سەلام عومەر
 
من ناوم كڵپەیە، نۆبەرەی خێزانێكم نەخوشكم هەیە و نەبرا، لە نێو تۆفانی گڕدا بەربوومەوە و بەئاوی روبار بسمیلیان كردم، بەبەردێكی تیژ ناوكیان بڕیم و بەدەسماڵی مامانێك مەلۆتكە كرام، كاتێك گوێیەكانم كرانەوە گوللە دەباری، دوكەڵ یەكەم دیمەنی بینینم بوو، خۆ بۆنی باڕووتیش ئەو هەستە بوو ساوایمی ئاودا، باوكم لەم بۆردوومانەدا شەهید بوو، سەبری دایكیشم بەتەنێ مایەوەو بەكولەمەرگی بەخێوی كردم، لەنێو جەنگێكی دەستەویەخەدا و بەبێ مامان لەدایك بووم، كەچی كەسێك نەیگوت بەپەرجوو هاتە بوون.
+++++++
چەقۆیەكانی دایە سەبری من تیژم دەكردنەوە، كەس هێندەی من لە بەرد هاویشتندا دەستی راست نەبوو، هێندەی داربیەكان ببڕمەوەو بیانكەمە تیروكەوان، لەلایەن خاوەن رەزەكانەوە دەیان شولكم وێكەوت.
چۆلەكەكانی گەڕەكمان هیچیان نەدەهاتنە سەر درەختەكانی ئێمە، ئاخر بەدارلاستیق تەپەم لێهەڵدەستاندن و هەڵیشمنەدەگرتنەوە، شەوانە لە دەرگای هەموو جیرانەكانم دەدا و رامدەكرد، بۆیە لە گەڕەكی ئێمە شەوانە كەس دەرگای نەدەكردەوە، دەیانزانی منداڵێكی چەتوونە و پێیان رادەبوێرێ‌، چونكە بەتەنێ‌ بووم و برام نەبوو، بۆیە دەبوو خۆم لەسەر خۆم بكەمەوەو نەهێڵم كەس لێمبدا، بابم نەبوو تا ئامۆژگاریم بكا، خزمەكانیش شتاقیان خۆیان تێنەگەیاندین، بۆیە هەر لە منداڵیەوە پشتم بەخۆم بەست و شەڕم بەداروبەرد دەفرۆشت، هەموو هاوتەمەنەكانم دەیانویست ببنە برادەرم، هەتا لێیان نەدەم، وشەی هەتیو لە كۆڵانەكەمان نەما، یەك كەسیش نەیدەوێرا پێم بڵێ‌ هەتیو، ئاخر  هەموو بابیان هەبوو ئەمن نەبێ، ئێواران بابەكان دەهاتنەوە و منداڵەكان بەدوایاندا دەچوونە ژوورێ‌، من نەبێ‌ تا دایكم لەكار نەگەڕابایەوە نەمدەوێرا بچمەوە، بۆیە بوومە سەرسەری و هەمیشە چەقۆ لە بەرپشتم و دارلاستیكیش وەك ملوانكە لە ملمدا بوو، ناو چەكمەجەكەی مدیری قوتابخانەمان پڕ بوو لە چەقۆ و كەلابەرد و بۆكسخەنجەری من، بۆیە هەمیشە لە ماڵەوە بووم، دایكم نانی بۆ ماڵان دەكرد و منیش لە كۆڵانان شەڕەشەقم دەكرد، تا تەمەنی لاویەتی ئاوا بەڕێمكرد و كەس بەهەتیویم غەمی نەدەخوارد و كەسیش بە ئازایەتیم پێی نەدەگوتم  خولەپیزە، وەلێ‌ بە دایەگیانیان دەگوت سەبەی نانكەر.
+++++++
ئێستا لەنامۆیدام و خەریكە سوێمبێتەوە بۆ شارەكەم، ئەو شارەی هەموو تەمەنم لەناویدا بە سەرسەریەتی بەڕێكرد، حەزدەكەم بچمەوە نێو رەزەكان و وەبەر شولكانم دەن، مامۆستا بڵێ دەستت بكەوەو دە داری مزر بخۆم، چۆلەكەكان لەترسی من هەڵفڕن و دایكیشم بڵێ كوڕم بەسە بەهۆی تۆوە لە گەڕەك دەرماندەكەن.
ئێستا خۆم و خۆشەویستەكەم لە نامۆیداین، ئەو بوو منی لە هەموو كەتنەكانی تەمەنم دوورخستەوەو كردمی بە مرۆیەكی عاشق، ئەوبوو نەرم نەرمی كردمەوەو كردمی بە لاوێكی خاوێن، چەقۆیەكانی پێفڕێدام و قەڵەمی پێهەڵگرتمەوە، فێرە نامەی دڵداری كردم، پرچە ئاڵۆزەكانی پێشانە كردم و دواتر منی ناردە ناو كار و بۆ یەكەمجار فێرە كاسبی كردم، نەیهێشت چیدی دەست لە دایكم پانكەمەوەو بەزۆریش پارە لە هاوڕێكانم بستێنم، هات و وەك پەپولە لەناوەندی دڵم نیشتەوە و بەجۆرێك ئارامی كردمەوە وەك ئەوەی قەت دڵی كەسم ئازار نەدابێ، ئەوەندەنا كاتێك ماڵباتەكەی چەند جارێك بەمنیان گوتبوو ناتدەین بەو هەتیوەشەللاتییە، بەبێ دوودڵی قۆڵی لە قۆڵینام و لەوشارەی فێرە شەڕانگێزی و خۆشەویستی بووم دوور دوور كەوتینەوە، ئیدی بۆیانگێڕامەوە كە خەڵكی گوتوویانە كڵپە قەت نابێتە پیاو چونكە كچی خەڵكی هەڵگرتووە، 
وەلێ نەیانگوت مەجنوونە و بەدووی لەیل كەوتووە.
+++++++
ریشم سپی بووە، هەموو شەوێك گوێ لە هەواڵەكان دەگرم، ئەو هەواڵە ناخۆشانەی لە وڵات و نێو شارەكەم روودەدەن، دەیان چیرۆكی سەیر دەگێڕنەوە و یەك كەسیش ئاگای لەو نامۆییەی من نییە كە خەریكە بەڕاستی كڵپە لەخۆم هەڵدەستێنم و لەتاو دووری دایكم وێران بووم، شەو نییە نەبیستم و نەبیستمەوە كە لەنیشتمانەكەم چی روودەدات:، كەچی كەس باسی بزر بوونی دوو شەیدا ناكەن:
 خۆ شەپۆلەكانی روبار هەزارانی وەك ئاڤێستایان لولدا، لەنێو دۆزەخی قوڵایدا هەناسەیان لێبڕین و دەنگیان لێ سوتاندن، ئاخر لەنێو ئیجەدا بەگروپ لاوەكان جێدەمان و لافاو چەندان گوند و شاری بەخەڵكەكەیەوە راماڵی، كەچی كەسیان بەقەت ئاڤێستا نەبوونە چیرۆكەكانی بەرئاگردان، نەچوونە پانتایی شاشەكان.
كێ هەیە ناوی شیرین ببیستێ و فەرهاد نەناسێ؟ خۆ هەموو عاشقانی دنیا لەكورەی عیشقدا هەڵقرچاون، لەنێو پۆلوەكانی خۆشەویستیدا برژاون، بوونەتە خۆڵەمێش و لەگەڵ بادا پەرت بوون، كەچی هیچیان وەكو شیرین و فەرهاد نەبوونە ئەفسانە.
چما كەس هەیە لەكاتی دوعا كردندا دوعای ئەنجن ئەنجن كراوی بیرنەیاتەوە؟ خۆ هەزارانی وەك ئەو لە نێو ئایدیۆلۆژیای دیندا بەردباران كران و هەلابەهەلا بوون، خرانە نێو چاڵەكانەوە و بۆ هەتاهەتایە بزركران، كەچی كەسیان وەك كیژە ئێزیدیەكە نەچووە نێو لاپەڕە و هەواڵەكانی دنیاوە.
+++++
ئێستا من لەنێو حیكایەتەكانی عیشقێكی نامۆدا پەپولەیەكم و با هەڵیگرتووم، جارێك لەنێو دۆزەخی ئاودا بزرم دەكا و هەندێ كەڕەتیش هەڵمدەداتە نێو كورەكەی فەرهاد و سوورم دەكاتەوە.
با بۆ منی پەپولە بۆتە گەردەلول و لەنێو فڕكەی بەردەكان دا بەخوێنی دوعاوە گیر دەبم، ئیدی بۆ هەتاهەتایە لەنێو ئەم خوێنە كوڵاوەدا دەڕزێم و دەبمە پەڵوو.
با هەڵیداومە نێو وڵاتێك جگە لە خۆشەویستەكەم كە ئێستاش مامۆستامە، كەس نازانێ چ كڵپەیەك لەنێو دڵی كڵپەدایە؟ دەمەوێ گەشتێك بۆ شارەكەم بكەم، كەچی دەڵێن هەموو چەقۆكانی منداڵیت لەنێو جەستەدا دەچەقێنین، دەڵێن ئەوێ دەبێتە دۆزەخ بۆت و بەزیندوویی دەتسوتێنین، دنیا گۆڕانكاری بەخۆیەوەدی كەچی چیرۆكی رەدووكەوتنەكەی ئێمە وەك خۆیەتی و كەس نەیگوت ئەوانە ئەسمەر و مامەرن؟
+++++++
منی كڵپە بەنێو ئەفسانەكانی عیشقدا هاتووم، بۆیە هەندێجار پێمدەڵێن قەقنەس و زۆر جاریش بڵێسە، لە هەموو وێستگەكانی خۆشەویستیدا قاپێك پشكۆم خواردۆتەوە و لە تەواوی هێلانەكانی دڵداریدا تەنیا لێفەی گڕیان پێداداوم، لرفە لرفی دارستانەكان و قوڵپەقوڵپی گڕكانەكانم، كەچی نەچوومە نێو حیكایەتەكانی بەر ئاگردان و نەوەك فەرهاد ناویان هەڵگرتم، بۆنچڕوكی عیشقی من بەهەموو دەلاقەكاندا رۆیشت و لە تەواوی دیوەكانی ئەم زەمینە نیشتەوە، كەچی نەخستیانمە نێو فۆلكلۆرەوە و نەكەسێك سوتانی منی وەكو شوكوڵڵای بابان خوێندەوە.
گڕ تۆپەڵ تۆپەڵ لەنێو دڵێكی سارددا لرفەیاندێ، خوێنێكی كوڵاو دەڕژێتە نێو دەمارەكان و كەللەسەریان كردوومە فەرهەنگێك لە وشەی ئاگرین و جەستەم لە هەموو لایەكەوە پڕوشكی لێدەبێتەوە و كەچی كەس وەك محەمەد بوعەزیزی تونس باسی نەكردم.
+++++++++
 
خۆم كڵپەم و ئاگری خۆشەویستیش لە خوێنمدا قوڵپدەدا، بەو هەموو گەرمیەی خۆمەوە لە نامۆیدا خۆشەویستەكەم باوەشم لێدەدا و ناسوتێ، بەبیرم نایات گریابم، كەچی لێرە سیمای هەموو كەسەكانم كە تەنیا دایكمە دێتە بەرچاوم و ئازارم دەدا، ئاوێك لە چاومەوە دەڕژێ ئێوە پێی دەڵێن فرمێسك، لەلای من جۆگەو روباری شارەكەمن دەچۆڕێنە نێو هەنیەم و چیرۆكی بێخەتایم بۆ گەردوون دەگێڕنەوە، هەرچەند سیمای ترسی منداڵەكانی كۆڵان دێتە بەرچاوم ئەو ئاوە دەڕژێ و لەگەڵ خۆی دەمباتەوە شارەكەم، شارێكی دوور دوور، وەلێ لەنێو خەیاڵمدا هێندە نزیكە هەرچاوداخەم لەوێم، شارێك لەناویدا بوومە سەرسەری و دواتر عاشق، عاشقی كچێك وەك پەرجوو منی كردە مرۆ و كەچی كەس پێی نەگوتین شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی؟
+++++++
لەنێو فرۆكەخانەیەكی وڵاتی غەریبی، من و هاوژینەكەم، ببوورن مامۆستا بێكەسەكەم، كە كەس وەكو من و ئەو بێكەس نییە، چاوەڕێی نیشتمانین، بەدیار گەیشتنی فرۆكەیەك دایكمی هەڵگرتوە و ئیدی هەردووكمان تەنیا ئەو دایكە و ئەو نیشتمانەمان هەیە، دەچینە باوەشی و تا مردن نان لەبەردەمی دادەنێین و هەرگیز نایەڵین  جارێكی دی پێی بڵێن: سەبەی نانكەر.
2025
 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا