
بەرزان عەلی
بەشی 5
خۆی ئاڵاندووە بە ڕۆحمەوە
پەنجەکانی گیر کردووە لە بیرکردنەوەم هەناگاوەکانم دەژمێڕێت چەشنی سێبەر
پێدەچێت دەستبەردارم نەبێت
ناچارم بەر لە خۆم بیر لەو بکەمەوە
دەستگرتن بەوەوە یانی هەڵگرتنی تەنێک لەسەر جەستەیەکی بریندار و ماندوو
لەوانەشە هەڵکۆڵینی ئازادی بێت لەنێو دڵی بەردێکدا کە ڕۆژگارێک پەناگەی خەونەکانی باوکم بوو
ناسنامەی چەندین هاوڕێی بە من سپارد لەنێو یادەوەرییەکانیدا
بەڵام نەینووسی بوو بەرزان بەکێ دەسپێرم
خەڵکی شارەکەم گوناهن
وەکوو بنەبازەڵان بیرکردنەوەیان پیر بووە و چەماونەتەوە و بەرگە ناگرن
چەشنی پاراو دەڕژێمە نێو کۆڵەپشتەکەم تا شیعر چرۆ بکات
خەریکم گرێکوێرەی ژیان بە شیعر دەکەمەوە نەک بە جەنگ و کوشتار و دووکەڵ
کچە هاوڕێکەم لە خۆم ماندووترە
کلیلی دەروازەی سندووقی تاڵەسپییەکانم لەنێو فۆڵدەری خەیاڵدانمدا دەشارمەوە
بە قەیتانی پێڵاوەکانم دەمی وتەبێژی ئەشکەوتەکان دەدوورمەوە
ڕۆژگارێک شەقم لەتۆپ دەداو گۆڵم لەژیان دەکرد بەتامی منداڵی و مانەوە لەنێو یاریدا
ئێستا شەق لە ژیان و ئایدیای ئەفسانەکان دەدەم تا بمێنمەوە
بەرلەوەی دێوەزمەکە بمخنکێنێت
یادەوەرییە ژەنگگرتووەکانم لەنێو گەشتێکدا سووتاند چەشنی کارۆلی ڕۆحم
ئارام کردەوە
دەڕۆم
دەڕۆم
بەبێ ئەوەی لە مینی سەربازە دڵڕەقەکان بترسم
دەڕۆم بۆ ئەوەی بگەمەوە بەشوێنپێکانی باوکم
لەنێو گەشتێکدا بەر لە تفەنگ دەست بەشیعرەوە بگرم
لە باوەشی بکەم
کۆڵەپشتەکەم پڕ کرد لە خڕێڵە
تا بنی ددانی بۆگەن نەکات
ڕۆحێکی سەرکێش شێتانەم هەیە و دەگەڕێم چەشنی جاسوسێک ناوەستم
یادەوەرییەکان و ژاوەژاوی قەلەڕەش و دەنگی کەمتیارەکان دەیانەوێت هێرش بکەنە سەر تەنیاییم و بیکوژن لە تاریکیدا
بیر لەوە دەکەمەوە بۆمبێکی ئەتۆمی بکێشم
بە بیرکردنەوەیاندا و عەقڵیان بخمە نێو مۆدێرنەو پۆستمۆدێرنەوە تا بژین و ببینن
دەیزانی نیگەرانیم خەریکە قیژەم لێ هەڵدەستێنێ
پێکی عارەقی خورمای
بۆ تێ کردم
تا ختووکەی خەیاڵدانم بدات و لەم بێدەنگییە هەڵ بێم
کۆڵەپشتەکەم لە خۆم زیاتر عەوداڵی سەرکێشییە
سوار ماشینی هاوڕێکەم دەبم
دوو قاپ عارەق لەنێو بۆن و بەرامەی ئیستەکی لێمۆدا دەشارمەوە و موتووربەیان دەکەم
خواردنەوە لەنێو ماشیندا بەگۆرانی هایدەوە پێدەچێت
سەرکێشییە کی خراپ نەبێت
دەگەینە بازگەیەکی شلوشۆڵ
بەر لە کۆڵەپشتەکەم مەشرووبەکەم دەشارمەوە
سەربازەکان لە تفنگەکان
هیلاکتر دیارن
ترس ڕووخساری داپۆشیون وەکوو ئەوەی چاوەڕێی نادیارێک بکەن
قەلەڕەشێک بە چاوێکی حیزەوە دەڕوانێتە ڕووخسارم و
هیچ ناڵێت
کەمتیارێک بۆنی دەمم دەکات
بەڵام ناوێرێت کەڵبەی بۆگەنی لە دڵم گیر بکات
هاوڕێکەم ترس ڕووخساری دەشێونێت نەرمە سڵاوێکیان لێ دەکات
پاشان پێی پێدا دەنێت تا ڕادەی دوورکەوتنەوە لێان دوورکەوتنەوە لەوان یانی تۆ دەژیت
بۆ ئەوەی دڵنەوایی بکەم پێکێ عارەقی بۆ تێ دەکەم
پەنجە دەخاتە سەر زەفتەکە تا ڕادەی شێتبوون
دەگەینە دەروازەی شارێکی مەزن
شارێک کە پڕە لە یادەوەری
شیعر لەدڵی بەرزاندا چەکەرە دەکات
هیواش هێواش لەم گەشتەدا دەبووژێتەوە
ئەم چیرۆکی کۆڵەپشتە لێرەوە دەست پێ دەکات
وەکوو فۆتۆگرافەرێک وێنەکان دەگوازێتەوە