
بەیان ئیبراهیم
ڕووبار دێ و تێدەپەڕێ
ئەوەی بەجێ دەمێنی، تەنها ئاوماڵکە
تەمەن دەڕوا و
ئاوماڵکەکەی نەخشێکە وا له هەنگاوەکانمان ،
پەپولەی زەردەحەنەیەکە
وا نیشتۆتە سەر دڵی هاوڕێیکانمان ،
دەست له گەردنی خەونی یەکتری بەردەن ،
هێنده قژی ئاواتەکانی یەکتر مەڕنن
کەس نازانێ چەند سێو له سەبەتەی تەمەنی ماوه،
ئەوەی هەیه قاشی کەن و بەیەکەوە بیخۆن ،
ڕەنگە ئەم ئێوارەیه دوا ئێوارەی تەمەن بێت ،
هەورەگرمەی ڕقی کێمان نەیداوه بەسەر ئەویتڕمان ؟
بروسکەی بوغزی کێمان گڕی بەرنەداوەته هەناوی ئەویتڕمان ؟
ئەو هەموو هەورەگرمە و برووسکەیە بۆ ئێوارەیەک زۆر زۆره؟
کێ چوزانێت،
ڕەنگە ئەمه دوا ئێوارەی تەمەن بێ و،
دوا زەردەخەنەش،
