاشگه‌ز بووبێته‌وه، له‌و به‌یته‌دا به‌و ئه‌نجامه گه‌ییشتووه که به‌و کاره‌ی، ئاوڕووی خۆی بردووه نه‌ک ه‌ی مه‌ستووره، ئه‌وه نییه ئه‌و (هه‌زل)ه‌ی به (عار) له قه‌ڵه‌م داوه؟ ئه‌مه‌یش ڕه‌نگه نیشانه‌یه‌ک بێت بۆ ئه‌وه‌ی، نالی سه‌روه‌ختی یاخیبوونیش، بتی دۆگمای تێکنه‌شکاندبێت و پردێکی له دوای خۆیه‌وه جێ هێشتبێت. کۆمیدیای ڕه‌ش به گژ دۆگماکاندا ده‌چێته‌وه، گاڵته‌جاڕانه سه‌رنجی واقیعی تاڵ ده‌دات، لاقرتێی پێ ده‌کات و به ته‌وسه‌وه ده‌یدوێنێت. له کۆمیدیای ڕه‌شدا، به‌جێ و نابه‌جێ، ماقووڵ و ناماقووڵ، واقیع و فانتازی، به جۆرێک ده‌ست له ملانی یه‌کدی ده‌بن، جوداکردنه‌وه‌یان وه‌ک مه‌حاڵی لێ دێت.
ئایرۆنی
کۆمیدیای ڕه‌ش به دوو باڵ ده‌فڕێت: ئایرۆنی و پارادۆکس. ئایرۆنی که به ته‌وسه‌وه په‌یڤینه، بگۆ تێیدا شتێک ده‌ڵێت و مه‌به‌ستی شتێکی دیکە، یان پێچه‌وانه‌که‌یه‌تی، به‌و جۆره له‌ڕێی ڕه‌خنه‌ی بریندارکه‌ری گاڵته‌ئامێزه‌وه، پێکه‌نین ده‌ورووژێنێت، پێکه‌نینێک که له خه‌مێکی تاڵ و نائومێدییه‌کی قووڵه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. به ته‌وسه‌وه په‌یڤین، گاڵته‌کردنێکه له هه‌ناویدا نیازێکی دوژمنکارانه حه‌شار ده‌دات و زاده‌ی تووڕه‌بوون یان بێزلێکردنه‌وه‌یه. ئایرۆنی ئه‌وه‌یه که هه‌واڵێکی هه‌ڵه ده‌گێڕینه‌وه، گوێگر ده‌زانێت ڕاست نییه، وه‌لێ وا خۆی نیشان ده‌دات که باوه‌ڕی به ڕاستی و دروستی هه‌واڵه‌که هه‌یه. ئایرۆنی چونکه گاڵته‌یه‌که بۆ مه‌به‌ستێکی ڕژد ده‌کرێت، ئه‌وه بۆیه که وه‌ک توێکڵ له ڕاستی ده‌چێت، وه‌ک کاکڵ گه‌مه‌کردنه به ئاوه‌زی ئه‌و که‌سه‌ی کراوه به نیشانه.
هێرشکردن له ئایرۆنیدا ناڕاسته‌خۆیه، گاڵته‌پێکردنێکی ته‌مومژاوییه. ئه‌وی به ته‌وسه‌وه بدوێت، وه‌ک شتێکی مه‌زن، باس له شتێکی پووچ ده‌کات، واتا که به ڕووکه‌ش پێداهه‌ڵدانه، له کرۆکدا سووکسه‌رنجدانه و له‌ودیو هه‌ر ستایشێکه‌وه، پلارێک خۆی مه‌ڵاس داوه. چونکه ئایرۆنی مانا ڕاسته‌خۆکان سه‌روبن ده‌کاته‌وه، چونکه جیاوازییه‌کی گه‌وره له نێوان گوتراو و مه‌به‌ستدا ده‌هێنێته ئاراوه، بۆیه ئه‌وه ئاسایییه، وه‌رگر به‌د له مه‌به‌ست حاڵی ببێت، ئاخر تێگه‌یشتن له ئایرۆنی پێویستی به ئاستێکی ڕۆشنبیریی بڵند هه‌یه. پەیڤین به ته‌وسه‌وه، بۆ خۆپاراستنه له ڕه‌خنه‌ی ڕاسته‌خۆ له که‌سێک، دیارده‌یه‌ک یان له بۆچوونێک که ڕه‌نگه نه‌گونجێت به ئاشکرا ڕه‌خنه‌ی لێ بگیرێت.
ئه‌وه ئایرۆنییه که له شانۆنامه‌ی (به‌ده‌م چاوه‌ڕوانیی گۆدۆوه)ی (بێکێت ١٩٠٦ - ١٩٨٩)دا، پیاوێک که به مه‌به‌ستی خۆخنکاندن قایشه‌که‌ی پشتی ده‌کاته‌وه، یه‌کسه‌ر پانتۆله‌که‌ی به‌ر ده‌بێته‌وه. هه‌ندێک جار ئایرۆنی له ڕێی گه‌مه‌کردنه‌وه له‌گه‌ڵ زمان و وشه‌دا، سه‌رهه‌ڵده‌دات. شێخ ڕه‌زا ده‌ڵێت:
گه‌رچی فه‌قیر و موفلیسه، شێخ مامه ساڵحم
نه‌مدی که‌سێ وه‌ک ئه‌و ساحێبی که‌ره‌م
میوانی بووم و نان و که‌ره‌ی نایه به‌رده‌مم
ئێستایش به‌بێ موداهه‌نه، مه‌منوونی ئه‌و که‌ره‌م.
لایه‌نی جوانی به ته‌وسه‌وه په‌یڤینه‌که، هه‌ر ئه‌وه نییه، ده‌توانین دوو خوێندنه‌وه بۆ شیعره‌که بکه‌ین، ئه‌وه‌یشه شاعیر خۆی بێلایه‌ن نیشان ده‌دات و سه‌نگه‌ری هیچ کام له‌و دوو لێکدانه‌وه‌یه هه‌ڵنابژێریت، ئه‌مه‌یش به‌رجه‌سته‌کردنێکی هونه‌رییانه‌ی هێرشێکی ناڕاسته‌وخۆیه.
پارادۆکس
له (پارادۆکس)دا، پراکتیک جیاوازه له‌وه‌ی له تیۆریدا هه‌یه، هه‌میشه کۆتایی جیاوازه له‌وه‌ی له سه‌ره‌تاوه چاوه‌ڕوانیمان بۆی هه‌یه، شته‌کان هه‌ڵگری دژه‌کانی خۆیانن، هه‌رچه‌نده شیمانه‌کان دروستن، وه‌لێ کۆتایییه‌که هیچ له‌گه‌ڵ لۆگیکدا کۆی ناکاته‌وه، وه‌رگر له چرکه‌ساتی یه‌که‌مدا، بیری بۆی ناچێت و گه‌لێک جار هێنده فریوده‌ره، وه‌رگر به هه‌ڵه‌دا ده‌بات. کۆمێدیای ڕه‌ش هه‌وڵ ده‌دات له‌ڕێی پارادۆکسه‌وه، جێ به بیر و بۆچوون و نه‌ریته باوه‌کان له‌ق بکات و له‌و ڕێگه‌یه‌وه، کۆمه‌ک به ئینسان ده‌کات، تا خه‌یاڵی به‌رینتر بێت و هیواکانی مه‌زنتر بن. ڕه‌نگه ئه‌و ناته‌بایییه‌ی به هۆی پارادۆکسه‌وه هه‌ستی پێ ده‌که‌ین، زاده‌ی ئه‌وه بێت که ئێمه زانیاریی هه‌ڵه‌مان سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌یه‌ک هه‌یه، له دۆخێکی وه‌هادا، پارادۆکس گومانمان له‌کن دروست ده‌کات و ده‌بێته هه‌وێنی ئه‌وه‌ی، سه‌رله‌نوێ به زانیارییه‌کانماندا بچینه‌وه و فێرمان ده‌کات به کلیلی گومان، نێتشه (١٨٤٤- ١٩٠٠) گوته‌نی ده‌رگای (زیندانی یه‌قین) له خۆمان بکه‌ینه‌وه.
نووسه‌ر له کۆمێدیای ڕه‌شدا به‌هۆی پارادۆکسه‌وه، خه‌ریکی ئه‌وه‌یه، به په‌یژه‌ی ناشیرینیدا به‌ره‌و ژیانێکی جوان سه‌رمان بخات، وه‌ک چۆن شاعیر له قوڕی وشه، زێڕی شیعر به‌رهه‌م ده‌هێنێت، نووسه‌ریش له کۆمیدیای ڕه‌شدا، له‌ڕێی پارادۆکسه‌وه، له تاریکی، تیشک و له ئازار، خه‌نده و له نائومێدی، هیوا ده‌خوڵقێنێت، ئه‌وه بۆیه عه‌زیز نه‌سین که له بواری نووسینی کۆمیدیای ڕه‌شدا، یه‌کێکه له نووسه‌ره هه‌ره مه‌زنه‌کانی دنیا، ده‌یگوت: (کۆمیدیا شمشێری ده‌ستی زۆرلێکراوانه، به ڕووی زۆرداراندا هه‌ڵیانکێشاوه.) ڕێککه‌وت له پارادۆکسدا هه‌رچه‌نده وه‌ک شێوه خه‌مگین دێته به‌ر چاو، وه‌لێ له ناواخندا مایه‌ی پێکه‌نینه. (گه‌مه‌ی ڕۆژگار،)(*) پێناسه‌یه‌کی کورت و پوختی میللییه بۆ پارادۆکس.
گرۆتێسک
گرۆتێسک که یه‌کێکه له‌و ته‌کنیکانه‌ی له کۆمیدیای ڕه‌شدا وه‌گه‌ڕ ده‌خرێن، لادانێکه له نه‌ریتی زاڵ و گه‌ڕانه به‌دوای شێوازی نوێی ده‌ربڕیندا. گرۆتێسک (که چه‌ندان مانا ده‌به‌خشێت، له‌وانه: سه‌یر، ناشیرین، نه‌گونجاو، ناخۆش و قێزه‌ون،) شێوه‌ده‌ربڕینێکی هێنده سه‌رسووڕهێنه، وه‌رگر دووچاری حه‌په‌سان ده‌کات. گرۆتێسکه‌ری گه‌ڕانه به‌دوای جوانیدا، به‌ڵام له جێیه‌کدا که ناشیرینی زاڵه، یان لێڵکردنی ئاوه ڕوونه‌کانه، له پێناوی مه‌به‌ستێکی گه‌شدا. له گرۆتێسکه‌ریدا هه‌م دژبه‌یه‌کی هه‌یه و هه‌میش بابه‌ته‌که لێکدانه‌وه‌ی هه‌ڵه هه‌ڵده‌گرێت. له به‌رهه‌می برێخت، کافکا، جۆناتان سویفت، ئه‌دگار ئالان پۆ و یۆنسکۆدا که‌موزۆر ڕووبه‌ڕووی گرۆتێسک ده‌بینه‌وه. له (جانه‌وه‌ره‌کانی دۆکتۆر فرانکنشتاین) و (زه‌نگلێده‌ره‌که‌ی نۆتردام) و (جوانی و جانه‌وه‌ر) دا، ته‌کنیکی ماسکی گرۆتێسک به‌کار هێنراوه.(**) له کوردی‌دا شیعره ناوداره زێده ڕووهه‌ڵماڵراوه‌که‌ی مه‌لا غه‌فووری حافیزی مه‌هابادی، نموونه‌ی ئه‌ده‌بی گرۆتێسکه‌رییه که هه‌ندێک جار (ئه‌ده‌بی نایاسایی،) یان: (کۆمێدیای دڕندانه)یشی پێ ده‌ڵێن.
گوناهێکی گه‌وره
کۆمێدیای ڕه‌ش ده‌توانێت وا بکات، قاقا قاقا پێبکه‌نین و خوڕ خوڕ بگرین، ئاخر گاڵته‌جاڕییه‌که خوێنی لێ ده‌چۆڕێت. وه‌هرانی ده‌ڵێت: (له‌تاو ماندووبوونی کار هه‌ڵدێن، به بیانووی خواپه‌رستییه‌وه، ده‌خزێنه کونجی مزگه‌وته‌کانه‌وه و تا مردن هه‌ر خه‌ریکی خواردن و خه‌و ده‌بن، هه‌ر له گه‌رچکی ناو بێستان ده‌چن که هه‌م ئاو ده‌خواته‌وه و هه‌م جێگه‌یش ده‌گرێت.) ئه‌و گاڵته‌جاڕییه، ته‌نیا هه‌ر هه‌وێنی پێکه‌نین نییه، بۆ بۆ ورووژاندنی پرسیار و ڕامانیش هانمان دەدات.
ئیسلامییه توندڕۆ‌کان، خۆیان وه‌ک دوژمنانێکی سه‌رسه‌ختی کۆمیدیا ده‌ناسێنن و به حه‌رامی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. (یا أیها الذین آمنوا لا یسخر قوم من قوم، عسی أن یکون خیرا منهم... ولا تنابزوا بالألقاب... ومن لم یتب فأولئک هم الظالمون. الحجرات١١) له‌به‌ر ڕۆشناییی به هه‌ڵه خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ئایه‌ته‌دا، کۆمیدیا وه‌ک سووکایه‌تیکردن به‌م و به‌و لێک ده‌ده‌نه‌وه و ته‌نانه‌ت لاساییکردنه‌وه‌ی که‌سێک، با ناڕاسته‌خۆیش بێت، لای وان هه‌ر ده‌که‌وێته خانه‌ی سووکایه‌تیکردنەوە به خه‌ڵک، هه‌رچه‌نده لاساییکردنه‌وه، دێرینترین شێوه‌ی کۆمیدیایه و له‌نێو ئینسانی سه‌ره‌تاییشدا هه‌بووه.
هه‌ندێک له توندڕۆ‌کان وای بۆ ده‌چن، ئه‌گه‌ر گاڵته‌کردنمان به باوه‌ڕدارێک، بگاته ئه‌و ئاسته‌ی زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ک بێته سه‌ر لێومان، ئه‌وه گوناهێکی گچکه‌یه، وه‌لێ ئه‌گه‌ر قاقا به خاوه‌نباوه‌ڕێک پێبکه‌نین، ئه‌وه گوناهێکی گه‌وره‌یه. (وإذا لقوا الذین آمنوا قالوا آمننا وإذا خلوا إلی شیاطینهم قالوا إنا معکم إنما نحن مستهزئون. الله یستهزئ به‌م ویمدهم فی طغیانهم یعمهون. البقرة ١٤ و ١٥) که‌واته ئه‌وانه‌ی پێیان وایه گاڵته به باوه‌ڕداران ده‌که‌ن، به هه‌ڵه‌دا چوون و ئه‌وه زاتی خودایه گاڵته به‌وان ده‌کات و لێیان ده‌گه‌ڕێت به‌ره‌و سه‌رگه‌ردانی مل بنێن. گاڵته‌جاڕی به تایبه‌تی له به‌رگی ئایرۆنیدا، گه‌له‌ک جار له قورئاندا هاتووه و له‌و بواره‌دا چه‌ندان کتێب نووسراون. (***)
ئه‌ستێره گه‌شه‌کان
له کۆمیدیای ڕه‌شدا، نووسه‌ر که ژیانێکی تاڵ ده‌داته به‌ر ڕووناکی، هه‌میشه به‌رگێکی شیرینی له‌به‌ر ده‌کات، ئاخر به‌و جۆره، وه‌رگر زووتر پێشوازی له کاره‌که ده‌کات، ئاخر ئه‌و به‌رگه شیرینه که له گاڵته چێ ده‌کرێت، وا ده‌کات که‌سی هه‌ڵچوو، هێور ببێته‌وه و ئه‌وی ماندوویشه بحه‌سێته‌وه. ئه‌گه‌ر نووسه‌رێک هه‌بێت، تۆڵه‌ی زۆرلێکراوان بسێنێته‌وه، ڕه‌نگه ته‌نیا نووسه‌ری کۆمیدیای ڕه‌ش بێت. کۆمیدیای ڕه‌ش له خه‌ڵکه‌وه نزیکه، به شێوازێکی ئاسان ده‌نووسرێت و ده‌رۆزه‌ی پێکه‌نینی وه‌رگر ناکات. ئه‌وه زاده‌ی نەفامییە، ئه‌گه‌ر به چاوێکی سووکه‌وه سه‌رنجی نووسه‌رانی کۆمیدیا بده‌ین و پێمان وابێت، ئه‌رکی وان، ته‌نیا وه‌پێکه‌نینهێنانی ئه‌وانی دیکه‌یه و هیچی تر. گه‌وره‌ئه‌دیبانی دنیا، ئه‌وانه بوون که کۆمیدیایان به‌رهه‌م ده‌هێنا، وه‌ک: سێرڤانتێس، ڤۆڵتێر، مۆلێر، بێرنارد شۆ، مارک توین، گۆگۆڵ و عه‌زیز نه‌سین.
که (پووشکین ١٧٩٩ - ١٨٣٧) (ده‌روونه مردووه‌کان)ی (گۆگۆڵ ١٨٠٩ - ١٨٥٢)ی پاشای کۆمیدیای ڕه‌ش ده‌خوێنێته‌وه، به حه‌سره‌ته‌وه ده‌بێژێت: (خودایه گیان، ڕووسیا چه‌ند کڵۆڵه!) شانۆنامه‌ی (پشکنه‌ر)ی گۆگۆڵ، یه‌کێکه له‌و شاکارانه‌ی ده‌که‌ونه خانه‌ی ئه‌ده‌بی کۆمیدیای ڕه‌شه‌وه. که بۆ یه‌که‌مین جار له ١٩ی ئه‌پریلی ١٨٣٦دا، به ئاماده‌بوونی نیکۆڵای یه‌که‌می سیزاری ڕووسیا نمایش ده‌کرێت، سیزار ستایشی کاره‌که ده‌کات و ده‌ڵێت: (هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌و ڕه‌وشه خراپه به‌رپرسن، پێویسته سه‌رکۆنه بکرێن، یه‌که‌م که‌س خۆم.) ڕه‌نگه ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی سیزار، به‌ڵگه‌یه‌ک بێت بۆ ئه‌وه‌ی، سه‌رهه‌ڵدانی کۆمیدیای ڕه‌ش و گه‌شه‌کردنی، پێویستی به ژینگه‌یه‌کی دیموکرات هه‌یه که تێیدا ڕێز له بیروڕای جیاواز بگیرێت.
ئارنست هه‌منگوای (١٨٩٩ - ١٩٦١) پێی وایه، هه‌موو ئه‌ده‌بی ئه‌مریکایی، له کتێبی (سه‌رچڵییه‌کانی هه‌ککه‌لبێری فاین)ی (مارک توین)ه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. مارک توین (١٨٣٥ - ١٩١٩) له‌و ڕۆمانه‌یدا که یه‌کێکه له نموونه باڵاکانی ئه‌ده‌بی کۆمێدیای ڕه‌ش، جۆره ڕه‌خنه‌یه‌کی گاڵته‌ئامێزانه‌ی هێنده زبری ڕه‌چاو کردووه، هه‌ر له‌وه ده‌چێت، خوێی به برینه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌وه کردبێت. له ڕوانگه‌ی بێرنارد شۆوه، تاقه بلیمه‌تێک که پیشه‌سازیی سینه‌ما به‌رهه‌می هێنابێت، چارلی چاپلنە (١٨٨٩ - ١٩٧٧) که پێی وایه، (هه‌ر ڕۆژێک له ژیانمان بێ گاڵته ده‌رباز بووبێت، ئه‌و ڕۆژه‌مان له کیس چووه.) چارلی چاپلن، به فیلمی دیکتاتۆر(١٩٤٠) به گژ هیتله‌ر و نازیزمدا ده‌چێته‌وه و هۆلۆکۆست که ئه‌و وه‌خته هێشتا ده‌نگی نه‌دابووه‌وه، ده‌داته به‌ر ڕووناکی. ئایا ئه‌وه لوتکه‌ی هونه‌ر نییه، به شێوه‌یه‌کی گاڵته‌جاڕی، کاره‌ساتی قه‌لاچۆکردنی میلله‌تێک به‌سه‌ر بکه‌ینه‌وه و نیشانه‌یش بپێکین؟
هه‌نری بێرگسۆن ده‌ڵێت: (ئینسان وه‌ک چۆن تاقه گیانداره له مه‌ینه‌تیدا ده‌ژی، تاقه گیانداریشه پێده‌که‌نێت.) ئه‌وه بۆیه نووسه‌ری کۆمیدیای ڕه‌ش، له هه‌نگێک ده‌چێت، پێمانه‌وه ده‌دات، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به ئازار بکه‌ین، یان: کارێک ده‌کات له خۆشی‌دا بگرین، گاڵته‌مان به ئازار بێت و پێش ئه‌وه‌ی به‌ڵاکان پێمان پێبکه‌نن، ئێمه به‌وان پێبکه‌نین. ئه‌گه‌ر ئه‌و چه‌که نه‌بووایه، هیچ دوور نه‌بوو، ڕۆحمان تووشی داخوران هاتبا، ئاخر کۆمیدیای ڕه‌ش دژه‌بروسکه‌یه‌که له داڕمانی ده‌روونی ده‌مانپارێزێت. هه‌رچه‌نده (دۆن کیخۆته)ی قاره‌مانی ڕۆمانه‌که‌ی سێرڤانتس (١٥٤٧ - ١٦١٦) له‌ناو وه‌همدا ده‌ژیا، که‌چی ئه‌وه سه‌دان ساڵه ئه‌و به‌رهه‌مه، به ڕاستی له ناوماندا ده‌ژی.
کۆمیدیای ڕه‌ش هانا بۆ ورووژاندنێک ده‌بات که تا ئاستی بریندارکردن ده‌ڕوات و ئه‌و باس و بابه‌تانه به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه که وه‌ک تابوو وه‌هان و سڵ له سانسۆر ناکاته‌وه. (ناپاکی له نیشتمانه‌که‌م ده‌که‌م.) ئه‌وه ناونیشانی کتێبێکی موحه‌ممه‌د ماغووتە (١٩٣٤ - ٢٠٠٦) که ئایرۆنی و پارادۆکسی له هه‌ناویدا هه‌ڵگرتووه و هێنده بوێرانه‌یشه تا ئاستی ئه‌وه‌ی تووشی حه‌په‌سانمان ده‌کات. ماغووت یه‌کێکه له‌و نووسه‌رانه‌ی له کاره‌ساتدا، پێکه‌نین ده‌دۆزێته‌وه و قۆشمه‌کانیشی هێنده تاڵن، به‌ره‌و گریان هانمان ده‌ده‌ن. عه‌ره‌ب گوته‌یه‌کی هه‌یه ده‌ڵێت: (دژوارترین به‌ڵا ئه‌وه‌یه که ده‌بێته هه‌وێنی پێکه‌نین.)(****) (زه‌که‌ریا تامیر١٩٣١) ئه‌دیبێکی دیکه‌ی عه‌ره‌به که توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه، له زه‌ریای تراژیدیادا، مرواریی کۆمیدیا ببینێته‌وه. (که‌ری تۆپیو له گورگ ناترسێت،) ناونیشانی یه‌کێک له ئیشه‌کانی عه‌زیز نه‌سینه که کۆمیدیای ڕه‌شی لێ ده‌چۆڕێت. ئه‌و نووسه‌ره ئینساندۆسته ده‌ڵێت: (هه‌ر شتێکی باش بزانم، له دایکمه‌وه فێری بووم، کاتێک دایکم به داوی ڕه‌نگاوڕه‌نگ سه‌رقاڵی چنین ده‌بوو، من له داوه ڕه‌نگینه‌کانیدا، فرمێسکه‌کانی و تیشکی چاوانیم به‌دی ده‌کرد، بۆیه له‌کن من، پارچه‌یه‌ک له‌وانه‌ی دایکم ده‌یچنین، له هه‌موو کتێبه‌کانم به‌هادارتره.)
*
ژێده‌ر و په‌راوێز
١) الدکتور نعمان محمدأمین طه، السخریة فی الأدب العربي ١٩٧٨ دار التوفیقیة للطباعة بالأزهر.
٢) الدکتور شاکر عبدالحمید، الفکاهة و الضحک، سلسلة عالم المعرفة، ینایر ٢٠٠٣ الکویت.
٣) عبده وازن، قصیدة نثر بسخریة سوداء ٢٠ دیسمبر ٢٠٠٩الحیاة.
٤) عبدالرحیم العطري، غوغول ملک السخریة السوداء ٢١ یولیو ٢٠٠٥ موقع جریدة بانیاس.
٥) سالم سلمان الدمام، الکتابة الساخرة ١٢ سبتمر ٢٠١٠ الشرق الأوسط.
٦) د. موکه‌ڕه‌م تاڵه‌بانی، شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی، ل٦٤ ده‌زگای ئاراس ٢٠٠١هه‌ولێر.
٧) مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی مودده‌ڕیس و فاتیح عه‌بدولکه‌ریم، دیوانی نالی، ل٦٢٩ کۆڕی زانیاریی کورد ١٩٧٦ به‌غدا.
٨) مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی مودده‌ڕیس و مه‌حه‌ممه‌دی مه‌لا که‌ریم، دیوانی مه‌حوی، ل٩٨ چاپی دووه‌م، کۆڕی زانیاریی کورد ١٩٨٤ به‌غدا.
٩) قورئانی پیرۆز ، ل٣ وه‌رگێڕانی مامۆستا هه‌ژار.
*
(*) سخریة القدر.
(**) جانه‌وه‌ره‌کانی دۆکتۆر فرانکنشتاین: فیلمێکی ترسناکی ئه‌مریکایییه، له ده‌رهێنانی جه‌یمس واڵ. زه‌نگلێده‌ره‌که‌ی نۆتردام: ڕۆمانێکی ڤیکتۆر هوگۆیه ١٨٣١ نووسراوه. جوانی و جانه‌وه‌ر: حه‌کایه‌تێکه به فیلم، ئۆپێرا، فیلمی کارتۆن و زنجیره درامایش هه‌یه.
(***) له‌وانه: أسلوب السخریة فی القرآ‌ن الکریم، عبدالحلیم حنفي.
(****) (شر البلیة ما یضحک.)
*
ئایرۆنی: تهکم
پارادۆکس: مفارقة
گاڵته‌جاڕی: سخریة
داشۆرین: هجاء
قۆشمه: فکاهة