کۆڵەپشـت

ڕێڕەوی دووکەڵ  
شەپۆڵ دەدات و ڕێڕەوی شەقامەکان دەگۆڕێت
 بـێـهودە دێن و دەچن لە نێو پۆستاڵدا دەژین 
چەشنی یاریزانێکی گێژ ژمارە دوانزەیان لەبەردایە 
تەناف شارەکەی تەنیوە
 تارماییەکان چەشنی مار خەریکی کاژ فڕێدانن 
پیاسەیەکی نەرم دەکەم تا خەیاڵدانم پڕبکەمەوە
 خۆدۆزینەوە هەنگاوی دروستی دەوێت
 ئاسمانی شارەکە دەکۆکێت 
هیلاک دیارن چەشنی کۆڵەپشتەکەم
 دووکەڵ خەریکە پیریان دەکات
 دڵـخۆشم کاتێک دەبینم ناچەمێنەوە
 بیرم نایەت ئەم ئاژەڵانە لەکەیەوە 
خەریکی کولانە دروستکردنن
 بەهەموو کەللەسەری ژەنگگرتویان دەیانەوێت 
کش مەلیک بکەن
 لە نێو قەد پاڵی چیاکەوە دەلەرێتەوە و نەرم نەرم دێتە خوارەوە 
دەزریکێنێ چەشنی هەورە تریشقە خۆی دەکێشێ بە تابوتی پەیکەرێکی غەریبدا 
با گۆرانی دەچڕێت و تێدەپەڕێت 
ئەستێرەکان سەمادەکەن و دەدرەوشێنەوە 
تاشە بەردەکان گلۆردەبنەوە و هەڵدەپەڕن 
 کرماشان شاری شیرینم 
شاری جوان و کورد نشینم
 کاتێک گوێم لەم دەنگە دەبێت
 ڕۆحم دەبوژێتەوە و بە ئارامی بە نێو شەقامەکاندا هەنگاو دەنێم 
دەبینم بە ئاشکرا نان دەخۆن 
زەردە خەنەیەکیان بۆ دەکەم 
لاوێکی پێگەشتوی شەڕواڵ لەپێ بەویقارەوە وتی
 لەم خاکەدا ڕەمەزان ناوی عوسمانە پیاوێکی پیر بە تەزبیحێکی پیرتر لە خۆی لە ژێر لێوەوە دەیبۆڵاند پێدەچوو دوعا لە لاوەکە بکات 
بە هاوڕێکەم گوت 
گەر جەنگ نەبوایە کێ دەیوێرا لە ڕۆژێکی ئاواهیدا
 نان بە ئازادی بخاتە سەر لێوی؟
 جەنگ 
ڕوخساری ستەمی دیکتاتۆرەکان دەگۆڕێت 
کاتژمێر دوانزەی شەوە 
نیگەرانی تک تک دەچۆڕێت 
لە نێو پارکێکدا پیادە دەبم
نایشارمەوە ترس بە نێو شادەمارەکانمدا دەگەڕا  
چەندین جار لە غوربەتدا ترس شاڵاوی بۆ هێناوم 
داومە بە زەویـدا
دەترسام کۆڵەپشتەکەم پەلاماری بدات 
چەند پێکێ هەڵدەدەم 
نامەیەکی دەنگی بۆ کچە هاوڕێکەم دەنێرم 
تا چیرۆکی ونبونم لە یاد نەکات 
بە پێکەنینەوە پێم دەڵێت 
بەرزان گەر مردیت لە نێو باخچەی شیعرێکدا دەوخەوێنم 
کۆڵەپشتەکەت دەگەڕێنمەوە بۆ دایکت 
لەوپەڕی پارکەکەوە شەوقێک بڵێسە دەدات 
دەکێشن لە باوەشی ئاگرێکدا تا نیگەرانی ڕۆژێکی دڵڕەق تێپەڕێنن  
لە گۆشەیەکی چەپەکی پارکەکەوە کوخێک دیارە 
پڕە لە مرۆڤی دڵشکاو 
 ڕوخساریان شێواوە وەکو ئەوەی پاچەکۆڵەی دووکەڵیان کردبێت 
هەندێکیان شەقامەکان بەخوارو خێچی تێدەپەڕێنن 
کۆڵەپشتەکانیان بەدبەختی خۆی تێدا حەشار داوە  
هەندێکیان دواهەمین یادەوەری تەمەنیان دەژمێرن 
کاتژمێر یەکی شەوە و دڵم پڕە 
کۆڵەپشتەکەم باوێشک دەدات 
سەعاتێکە لە نێوو نیگەرانیدا دەژیم  
چەند پێکی دەخۆمەوە تا دڵنەوای دڵم بکەم
 بە خۆم دەڵێم گەر بورهان بەرزنجی لێرە بوایە دڵی دەتەقی لەتاو ناسکی و خۆشەویستیش هەتیوو دەکەوت
گوێم لە دەنگی پێکەنینە 
پێدەچێت کوخەکە ختوکەدرابێت 
بەڵێنم بە عەلی مەجید داوە تا یادەوەریەکانی 
بەرزان عەلی نەنوسمەوە
 کۆڵەپشتەکەم دانەنێم 
دانانی کۆڵەپشتەکەم
 یانی هاتنەوەی کەمتیارو قەلەڕەشەکان.

بەرزان عەلی


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا