ناڵە حەسەن 
 
سڵاو خاتوو نەسرین ، سوپاس کە لە کۆڕە شیعرییەکەم لە ( سەنتەری کۆمەڵایەتی کۆییانی سلێمانی )  ئامادەبوویت و لە کۆتایی کۆڕەکەم ، کاتێک من کتێبی ( دووەمی دەقی تەمەن )م بۆ ئیمزاکردی تۆش ئەم کتێبە نایابەی خۆتت پێشکەشکردم . بە وردی کتابەکەتم خوێندەوە ، کۆمەڵێک بەسەرهاتی ڕاستەقینەی کە هەریەکێکیان چیڕۆکێک و ڕۆمانێکی تراژیدی خەمناک بوون . خوێندنەوەی بەسەرهات و چیڕۆکەکان بەم زمانە شیرین و ئەدەبییەوە خوێنەر دەخاتە نێو ڕامان و بیرکردنەوەیەکی قووڵ ، ڕامان لەوەی بونیاد و شیرازەی کۆمەڵگەی ئێمە بەکوێ گەیشتووە ؟ . ئەم نیشتمانەی ئێمە چ کەڵاوەیەک و چ گۆڕستانێکی بۆ کچان و ژنانی ستەمدیدە خوڵقاندووە ؟ . سیستەمی سەرمایەداری و پیاوسالاری گەیشتۆتە چ ئاستێک لە هاڕینی مرۆڤەکان ، وەحشییەت و بەربەرییەت لای بازرگانە چاوچنۆکەکان و پارێزەرانی سەرمایە چۆن شیرازەی خێزان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هەموو بونیادی کۆمەڵگەی لەباریەک هەڵوەشاندۆتەوە، ژیان و مرۆڤەکانی داشۆراندووە لە هەموو بەهای جوانییەکان و بەهای مرۆڤایەتی ، ئازادی و مافەکانی تاک چ وەهمێکی تەڵخ و گەورەیە . هەژاری و مامەڵەکردن بە جەستەی مرۆڤەکان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر ، چ دۆزەخێکی گەورەی خوڵقانددووە ! ، ئاڵوودەبوون بە مادەی هۆشبەر چ یارییەکی قێزەوەن بە مرۆڤەکان دەکات ، چۆن تا ئەو ئەندازەیە  دەستەمۆ و لەرزۆک و کۆیلەیان دەکات ، کە ئامادەی هەموو کارێکی زەلیلی نامرۆڤانە بن  !! ، هەر لە کارنەکردن ، فرۆشتنی کەلوپەلی ماڵ ، فەرامۆشکردنی هاوژین و توندوتیژی ، سواڵکردن و دزیکردن ، تا ئەوئاستەی ڕازیبوون بە فرۆشتنی کۆرپەی ناو بێشکەی ماڵەکەی خۆی ، واتە گەیشتن بە ئەوپەڕی بەهای نامرۆڤبوون ، ئەوپەڕی بێ مۆڕاڵی و ئەوپەڕی دڕەندەیی .. !! ، لەم نێوەندەش قوربانیانی ئەم ڕژێمە بۆگەن و گەندەڵە بە دەرەجەییەک کچان و ژنانن . لەولاوەش دەسەڵاتداران و بازرگانانی سەرمایەش خەریکن بۆ شەوێکی سووری شەهوەتاوی ئامادەن بە ملیۆن دۆڵار ببەخشن ، کەچی بێباک لە ژیان و ئاسایش و خەمی نان و خۆشگوزەرانی خەڵک. خۆزگە ناوی کتێبەکەت دەبوو بە ( لە سووچێکی دۆزەخەوە ، ڕاکشان لەپاڵ ئاگردا ! ) . خوێندنەوەی ئەو کتێبە وێنەیەکی گەورەی گۆمەڵگاکەمان دەخاتە پێشچاو . ئەم کتێبە دیوە تاریکەکانی ئەودیو دیمەنەکانی سەر تیڤییەکان و ئەودیو دیمەکانی بەردەم کامێرەکانمان پێشان دەدات و بوێرانە پەردە لەسەر نهێنیەکان و دیوە قێزەوەن و تابلۆ ناشیرینییەکان لادەدات . هەرچەندە ئەوەمان لەلا ڕۆشنە کە ستەم و چەوساندنەوەی کچان و ژنان ڕیشەیەکی قووڵ و سەردێکی مێژوویی دوور و درێژی هەیە ، بەڵام ئێستا بە ئەوپەڕ و ئەوپەڕی گەیشتووە ! ، لە کۆمەڵگەی بەراییەوە ، واتە ئەوەی لە مێژوودا پێی دەڵێن ( کۆمۆنەی سەرەتا ) ، کاتێک موڵکدارێتی گشتی دەگۆڕێت بۆ موڵکدارێتی تایبەت ، لەوێوە چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە دەست پێدەکات و یەکەم قوربانیانی ئەو چەوساندنەوەیە ژنان دەبن . هەر بەم هۆکارە و هەر لەوێوەش کۆمەڵگەی چینایەتی دەستیپێکردووە و هەر لە قۆناغی کۆیڵایەتی و دەرەبەگایەتی و سەرمایەداری یەکبەدواییەک لە ڕەوتی مێژووبەردەوامییان بووە .دوای ئەوە لە ئاکامی گەشەی بیری مرۆڤ و گەشەی تەکنەلۆژیادا ڕژێمی سەرمایەداری بە دڕەندەترین شێوە درێژە بە تەمەنی خۆیدەدات و لە بەردەوامبوون و نوێکردنەوەدا دەبێ . تا ئاستی ئەوەی لە ئێستادا بۆتە ئەمری واقیع و پاشەکشەپێکردن و بوونی ئەڵتەرناتیڤێکی گونجاو بۆتە وەهمێکی گەورەو هیچیتر . خوێندنەوەی ئەم کتێبە هەم دڵخۆشت دەکات هەم دڵتەنگ ! ، دڵخۆشت دەکات لەوەی کە دەبینین ، مرۆڤێکمان هەیە شوێنی کارەکەی خۆی کە ئاراشتگایەکە کردۆتە ماڵێکی گەورە بۆ کچان و ژنانی ستەمدیدەی دڵبریندار ، هاودەمانە گوێ لە موعانات و بەسەرهات و ژیانیان دەگرێت ، لەگەڵیاندا دەگریت و فرمێسک دەڕێژێ ، هەوڵدەدات کۆمەک و یارمەتییان بدات ، ڕێگاچارەیان بخاتەبەردەم ، بۆ ڕزگاربوون و کۆتایی هاتن بە ئازار و مەینەتییەکانیان ئامادەیە ژیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە . ئەو کەسەش نووسەری کتێبی ( ڕاکشان لەپاڵ ئاگردا )یە ، واتە ( نەسرین تەنیا )ی نووسەر و شاعیر لەهەمانکات ئاکتیڤیستێکی خۆبەخش لە بواری ئازادی و وشیارکردنەوەی کچان و ژنانی ستەمدیدیدە و بەشمەینەت . ئاشنابوون بە نووسەر و شاعیرێک لێوانلێو بە هەستی مرۆیی ،  . قەڵەمێکی تیژ و بوێر و چاونەترس . بە دیوێکیتریش لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە خەمناک دەبیت کە ، دابونەریت و کلتووری ڕەسەنی کوردەواریمان بە کام سەردەم و ڕۆژگارێک گەیشتووە ! خەمناک دەبیت بەوەی ئەم دۆزەخەی نێو گۆمەڵگاکەی خۆت دەبینی ، ئازار و سووتانی کچان و ژنانمان کە بێویستی خۆیان پەنا بۆ فرۆشتنی جەستەی خۆیان دەبەن و بەناچاری دەکەونە نێو تۆڕی باندەکان و ژێر چەپۆکی مافیا بێڕەحمەکان و لە دواجاردا پەنا بۆ خۆسووتاندن و یان خۆ کوشتن و دەستبردن بۆ کۆتایی هێنان بە ژیانی خۆیان دەبەن، لەولاوەش دەسەڵاتداران و میدیا و تیڤییەکانییان وەک ئەوەی مێش میوانیان نەبێ و لافی ئەوە لێدەدەن کە نیشتمانەکەمانییان کردۆتە بەهەشتێکی گەورە و مرۆڤەکان لەوپەڕی ئاسوودەییدا دەژین . هەر لەو ڕوانگەیەوە چۆمسکی لەبارەی میدیاوە پێیوایە ، لە سیستەمی سەرمایەداری و مۆدێرندا میدیا کاری گەمژەکردنی خەڵک دەبینێت . یان چۆن ئەنگلس دەڵێت / هەر ڕژێمێک خاوەنی ژێرخانی کۆمەڵگە بێت لە هەمانکات خاوەنی سەرخانی گۆمەڵگەش دەبێت . واتە کاتێک تۆ بنەماو سەرچاوە ئابوورییەکانت کۆنترۆڵ کردبێ ، ئیدی دەتوانی هەموو شتێک کۆنترۆل بکەیت و ببیت بە خاوەنی هەموو شتێک ، هەر لە مزگەوت و کلێسا و ئەدەب و هونەر و هەموو سەنتەر و ناوەندەکانیش .... لە بەرژەوەندی دەسەڵاتەکەت بەکاریان بهێنیت !. لە ڕاستیدا ئەم کتێبە خوێندنەوەی زۆر قووڵتر و هەمەلایەنەتر لەخۆدەگرێت . من لێرەدا بە نووسەری ئەم کتێبە دەڵێم ، دەست وپەنجە و قەڵەمەکەت هەر گوڵبگرن ، کارێکی نایابت کردووە ، بە قەڵەمی بوێری وبە فرمێسکەنتان ئەم چەند دێرەتان پێنووسیم ، سڵاو لە داهێنان .


                                                       ١٦ / ٦ / ٢٠٢٦


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا