
بەرزان عەلی
بەشی۳
چەند ساڵێکی دوور باوکم بەم چیایانەدا تێپەڕی و ماتەمینی ئەم کۆڵەپشتەی لەیاداشتەکانیدا نووسی
ئێستا ڕۆڵەکەی وەکوو شاعیرێک یادەوەری چیا و کۆڵان و شەقامێکی سوورهڵگەڕاو دەنووسێتەوە لە سەفەردا
لەنێو تاریکی و ترافیکێکی سووردا سەرخەوێکم شکاندا چەشنی کەروێشک
کاتێک سەوز بوو
دیمەنی سنگکوتانی ئەوانەم بینی کە ڕۆژگارێک ماتەمیان دەگێڕا
میراتگری پاڵەوانی چیاکان لۆگۆی سەرسنگیان بە کۆڵەپشت نەخشاندبوو
لەسەر جلێکی ڕەشی قەترانی عەیارە بیستوچوار بە درووشمی تاریکی ڕادەماڵین
بە هەناسەی چیاکان ڕەنگی سوور مۆمیا دەکەین
بە شەپۆلی ئەو جۆگانەی دەڕژێنە سەرخاک و کەللەسەری جەلادەکان لەنێو ڕەنگی ڕەشدا دەسوتێنن
عەمامە چەشنی کۆلارە دەچێت بە ئاسماندا
دەست پێدەکات کڵپەی ئاگر و مەراسیمی ئاهەنگگێڕان خەندە دەخاتە سەر لێوی ئەو منداڵانەی کە ڕۆژگارێک باوکیان قاچاخچی نان و ئازادی بوون
لەنێو هەموو شەقامێکدا تابلۆی کۆڵبەرێک هەڵدەواسن کە ڕۆژگارێک لەنێو چیادا دەژیان
ئەشکەوتەکان دەبنە پێشانگا و یادەوەری
ئەو قارەمانانە هەڵدەواسن کە ڕۆژگارێک میوانی بەردی نەرم بوون
تفنگەکان هێڵنج دەدەن و دەڕشێنەوە
ڕۆژگارێک بەڕێوەیە چیتر نان ناخرێتە نێو ڕستەی کۆڵبەرییەوە
ئازادی نابێتە فیشەک بۆ ڕژانی خوێن
هێلانەی زەردەواڵەکان خاپوور دەکرێن
کەمتیار و قەلەڕەش و کەللەسەری جەلادەکان چەشنی گەڵای پایز لە شەقامەکاندا دەکەون
جەنگاوەرانی ئایدۆلۆژیا و پیاوانی ئەڵڵا لەبری هەڵهاتن بۆ کەعبە و خۆشاردنەوەیان لەژێر پەردەی ڕەشی ماڵەکەیاندا
دەبنە پەنابەر لە ماڵی بێخوداکان و دەبنەوە بە مرۆڤ و ڕەنگیشە لەژێر ترافیکی سووری بەهەشتدا بۆ هەمیشە بمێننەوە
دۆزەخ چەندجارێک دەرگای لە ئێمە کردەوە
بەهەشت دەرگای نەبوو تا بکرێتەوە
ئەوان لە نێو خەیاڵەکانی بەهەشتدا دۆزەخیان ماڵی کرد
بۆ نەوەکانیان
ژیان تاریک بووە
وەرن لە نێو شیعرێکی بەرزاندا بۆ ڕوناکی بگەڕێن.