
حەمەسەعید حەسەن
ئه‌و ده‌قه‌ی ڕه‌خنه ئاوڕی لێ نه‌داته‌وه، له مردن نزیک ده‌بێته‌وه، مه‌به‌ستم ڕه‌خنه‌ی ڕاسته‌قینه‌یه، نه‌ک هی ساخته. ڕه‌خنه‌ی ساخته، زاده‌ی شتگه‌لێکه که هیچ پێوه‌ندییان به ده‌قه‌که‌وه نییه. ڕه‌خنه‌ی ڕاسته‌قینه، کارێک ده‌کات، خوێنه‌ر به تامه‌زرۆیییه‌وه، ده‌قی جوان بخوێنێته‌وه. ده‌قی جوان، زاده‌ی زمانی جوانه، ئاخر داهێنان له زماندا خه‌ست ده‌بێته‌وه. (گه‌وره‌ترین کاره‌سات که ده‌قێک له ژیانیدا تووشی ده‌بێت، ئه‌وه‌یه له‌به‌ر تیشکی بڕیارێکی پێشوه‌ختدا بیخوێنینه‌وه.)
که ده‌نووسیت، پێویسته هه‌ر ڕسته‌یه‌کت توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت، وه‌ک دهنکهشقارتهیهک، مۆمی تێکسته‌که‌ت دابگیرسێنێت. که ده‌نووسیت، ده‌بێت به ته‌واوی به سه‌ر زمانی دایکتدا زاڵ بیت، ئاخر ئینسان زاده‌ی زمانی دایکیه‌تی. ئێمه به هۆی زمانه‌وه، ده‌توانین بیر بکه‌ینه‌وه، چونکه فیکر له ده‌ره‌وه‌ی زمان، هه‌بوونی نییه. (که ئه‌وه‌ی گوتووته، مه‌به‌ستت نه‌بووه بیڵێیت، که ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستت بووە بیڵێیت، توانای گوتنیت نەبووە، ئیدی ده‌ست له نووسین هه‌ڵبگریت، چاکتره.) ده‌بێت به شێوازێکی ئاسان، ده‌رباره‌ی ئه‌و شتانه بنووسین که خوێنه‌ر چاوه‌ڕییان ناکات و کارێک بکه‌ین، هه‌میشه خوێنه‌ر به‌ره‌و ڕووی کوتوپڕی ببێته‌وه و به ڕوونی باسی شتی قووڵ و به ساکاری باسی شتی ئالؤز و به شێوه‌یه‌کی ئاسایی باسی شتی سه‌یر بکه‌ین.
بۆ ئه‌وه‌ی شتێکی نوێ بڵێین، پێویسته له سفره‌وه ده‌ست پێ بکه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له سفره‌وه ده‌ست پێ بکه‌ین، ده‌بێت خۆمان له بازنه‌ی که‌له‌پوور قوتار بکه‌ین. نووسه‌ر هه‌ر ئازاد نییه، به‌رپرسیشه، به‌رپرسه له‌وه‌ی به گژ ناشیرینییهکاندا بچێته‌وه، هه‌وڵی چه‌سپاندنی جوانی بدات، تروسکه‌ی هیوا نیشانی نائومێدان بدات و (زه‌رده‌خه‌نه بخاته سه‌ر لێوی شکستخواردووان، تا بە ناهەق سه‌رکه‌وتووان چێژ له سه‌رکه‌وتنه‌که‌یان نه‌بینن.) من بۆیه ده‌خوێنمه‌وه، چونکه بێ خوێندنه‌وه هه‌ڵناکه‌م، من تامه‌زرۆی زمانی جوان و وێنه‌ی شیعریم. باشلا‌ر گوته‌نی: هێنده وه‌ختم به ده‌سته‌وه نه‌ماوه، به خوێندنه‌وه‌ی کتێبی لاوازه‌وه به فیڕۆی بده‌م.
(بارۆنی سه‌ر داره‌کان) ڕۆمانێکی نووسه‌ری ئیتالیایی (ئیتالۆ کالڤینۆ 1923 - 1985)یه، عه‌تا نه‌هایی له فارسییه‌وه کردوویه به کوردی. (کۆزیمۆ)ی قاره‌مانی ڕۆمانه‌که، به دوازده ساڵی له ڕێساکانی خێزانه خانه‌دانه‌که‌ی یاخی ده‌بێت و تا کۆتایی ژیانی، تا ته‌مه‌نی ده‌گاته شه‌ست و پێنج ساڵ، هه‌ر له‌سه‌ر دره‌خته‌کان ژیان به‌سه‌ر ده‌بات و هه‌رگیز پێی ناکه‌وێته‌وه سه‌ر زه‌وی، ئاخر له سه‌ره‌مه‌رگدا به هۆی باڵۆنێکه‌وه ده‌فڕێت و دواتر (ده‌که‌وێته نێو که‌نداوێکه‌وه. ل296) ڕۆماننووسین، بریتییه له هونه‌ری گێڕانه‌وه، ئیتالۆ کالڤینۆ، هێنده به‌سه‌ر هونه‌ره‌که‌یدا زاڵه، به درێژایی نزیکه‌ی چوارسه‌د لاپه‌ڕه، باسی په‌نجا و سێ ساڵ له ته‌مه‌نی کاره‌کته‌ره‌که‌ی دەکات که به‌سه‌ر دره‌خته‌کانه‌وه، ژیان ده‌گوزه‌رێنێت، بێ ئه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌که‌ی تاقه یه‌ک ڕسته فره‌وێژیی پێوه دیار بێت. گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌مووشتزان برای قاره‌مانی ڕۆمانه‌که‌یه که له کۆزیمۆ گچکه‌تره، وه‌لێ ته‌نیا له تاقه به‌شێکی ڕۆمانه‌که‌دا (به‌شی 27) کۆزیمۆ خۆی ده‌بێته گێڕه‌ره‌وه. ئه‌م ته‌کنیکه که ئیتالۆ کالڤینۆ په‌نجا ساڵێک به‌ر له ئێستا به سه‌رکه‌وتوویی به کاری هێناوه، تازه‌کی له ڕۆمانی کوردی‌دا سه‌ری هه‌ڵداوه.
گرنگ ئه‌وه نییه ڕۆمانێکی درێژ بنووسین، گرنگ ئه‌وه‌یه چرای په‌رۆشیی خوێنه‌ر بۆ ته‌واوکردنی ڕۆمانه‌که هه‌تا دوا دێڕه‌کانی هه‌ر داگیرساو بێت. بارۆنی سه‌ر داره‌کان، که جوانتر وابوو، به کوردی ناوی (بارۆنه داره‌وانه‌که) بێت، یه‌کێکه له‌و ڕۆمانانه‌ی خوێنه‌ر به تاسه‌وه، دوای ڕووداوه‌کانی ده‌که‌وێت. له‌م ڕۆمانه‌دا که فانتازیا ڕۆڵیکی کاربڕ وازی ده‌کات، چونکه قاره‌مانه‌که‌ی خوێنه‌رێکی چالاکه، ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه بایه‌خێکی زۆریان پێ دراوه و چونکه نووسه‌ره‌که‌ی داهێنه‌ره، قاره‌مانێکی هێنده تایبه‌تی خوڵقاندووه، ئه‌سته‌مه هه‌رگیز له بیری خوێنه‌ر بچێته‌وه.
نازانم ڕۆمانی (ڕۆبنسۆن کروزۆ)ی (دانیاڵ دیفۆ 1660 - 1731)تان خوێندووه‌ته‌وه یان نا؟ بارۆنی سه‌رداره‌کانی ئیتالۆ کالڤینۆیش ڕۆمانێکه له‌و بابه‌ته. دانیاڵ دیفۆ باسی بیست و هه‌شت ساڵ له ژیانی ڕۆبنسۆن کروزۆ ده‌کات که له دوورگه‌یه‌کی دوورهدهستتدا به سه‌ری بردووه و کالڤینۆیش په‌نجا و سێ ساڵ له ته‌مه‌نی کۆزیمۆ به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه که به‌سه‌ر داره‌کانه‌وه ژیاوه. گه‌رچی ده‌شێت کالڤینۆ سوودی له دیفۆ وه‌رگرتبێت، وه‌لێ سوودوهرگرتنهکهی ته‌واو وه‌ک سوودوه‌رگرتنی هه‌نگه له گوڵ که له شیله، هه‌نگوین چێ ده‌کات. گه‌رچی بارۆنی سه‌ر داره‌کان، ئه‌و ناوبانگه‌ی ڕۆبنسن کروزۆی نییه، وه‌لێ یه‌کێکه له‌و ڕۆمانانه‌ی که به هه‌ق شیاوی خویندنهوهن. کاڵڤینۆ که به چوارسه‌د لاپه‌ڕه‌یه‌ک باس له ژیانی کۆزیمۆ له ناو سروشتدا ده‌کات، هێنده شاره‌زایانه باس له دره‌خت، گژوگیا و گیانه‌وه‌ر ده‌کات، ته‌نانه‌ت (کارڵ ڤۆن لینێ 1707 - 1778)یش که به‌ناوبانگترین زانای ئه‌و بوارانه‌یه و خۆی ناوی له دره‌خت، گوڵ، گیا و گیانه‌وه‌ره‌کان ناوه، ئه‌گه‌ر زیندوو ببێته‌وه، هه‌ڵه‌یه‌ک له ڕۆمانه‌که‌دا نابینیته‌وه.
(ئاخرییه‌که‌ی دایکمان بڕیاری دا، مل به واقیعه‌که بدات و کۆزیمۆ به‌و شێوه‌یه وه‌ربگرێت که هه‌یه. ل60) ده‌شێت یه‌کێک له په‌یامه‌کانی ڕۆمان ئه‌وه‌بێت، پێ له‌سه‌ر جیاوازییه‌کان دابگرێت و باسی فره‌ده‌نگی و فره‌ڕه‌نگی بکات. کۆزیمۆ به‌سه‌ر دهرهختهکانهوه سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌یه و ئاگاداری بیر و بۆچوونه‌کانی ڤۆلتێر و ڕۆسۆیه. کۆزیمۆ (بۆ ئه‌وه نهچووبوووه سه‌ر داره‌کان، تا له‌و سه‌ره‌وه به‌سه‌ر خه‌ڵکیدا بمیزێت، ل86) (بۆ ئه‌وه له زه‌وی دوور که‌وتبووه‌وه، تا چاکتری ببینێت. ل199) یه‌کێک له خه‌وشه‌کانی ڕۆمانی کوردی ئه‌وه‌یه، ڕۆمانێکی درێژ ده‌خوێنیته‌وه و تووشی ڕسته‌یه‌ک نابیت، که‌مه‌ندکێشت بکات و ناچارت بکات، هێڵێک به‌ژێریدا بهێنیت و لای خۆت بینووسیته‌وه و پێت وابێت هه‌قه ئه‌و ڕسته‌یه به ئاوی زێر تۆمار بکرێت، ڕسته‌یه‌کی وه‌کوو: (ئه‌گه‌ر شتێک له خه‌ڵک زیاتر بزانم، ده‌بێت که پێویستیان پێی بوو، پیێان ببه‌خشم، به بۆچوونی من، فه‌رمانده‌یی ئه‌وه‌یه.ل150) مه‌رج نییه ڕۆمان به زمانێکی شیعری بنووسرێت، وه‌لێ له ڕۆماندا، ڕسته‌ی شیعری سه‌رنج ڕاده‌کێشێت و له یاده‌وه‌ریی خوێنه‌ردا ده‌مێنێته‌وه. (سه‌گه‌که هه‌ڵده‌هات و هه‌ڵده‌هات، تا ئه‌وه‌ی که ته‌نیا فاریزه‌یه‌ک له‌ناو مێرگه‌که‌دا ده‌بینرا که کلکی بوو، پاشان ئه‌ویش ونبوو. ل205) له ڕۆمانی کوردی‌دا، به ده‌گمه‌ن خوێنه‌ر تووشی ڕسته‌یه‌کی شیعری دێت.
ڕۆمانه‌که به زمانێکی جوان کراوه به کوردی که هه‌قه ئه‌وی کوردییه‌کی وه‌ک ئه‌وه‌ی عه‌تا نه‌هایی نازانێت، خۆی له قه‌ره‌ی وه‌رگێڕان نه‌دات. جێی داخه له (ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م)دا، نووسه‌رێک نییه، شاره‌زاییه‌کی باشی له زمانی کوردی‌دا هه‌بێت و به‌و كتێبانه‌دا بچێته‌وه که ده‌زگاکه بڵاویان ده‌کاته‌وه، ئه‌گه‌رنا بڵاوکراوه‌کانی له هه‌ڵه، به تایبه‌تی هه‌ڵه‌ی ڕێنووس و ڕێزمان، تژی نه‌ده‌بوون. ئه‌وه جێی سه‌رسووڕمانه، ده‌زگایه‌کی وه‌ک سه‌رده‌م، نه ڕێنووسێکی هاوبه‌شی هه‌بێت و نه بایه‌خ به زمان بدات، که‌چی پێی وابێت، ئه‌و (زمان)هی ڕه‌چاوی ده‌کات، شیاوی ئه‌وه‌یه، ببێته زمانی ستانداردی کوردی! وه‌رگێڕ نووسیویه‌تی: (هیچ موشکیله و گرفتێکی نه‌بوو. ده‌ستچنه‌کانی به نه‌خشه و خه‌ریته‌ی جوغرافیا ده‌ڕازانده‌وه. گۆشه و زاویه‌ی جۆراوجۆر.)(*) وه‌رگێڕ به هه‌ر مه‌به‌ستێک ئه‌و وشه هاوواتایانهی به دوو زمان دووپات کردبێته‌وه، هه‌ر زیانی به ده‌قه‌که گه‌یاندووه.
*
(*) ئیتالۆ کالڤینۆ، بارۆنی سه‌ر داره‌کان، وه‌رگێڕانی: عه‌تا نه‌هایی 2007 ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی.